بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەحاڵێکدا هێشتا ژمارەیێک لە نوێنەرانی ئەنجومەنی ئەمەریکا داوا دەکەن تورکیا لەسەر کڕینی ئیس 400ی ڕووسی سزا بدرێت، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە باس لە ئەگەری گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی وەبەر هێنانی ئیف35 دەکات.
ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کە دەقی لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەی بڵاو کردۆتەوە، لە زاری مارک ئیسپر وەزیری بەرگریی ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە: "ئەگەر تورکیا پەشیوان بێتەوە و واز لە سیستەمی بەرگریی ئیس400ی ڕووسی بێنێت مومکینە چانسی دووبارەی پێبدرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ پڕۆژەی ئیف35".
ناوبراو جەختی کردەوە ئەگەر تورکیا بەتەواوی دەست لەو سیتەمە هەڵبگرێت و لە وڵاتەکەی بیاتە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکەی بگوازێتەوە ئەمەریکا پرسی گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی وەبەرهێنانی ئیف35 تاوتێ دەکات.
ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دیمیتری شۆگاییڤ لەبەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان و لەكاتی بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی فرۆكەوانی و گەردوونی ماكس -٢٠١٩ لە مۆسكۆ رایگەیاند: رووسیا ئامادەیە هاوكاری توركیا بكات بۆ بەرهەمهێنانی فرۆكەی جەنگی نیشتمانی، جەختیشی كردووەتەوە، كە ئەوان دەتوانن بزوێنەری فرۆكە و ئامێرەكانی جەنگی ئەلیكتۆنی بۆ توركیا دابین بكەن.
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئەو بەرپرسە رووسییە راشیگەیاندووە مۆسكۆ ئامادەیە لەرێگای هەماهەنگی لەبواری پیشەسازی بەرگری گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتەوە بكات، سەرباری ئەوەی رێبەرانی هەردوو وڵات خواستی خۆیان پیشان داوە بۆ زیادكردنی هەماهەنگی لەو بوارەدا.
ئەو سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە، كە گفتوگۆكان لەنێوان رووسیا و توركیا لەسەر بابەتی فرۆشتنی فرۆكەی "سو-٣٥" و "سو-٥٧" دەستیان پێكردووە.
شۆگاییڤ باسی لەوەش كردووە، كە توركیا زۆر گرنگی بەو فرۆكانە دەدات ، لەگەڵ ئەوەش هێشتا زووە باس لەرێكەوتن بكرێت لەسەر ئەو بابەتە، چوونكە هێشتا داواكاری فەرمی لەلایەن توركیاوە بۆ كڕینی ئەو فرۆكانە پێشكەش نەكراوە، بەڵام لەگەڵ هاوتا توركەكەم ئیسماعیل دەمیر سەرۆكی پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا گەنگەشەی ئەو بابەتانە دەكەین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment