بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی برێت مەکگۆرک نێردراوی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەپرسانی حکوومەتی هەرێم، هێنانی هەمان پەیامی وڵاتانی ترە کە بە باشی دەزانن دانووستاندنەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا دەست پێبکات.
فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەداوە کە بەغدا یەک بەغدا نییە و زۆر دەسەڵاتی تیادایە و دەشڵێت تا ئێستا ئەو ئاماژانەی لە بەغداوە دەردەکەون ئەوە نیشان نادەن کە حکوومەتی نێوەندی عێراق ئامادەیە لەم قۆناغەدا و لەم ڕۆژانەدا ئامادەی دانیشتن بێت و دەڵێت دوور نییە پاش ماوەیێکی تر دانیشتنەکان دەستپێبکەن.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی: یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی هاتنی مەکگۆرک بۆ هەرێم ئەوەیە کە حکوومەتی ئەمریکا و کاربەدەستانی ئەمریکاش خۆیان دادەنێن بە دۆستی هەرێمی کوردستان و دەشیانەوێت پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکەن.
فوئاد حوسەین ئەوەشی وتووە: لەگەڵ هەموو ئەو نەهاتنە پێشەوانەی عێراقدا هەرێم بڕیاریداوە پابەندی ئەوە بێت کە دانیشتنەکان هەر لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەبن و هەروەها لە درێژە کێشانی ئەم ڕەوشەی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا بۆ هیچ لایێک باش نییە.
لە کۆتایی وتەکانیدا ناوبراو ئەوەشی وتووە: زۆر وڵات کاریگەرییان هەیە لە سەر سیاسەتی بەغدا و بە تایبەتیش لە ڕەفتاری بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بەڵام لە کۆتاییدا بەغدا خۆی خاوەنی بڕیارە و دەشڵێت هەر بۆیە دەبێت پەیوەندییەکان و دانووستاندنیش هەر لەگەڵ بەغدادا بێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە برێت مەکگۆرک سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و جەختی لە گرنگی دانووستاندنی نێوان هەرێم و حکوومەتی نێوەندی عێراق کردۆتەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان لە سەر بنەمای دەستووری عێراق.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment