بوونی په‌که‌که‌ له‌ شه‌نگال نایاسایییه‌/ سێبه‌ری قورسی داعش له‌سه‌ر نه‌ینه‌وا ماوه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌عید مه‌موزینی سیاسه‌توانی کوردی عێراقی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ده‌ڵێت: هۆکاری لاوازبوونی دۆخی ئه‌منیی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ نه‌بوونی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و لێکدابڕانی هێزه‌ عێراقییه‌کان له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئاماده‌بوونی په‌که‌که‌ش له‌ شه‌نگال نایاساییه‌.

کوردپرێس: ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان پاش کۆتایی هاتنی شه‌ڕی داعش گۆڕانکاریی زۆری به‌خۆوه‌ بینی و ئه‌مجاره‌یان ململانێی نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق کێشه‌یێکی دیکه‌یه‌ له‌م ناوچانه‌دا. ململانێیێک که‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌کانی حکوومه‌تی فیدڕاڵ و کۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غدا کۆتایی پێهات. له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا بینیومانه‌ خواستی کورده‌کان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ و جه‌خت‌کردنیان له‌سه‌ر توانا نه‌بوونی حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌ دابین کردنی ئاسایشی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کانه‌. ئه‌م وتانه‌ هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازیی عێراقییه‌وه‌ ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ دانووستانه‌کان له‌ نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کان و دروست‌کردنی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ دابین‌کردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامێکی نه‌بووه‌ یان لانیکه‌م ڕانه‌گه‌یێندراوه‌.

کوردپرێس گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌مباره‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌عید مەموزینی سیاسه‌توان و شرۆڤه‌کاری عێراقی ئه‌نجام داوه‌ که‌ له‌ درێژه‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌:

کوردپرێس: له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا باس له‌ زیاتربوونی جموجووڵی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان به‌تایبه‌ت داعش ده‌کرێت. ئێستا دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ چۆنه‌؟

سه‌عید مه‌موزینی: له‌ ڕاستیدا داعش جموجووڵی زۆر بووه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژیش زۆرتر ده‌بێت. ئێستاش ته‌قریبه‌ن شه‌وانه‌ شاری مووسڵ له‌ ده‌ستی داعشدایه‌. ئه‌وه‌ی دیاره‌ ده‌یکوژن و ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها پاره‌ش له‌ خه‌ڵک ده‌سێنن. له‌م مه‌نته‌قه‌ی به‌عاج و حه‌زه‌ری سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ ئاشکرایی وجوودیان هه‌یه‌ و له‌ نێوان سووریا و عێراقیشدا ئاشکرا هاتوچۆ ده‌که‌ن. هه‌ر دوێنێش بوو که‌ 16 تیرۆریستی داعش له‌ مه‌نته‌قه‌ی گه‌یاره‌ له‌ باشووری مووسڵ ده‌ستگیر کران. هه‌روه‌ها 3 تیرۆریستی داعشیش له‌ ده‌رگیرییێک له‌وێ کوژران، که‌واته‌ جموجووڵه‌که‌ی هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و له‌ ناو مووسڵ به‌یاننامه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ ده‌که‌ن و له‌ مه‌نتقه‌ جێناکۆکه‌کان به‌تایبه‌ت ده‌شتی نه‌ینه‌وا بوونیان هه‌یه‌.

کوردپرێس: له‌ ئێستادا هێزێکی زۆر سه‌ر به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ند که‌ پێکهاتوون له‌ سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی‌تر له‌و ناوچانه‌دان. هۆکاری ئه‌م فره‌هێزیه‌ چییه‌؟ ئایا داعش فره‌ بووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌م هێزانه‌ ناتوانن به‌رگری له‌ ناوچه‌که‌ بکه‌ن؟

سه‌عید مه‌موزینی: له‌ ڕاستیدا داعش به‌هێز نه‌بووه‌ که‌ بڵێین به‌هێز بووه‌. داعش ئیستیفاده‌ له‌و ناکۆکییانه‌ ده‌کات که‌ له‌ نێوان سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبیدایه‌. هه‌روه‌ها به‌پێی یاسای پێش ئێستا سێ هێز بڕیار بووه‌ ئاسایشی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بپارێزن له‌وانه‌ هاوپه‌یمانان، پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق. به‌ وته‌ی یاسا ئه‌و هێزه‌ چه‌کدارانه‌ی که‌ مووسڵیان ئازاد کرد ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی مووسڵ و پۆلیسی فیدڕاڵی ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌که‌. ئێستا مووسڵ حاڵه‌تێکی عه‌سکه‌ریی پێوه‌ دیاره‌ له‌ حاڵێکدا شار نابێت عه‌سکه‌ری بێت. ئه‌منییه‌ت له‌م شاره‌دا به‌م بۆنه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌م هێزانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ یه‌کگرتوو بن که‌واته‌ یه‌ک له‌ هۆکاره‌کانی ئه‌م ناکۆکییه‌ په‌رته‌وازه‌ییی نێوان هێزه‌ عێراقییه‌کانه‌. هۆکارێکی دیکه‌ش هاوکاری‌کردنی داعشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ وڵاتان‌ که‌ نامه‌وێت ناویان ببه‌م.

کوردپرێس: ماوه‌ی 8 مانگه‌ لیژنه‌یێک هه‌م له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ و هه‌م له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقه‌وه‌ پێکهێنراوه‌ بۆ گفتوگۆی نێوانیان بۆ هه‌ماهه‌نگیی زیاتر و هه‌روه‌ها گفتوگۆ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌. بۆچی ئه‌م گفتوگۆیانه‌ پاش 8 مانگ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجام؟

سه‌عید مه‌موزینی: پێشکه‌وتن دروست بووه‌ له‌ دانیشتنه‌کاندا به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی هێشتا دیار نه‌بووه‌ که‌ هیوادارین ده‌ربکه‌وێت. به‌ ڕای من پێشکه‌وتنی باش هه‌یه‌ له‌ گفتوگۆکاندا یه‌عنی ئێستا له‌ نێوان هه‌رێم و حکوومه‌تی به‌غدا لێکنزیکبوونه‌وه‌ ده‌بینین که‌ ئێمه‌ هیوادارین به‌ ئامانجێکی کۆتایی بگات و ئامانجه‌که‌شی باش بێت.

کوردپرێس: پێتان وایه‌ پێشمه‌رگه‌ بتوانێت هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی پێشووی له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کاندا هه‌بێت یان بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌م ناوچانه ‌به‌ مه‌رجه‌وه‌ قبووڵی ده‌که‌ن؟

سه‌عید مه‌موزینی: ئاسۆیێکی گه‌ش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان هه‌یه‌. بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ش ئێستا گفتوگۆکان به‌رده‌وامن. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌ شوێنێک ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌بێت هه‌رگیز ناڕواته‌ ئه‌وێ. که‌ پێشمه‌رگه‌ بیه‌وێت ئه‌منییه‌ت بپارێزێت و ئه‌گه‌ر بوونی پێشمه‌رگه‌ نه‌بێته‌هۆی ئه‌منییه‌تی ناوچه‌یێک هۆکارێک بۆ مانه‌وه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌دا نامێنێت.

کوردپرێس: پێش شه‌ڕی داعش له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ کورد پێگه‌یێکی تایبه‌تی هه‌بوو به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وادا. له‌ ئێستادا پاش نه‌مانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌دا دۆخی کورد چۆنه‌؟

سه‌عید مه‌موزینی: ئێستاش پێگه‌ی کورد له‌ مووسڵ زۆر به‌هێزه‌ و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش کورده‌ و سه‌ر به‌ پارتییه‌. هه‌روه‌ها جێگری یه‌که‌می پارێزگا کورده‌ و پارتییه‌. ئێمه‌ وه‌کوو پارتی 10 کورسیمان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌ر پۆستێکیش دابنرێت به‌ ڕاوێژکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌دا داده‌نرێت. به‌ گشتی کورد پێگه‌یێکی باشی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای مووسڵ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت کورد باوه‌شی بۆ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌کان کرده‌وه‌ که‌ هاتنه‌ هه‌رێمی کوردستان و هاوکاری کردن و هیچ فه‌رق و جیاوازی نه‌کرد له‌ به‌ینی ئه‌وه‌ی که‌ که‌سێک کورده‌ یان عه‌ره‌به‌ یان مه‌سیحییه‌ و هه‌موویانی به‌ یه‌ک چاو سه‌یر کرد ئه‌مه‌ش ته‌ئسیراتی ئیجابی هه‌بوو.

که‌وایه‌ نه‌مانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌م ناوچانه‌دا ته‌ئسیری له‌سه‌ر پێگه‌ی به‌هێزی کورده‌کان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وادا نه‌بووه‌ و هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ حیزبه‌ کوردییه‌کان هێشتا له‌م ناوچه‌یه‌دا جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌.

کوردپرێس: دۆخی شه‌نگال له‌ ئێستادا چۆن ده‌بینن؟

سه‌عید مه‌موزینی: من ئێستا دۆخی شه‌نگال باش نابینم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا ئاواره‌کان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌که‌یان و هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌منییه‌ت له‌ شه‌نگال هێشتا بوونی نییه‌ و جموجووڵی داعش به‌ ڕوونی ده‌بینرێت له‌به‌ر ئه‌مه‌ش تا ئه‌منییه‌ت نه‌پارێزرێت و پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌نگال وه‌زعه‌که‌ به‌پێی پێویست نییه‌.

کوردپرێس: تا چه‌نده‌ په‌که‌که‌ به‌رپرسه‌ له‌م دۆخه‌ی که‌ ئێستا له‌ شه‌نگال هه‌یه‌؟

سه‌عید مه‌موزینی: ته‌بعه‌ن په‌که‌که‌ نابێت له‌ شه‌نگال ببێت. شوێنی خه‌باتی په‌که‌که‌ له‌ سنووره‌کانی نێو کوردستانی تورکیایه‌. وجوودی په‌که‌که‌ له‌ شه‌نگال شتێکی یاسایی نییه‌ بۆیه‌ش په‌که‌که‌ هه‌رچی زووتر له‌م ناوچانه‌دا بڕوات هه‌م بۆ په‌که‌که‌ باشتره‌ هه‌م بۆ خه‌ڵکی مه‌نته‌قه‌که‌.

هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ شه‌نگال به‌ ناو نه‌ماون به‌ڵام هێزه‌کانی سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ به‌ ناوی جۆربه‌جۆر وه‌کوو یه‌به‌شه‌ و ناوی جۆراوجۆر ماون و مووچه‌ له‌ حکوومه‌تی ناوه‌ند وه‌رده‌گرن به‌پێی زانیاری من. هۆکاری ئه‌وه‌یش که‌ حکوومه‌تی ناوه‌ند مووچه‌ی به‌ هێزێک داوه‌ که‌ له‌ وڵاتێکی دیکه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌ کاتی خۆیدا بۆ شه‌ڕی داعش که‌ڵکی لێوه‌رگرتوون. له‌ سه‌رده‌می عه‌بادیدا هه‌ندێک هه‌ڵه‌ کراوه‌ که‌ ئه‌مه‌ش یه‌ک له‌ هه‌ڵه‌کان بوو. په‌که‌که‌ کاتێک هات قبووڵ ده‌که‌م که‌ هاوکاری خه‌ڵکه‌که‌ی کرد دژی داعش به‌ڵام که‌ داعش نه‌ما حه‌قه‌ بڕواته‌وه‌ و نابێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ هه‌میشه‌ داگیر بکات.

کوردپرێس: له‌ ئێستادا حکوومه‌تی ناوه‌ند قایل به‌مه‌ نابێت که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌نگال و دیکه‌ی ناوچه‌کان ئاماده‌ بێت به‌ڵام هیچ کێشه‌یێکی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ نییه‌. هۆکاره‌که‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

سه‌عید مه‌موزینی: من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ نازانم ئه‌بێت هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌بووبا مووسڵ ئازاد نه‌ده‌کرا یانێ هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو که‌ مۆڵه‌تی دا هێزی عێراقی بێن و بڕۆن مووسڵ ئازاد بکه‌ن که‌واته‌ له‌ دیدی من ده‌شتی نه‌ینه‌وا هه‌مووی قه‌رزاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌ و شه‌نگالیش هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ئازادی کرد به‌ فه‌رمانده‌ییی جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85910

Your Comment

You are replying to: .
captcha