حزبە کوردستانییەکان بەرپرسی سەرەکیی بارودۆخی ئێستای کەرکووکن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جەمال حویز نوێنەری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی، جەخت دەکاتەوە کە تەعریب جارێکی دیکە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناکۆکیی نێوان حزبە کوردستانییەکان و لاواز بوونی پێگەی کورد لەو ناوچانەدا.

کوردپرێس: پاش دەست بەکار بوونی پەرلەمانی نوێی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێم هەندێک ڕاپۆرتی لەبارەی دووبارە دەست پێکردنی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە ئامادە کرد و ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەم کۆمیسیۆنە وێڕای هۆشدار لەبارەی درێژەدان بە تەعریب داوای لە حکوومەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کۆتایی بەو هەوڵە بێنن و لەبارەی پاشهاتەکانی تەعریب و پەراوێز خستنی کوردەکان هۆشداری دا.

جەمال حویز جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدراەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچە جێناکۆکان و ئەو ناوچانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە و لە کونترۆڵی سیاسی و سەربازیی حکوومەتی ناوەندیی عێراقدان بە کوردپرێسی وت: بارودۆخی ناوچە جێناکۆکەکان ئێستا زۆر خراپن لەبەر ئەوەی ئێستا سوپای عێراق بەتەنها ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات، داعش خەریکی بونیات نانەوەی هێزەکانیەتی بۆ شاهیدی ئەم ئیدیعایەش ڕۆژانە داعش چالاکی هەیە و لە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیل دەکوژێت.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ جەمال حویز نوێنەری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان:

کوردپرێس: یەکێک لەو بابەتانەی کە پێشتر ئێوە وەکوو لێژنە جەختتان لەسەری کرد باسی تەعریب بوو ئەکرێت ئەم بابەتەمان بۆ ڕوون بکەنەوە؟

جەمال حویز: دیارە ئێستا تەعریب بەردەوامە لەبەر ئەوەی کە دوای 16ی ئەکتەوبر بارودۆخێکی نوێ هاتە کایەوە و حکوومەتی عێراقی هەر لە خانەقین هەتا شەنگال دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت کە پێشمەرگە بە خۆێنی خۆی ڕزگاری کردبوو بە تایبەتی ئێستا کە جێگری موحافیز بە ناشەرعی دەسەڵاتەکانی کەرکووک بەڕێوەدەبات و زۆر لە مەسلەحەتی عەرەبە تەعریبچییەکان هەڵسووکەوت دەکات بۆیە ئێمە لە لیژنەکەی خۆمان هەوڵ ئەدەین لەگەڵ برادەرانی ئەندام پەرلەمانی کورد سەردانی بەغدا بکەین و هەم سەرۆک کۆمار ببینین هەم ئەو لیزنانەی کە وابەستەن بە مادەی 140ەوە بیانبینین و هەوڵێک بدەین کە ئەو تەعریبە ڕابگیردرێت، ئەو غەدرەی لە جووتیارە کوردەکان کراوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئێمە ئەو بەرنامەمان هەیە کە سەردانی بەغدا بکەین.

کوردپرێس: بەرپرسی بارودۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کێیە؟

جەمال حویز: بەدەرەجەی یەک کورد خۆی بەرپرسە چوونکە ئێمە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا یەکڕیز نین، ئەگەر یەکڕیز و یەکدەنگ بین هەم حکوومەتی مەرکەز هەم ئەوانەی ئێستا کەرکووک بەڕێوە دەبەن ناتوانن ئەو تەسەڕوفانە بکەن.

کوردپرێس: پێشتر پارتی و یەکێتی لەسەر دەستنیشان کردنی تەییب جەبار وەکوو پارێزگاری کەرکووک ڕێککەوتن، بەڵام تا ئێستا پاش تێپەڕینی دوو مانگ لەو ڕێککەوتنە هیچ هەوڵێک لەمبارەیەوە نەدراوە بە ڕای ئێوە هۆکارەکەی چییە؟

جەمال حویز: هۆکارەکەی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا یەک لەو بەندانەی کە پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێککەوتوون جێبەجێ نەکراون. واتا تا ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کە زۆربەیان برادەرانی پارتین بەڕێوەنەچوو و پارتی نەچوونەتە ژێرباری کۆبوونەوەکە کە وابوو لە دەرەجەی یەکەمدا پارتی ناهەتووتە سەر خەت بۆ ئەو ڕێککەوتنە کە لەگەڵ یەکێتی ئەنجامی داوە.

کوردپرێس: حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی یەکێک لە بابەتەکانی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان داناوە ئایا ئۆمیدێک هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان؟

جەمال حویز: بەڵێ ئێمە ئۆمێدمان هەیە پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر بچن و ئەگەر پێوەندییەکان باشتر کران و سەرکەوتن بەدەست هات بە تەئکید لە ناوچە جێناکۆکەکانیش ڕەنگدانەوەی دەبێت و ئەوانیش بەرەو باشی دەچن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 85983

Your Comment

You are replying to: .
captcha