پەرلەمانی کوردستان داوای ئاشکرا کردنی داهاتی نەوتی هەرێم دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت لیژنەکەمان کۆ دەبێتەوە و یەکێک لەو پرسە گرنگانەی قسەی لەسەر دەکەین ئاشکرا نەکردنی داهاتی نەوت و ئەو گرێبەستانەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کردوویەتی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاندووە: رۆژی چوارشەممە لیژنەکەمان کۆ دەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە گرنگەکان کە قسەی لەسەر دەکەین ئەوەیە کە پێشتر داهاتی نەوت تەنها لەلایەن چەند کەسێک و لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش تەنها لای وەزیری ئەو وەزارەتە هەبووە و تائێستاش هیچ زانیارییێکی ئەوتۆ لەبارەی داهاتی نەوت ئاشکرا نەکراوە.

ئازاد گەڵاڵی باسی لەوەش کرد، ئێمە داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی حکوومەت کردووە بۆ شەفافیەت لە داهاتی نەوت و گرێبەستەکان و بۆ ئەوەش تائێستا هیچ کەسێک بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دیاری نەکراوە و سەرۆکی حکوومەت بەوەکالەت لەگەڵ دەستەیەک لە ناو ئەنجومەنی وەزیران مەلەفی نەوت بەڕێوەدەبەن و بڕیارە لە داهاتوویێکی نزیکدا وەزیرێک بۆ ئەو وەزارەتە دیاری بکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد "وەکوو لیژنەکەمان بەدواداچوونی خۆمان دەکەین و لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانیش قسەیان لەسەر ئەوەکردووە کە هاوکار دەبن لە ئاشکرا کردنی زانیارییەکان، بەڵام بەداخەوە تائێستاش جگە لە راپۆرتەکانی دیلۆیت کە بەداخەوە خۆشمان زۆر متمانەیان پێی نییە هیچ زانیارییێکمان بەدەست نەگەیشتووە و پێویستە رونکردنەوەی زیاتر بدرێت لەسەر داهاتی نەوت".

ئازاد گەڵاڵی وتیشی: "داوامان کردووە لەو پرۆژە چاکسازییەی باس دەکرێت و دەهێنرێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان، تەنها چاکسازی لە خەرجیا نەکرێت بەڵکوو شەفافیەت لەو داهات و حساب بانکییانەی سامانە سروشتیەکان هەیەتی و هەم ئەو پارەیەش دەدرێتە وەزارەتی دارایی هەبێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 85984

Your Comment

You are replying to: .
captcha