کورده‌ كاكه‌ییه‌كان بۆ یۆنامی: چاودێری له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌منیی داقوق بكه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندێكی كاكه‌ییه‌كانی قه‌زای داقوق یادداشتێکیان پێشکه‌شی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق کرد که‌ تێیدا داوای ڕه‌وانه‌كردنی هێزی زیاتری سه‌ربازی و پاراستنی ئه‌منییه‌تی سنووره‌كه‌یان کرد تا له‌ زێدی خۆیاندا بمێننه‌وه.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 21ی ئابی 2019 شاندێكی دانیشتوانی كاكه‌ییی گونده‌كانی تۆپزاوه‌، زه‌نقه‌ر و عه‌لی سه‌رای قه‌زای داقوق له‌ پارێزگای كه‌ركووک له‌گه‌ڵ جێنین هێنس پڵاسچارت نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق (یونامی) كۆ بوونه‌وه‌.

ڕه‌‌جه‌ب عاسی چالاكوانی كاكه‌یی و به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ (كه‌ركووک ناو)ی وت: "باسمان له ‌ڕه‌وشی كاكه‌ییه‌كان كرد و ڕاپۆرتێكمان ڕاده‌ستی یونامی كرد تا ئه‌وان چاودێری له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌منی و ئابووریی كاكه‌ییه‌كانی داقوق بكه‌ن".

ناوبراو زیادی کرد: داواكارییێكی‌تری كاكییه‌كان بۆ یونامی دروست كردنی فشار بووه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراقی تا هێزی زیاتر ڕه‌وانه‌ی سنووری داقوق بكات و "ئه‌وانیش به‌ڵێنیان دا داواكارییه‌كان بگه‌یه‌ننه‌ شوێنی مه‌به‌ست و هه‌وڵی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی بده‌ن."

به‌پێی ئامارێكی ناڕه‌سمی، نزیكه‌ی 50 خێزان له‌ هه‌فته‌كانی ڕابردوودا ماڵه‌كانیان له‌ گونده‌كانی باشووری قه‌زای داقوق چۆڵ كردووه‌ كه‌ زۆرینه‌یان له‌ پێكهاته‌ی كاكه‌یین و ئه‌وه‌ش دوای زنجیره‌یێک هێرشی چه‌كداریی، ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب و بۆردومانكردنی چڕی چه‌ند گوندێكی ناوچه‌كه‌ هات.

ئه‌و گوندانه‌ كه‌ مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ پێكهاته‌ی كاكه‌یین سه‌ر به‌ قه‌زای داقوق (44 كم باشووری كه‌ركووک) و بڕیاری كۆچ كردنیشیان دوای بێ ئومێدبوونیان هات له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان و پاراستنی ژیانیان.

سامان ئیبراهیم كه‌سایه‌تی كاكه‌ییی داقوق و ئه‌ندامی شانده‌كه‌ بۆ لای یونامی به‌ (که‌رکووک ناو)ی وت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی بارودۆخی گونده‌كانمان كرد كه‌ به‌ ته‌واوی به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌ڕۆن بۆ نموونه‌ گوندی زه‌نقر كه‌ پێشتر نزیكه‌ی 120 خێزانی تێدا بوو ئێستا ته‌نیا شه‌ش خێزانی تێدا ماوه به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌".

پێشتر و له‌ 18ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ لێپرسراوانی نووسینگه‌ی كه‌ركووكی یونامی له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی قه‌زای داقوق و گوندنشینان و جووتیاران كۆ بوونه‌وه‌ بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێک له‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و دۆخی ئه‌منی که‌ ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ردانێكیاندا هات بۆ ئه‌و قه‌زایه‌.

هه‌ر له‌م مانگه‌دا ژماره‌یێک له‌ كه‌سایه‌تی و سه‌رۆک هۆزه‌كانی داقوق بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌ردانی به‌غدایان كرد و چاویان كه‌وت‌ به‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆمار و یاسین یاسری وه‌زیری ناوخۆ و به‌شێک له‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان.

ئه‌و سه‌ردانه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات سه‌رۆک هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی قه‌زاكه‌ له‌ په‌یامێكدا بۆ سه‌رۆک كۆمار و حكوومه‌تی ناوه‌ندی هۆشدارییان دا له‌ چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان ئه‌گه‌ر گه‌ره‌نتی پاراستنی ژیانیان نه‌درێت له‌ داقوق.

قه‌زای داقوق بۆ چه‌ند ساڵێک زۆربه‌ی سنووره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85853

Your Comment

You are replying to: .
captcha