داوا ده‌کرێت هه‌ماهه‌نگیی نێوان گومرگی ئێران و هه‌رێمی کوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- قایمقامی قه‌زای چۆمان له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌رپرسانی گومرگی حاجی ئۆمه‌ران له‌ دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رکۆنسووڵی ئێران داوای فراوانکردنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان به‌رپرسانی گومرگیی هه‌ر دوو دیوی سنووریان کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کۆنسووڵخانه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا نووسیویه‌تی: ئه‌حمه‌د قادر قایمقامی قه‌زای سه‌رسنووری چۆمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی حاجی ئۆمه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به‌ ئاماده‌بوونی خۆیان له‌ کۆنسووڵخانه‌ی ئێران چاویان به‌ نه‌سروڵڵا ڕه‌شنوودی سه‌رکۆنسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێر که‌وت و پیرۆزباییی پۆسته‌ نوێکه‌یان لێکرد و هیواشیان خواست په‌یوه‌ندیی باشی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌ ماوه‌ی چالاکییه‌که‌ی ناوبراودا فراوانتر بکرێت و به‌تایبه‌ت په‌ره‌ به‌ هاوکاریی بازرگانی و ئابووریی بدرێت.

قایمقامی چۆمان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی حاجی ئۆمه‌ران له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشچوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندیی خۆیانیان ده‌ربڕی و گوتیشیان ئاماده‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنێکی هاوپه‌یوه‌ند به‌ سنوور و پێکهێنانی کۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌رپرسانی گومرگه‌کان هاوکاریی پێویست بکه‌ن.

قایمقامی چۆمان گوتیشی: لای خۆیانه‌وه‌ ئاماده‌ن هه‌موو هه‌ماهه‌نگییێک بکه‌ن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕێوشوێنی ئه‌منی و ڕێکخستنی سنووری حاجی ئۆمه‌ران ئه‌وه‌ش به‌ هاوکاریی هه‌ر دوو دیوی سنوور.

سه‌رکۆنسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێریش خۆشحاڵیی خۆی له‌ دیداره‌که‌ ده‌ربڕی و جه‌ختی کرده‌ سه‌ر زه‌رووره‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ژێرخانه‌کان و ئاسانکاری‌کردن بۆ کاروباری بازرگانی و گومرگی و ئه‌منی ئه‌وه‌ش بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دووقۆڵی.

نه‌سروڵڵا ڕه‌شنوودی گوتیشی: به‌مزووانه‌ کۆبوونه‌وه‌یێکی هاوبه‌شی په‌یوه‌ندیدار به‌ سنووره‌که‌وه‌ بۆ تاوتوێ‌کردنی ڕێکاره‌کانی ئاسانکاری‌کردن و فراوان‌کردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85979

Your Comment

You are replying to: .
captcha