کۆمپانیایێکی ئیماراتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان زیاد ده‌کات

به‌شی جیهان- کۆمپانیای نیشتیمانیی وزه‌ی ئه‌بووزه‌بی ڕای‌گه‌یاند که‌ ئامارێکی نوێ بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌ هه‌رێمی کوردستان تۆمار کردووه‌ و مانگانه‌ زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کۆمپانیای نیشتیمانیی وزه‌ی ئه‌بووزه‌بی (TAQA) باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ توانیویه‌تی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌ کێڵگه‌ی نه‌وتیی ئه‌تروشی هه‌رێمی کوردستان بۆ زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رز بکاته‌وه‌ و ئامارێکی نوێ تۆمار بکات.

کۆمپانیاکه‌ ڕاشی‌گه‌یاندووه‌: له‌ ئێستادا ڕۆژانه‌ 34 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ کێڵگه‌ی نه‌وتی ئه‌تروش به‌رهه‌م دێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ پێشبینیی کۆمپانیاکه‌ بۆ سێ مانگی دووهه‌می ساڵی 2019 یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌ و کۆمپانیاکه‌ش زیادکردنی به‌رهه‌م به‌ ده‌ستکه‌وتێکی گرنگ ده‌زانێت.

سه‌عید زاهری به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاریی کۆمپانیاکه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: تۆمارکردنی ئاماری نوێی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی لێهاتوویی و پلانداڕێژیی فه‌رمانبه‌رانی کۆمپانیاکه‌ وه‌ده‌ست هاتووه‌ و کۆمپانیاکه‌مان هه‌وڵ ده‌دات به‌رده‌وام بێت له‌ ئاراسته‌کردنی خزمه‌تگوزاری به‌ شه‌ریکه‌کانی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ بواری وزه‌.

عه‌بدولخالق عامری به‌ڕێوه‌به‌ری ژێرخانه‌ نه‌وتییه‌کانی کۆمپانیاکه‌ له‌ عێراق ته‌ئکید له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی کێڵگه‌ی نه‌وتی له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: کۆمپانیاکه‌مان 300 هێزی له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ که‌ زۆرینه‌یان کوردی هه‌رێمی کوردستانن.

کێڵگه‌ی نه‌وتیی ئه‌تروش به‌ دووری 85 کیلۆمه‌تر ده‌که‌وێته‌ باکوووری خۆرئاوای هه‌ولێر و له‌ ساڵی 2017ه‌وه‌ نه‌وتی لێ ده‌رده‌هێنرێت. تاکوو ئێستا 17 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو له‌م کێڵگه‌یه‌دا به‌رهه‌م هێنراوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌م کێڵگه‌یه‌ به‌رز بکرێته‌وه‌.

کۆمپانیای تاقه‌ له‌ عێراق 47.4 له‌سه‌دی پشکه‌کانی ئه‌و کێڵگه‌یه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و پشکی هه‌رێمی کوردستانیش 25 له‌سه‌ده‌. 27.6 له‌سه‌دی دیکه‌ی پشکه‌کانی ئه‌م کێڵگه‌یه‌ له‌ ده‌ستی کۆمپانیای جه‌نێراڵ ئیکسپلۆریشن پارتنرزه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85842

Your Comment

You are replying to: .
captcha