کوردپرێس: رۆژنامەی تایمز-ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە گرووپی تیرۆریستیی داعش، بڵاوی کردوەتەوە "ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی گرووپی داعش دۆخی تەندروستیی جێگیر نییە و توانای بەڕێوەبردنی ئەو گرووپەی نەماوە و ئەرک و کارەکانی بە عەبدوڵا قارداش سپاردووە کە ئەفسەرێکی عێراقی سەردەمی بەعس بووە".
رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە "عەبدوڵا قارداش دوای ساڵی 2003 و لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بە تۆمەتی پەیوەندیی بە گرووپی ئەلقاعیدە لە زیندانێکی بەسرە دەستبەسەر بووە و دواتر ئازادکراوە.
رۆژنامەی تایمز بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە مەبەستی بەغدادی لە دانانی قارداش بۆ رێکخستنەوەی گرووپی داعشە لە رووی سەربازیی و لۆجیستیکییەوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ پلانی نوێی ئەو گرووپە بۆ سەرهەڵدانەوەی.
ئەگەرچی شارەزایان پێیان وایە بەغدادی لە رووی وتار و پەیامەوە ئامادە نییە دەستبەرداری داعش ببێت، بەڵام پێویستی بە کەسێکی سەربازیی وەک عەبدوڵا قارداش هەیە بۆ رێکخستنەوەی کاروباری سەربازیی ئەو گرووپە.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمەریکی بڵاوی کردبووەوە، کە داعش خاوەنی 400 ملیۆن دۆلارە و نزیکەی هەشت هەزار چەکداری هەیە و پلانی هەیە بۆ سەرهەڵدانەوە لە سووریا و عێراق.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment