بێوه‌ژنه‌کانی داعش ژنێکی ئێزدیی عێراقییان کوشت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- چالاکێکی مه‌ده‌نیی کوردی سووریا ڕای‌گه‌یاند: ئافره‌تێکی بیست ساڵه‌ی ئێزیدی له ‌ناو که‌مپی په‌نابه‌رانی هۆل که‌ ده‌که‌وێته‌ پارێزگای حه‌سه‌که‌ له‌ سووریا له‌سه‌ر ده‌ستی ژنان و کچانی چه‌کدارانی داعش له ‌ناو که‌مپه‌که‌ کوژرا.

کوردپرێس:

عیسا سه‌عدۆ چالاکی مه‌ده‌نیی کوردی سووریا گوتی: "له ‌ناو که‌مپی هۆل که‌ به ‌زۆری خێزانی چه‌کدارانی داعشی تێدایه‌، ئافره‌تێکی ئێزیدی 20 ساڵه‌ که‌ کاتی خۆی چه‌کدارانی داعش ڕفاندبوویان به‌هۆی لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌دانه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ست داوه‌".

ناوبراو گوتیشی: هۆکاری ئه‌و کاره‌ دڕندانه‌یه‌ی ژنانی چه‌کدارانی داعش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ئافره‌ته‌ ئێزیدییه‌که‌ ویستوویه‌تی خۆی ده‌رباز بکات و بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ناو که‌سوکاره‌که‌ی.

ئه‌و ئافره‌ته‌ ئێزیدییه‌ له‌ ساڵی 2014 له‌لایه‌ن چه‌کدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشه‌وه‌ وه‌ک سه‌دان ئافره‌ت و کچی ئێزیدی‌تر له ‌دوای داگیرکردنی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری ڕفێنرابوو، دواتر بازرگانی پێوه‌ کراوه‌ و له ‌بازاڕه‌کانی مووسڵ و ڕه‌قه‌ کڕین و فرۆشتنی پێوه‌ کراوه‌ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پاککردنه‌وه‌ی دوایین مۆڵگه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ و ئازادکردنی ژماره‌یێکی زۆر کچ و ژنی ئێزیدی هێشتا ژماره‌یێکی زۆر له‌و ڕفێنراوانه‌ له ‌ناو که‌مپی هۆلدا ماون و له ‌ترسی ژنانی چه‌کدارانی داعش ناوێرن که‌مپه‌که‌ به‌جێبهێڵن و بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ناو خێزان و که‌سوکاریان.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ شیخمۆس ئه‌حمه‌د به‌رپرسێکی کوردی سووریا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ژماره‌یێک له‌ ژنانی داعش زۆر مه‌ترسیدارن و ئێمه‌ش به‌ بۆنه‌ی که‌موکورتی ئیمکاناته‌وه‌ ناتوانین ڕێگری له‌ ڕوودانی ئه‌م جۆره‌ ڕووداوانه‌ بکه‌ین.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85894

Your Comment

You are replying to: .
captcha