کوردپرێس:
پۆڵات جان نێونەری هێزەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و لە دیمانەکەیدا جەخت لە سەر دەوربینینی کورد لە دامەزراندنی هاوپەیمانیی دژەداعش دەکاتەوە و دەڵێت: هیچ هێزێک لە ئاقاری ئەمڕۆکەی سووریا نەیتوانیوە وەک کورد و هاوپەیمانیی کوردی-عەرەبی-سریانی شان بە شانی هاوپەیمانیی دژەداعش شەڕی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بکات.
فەرماندە باڵاکەی یەپەگە دەشڵێت: هێزەکانی ئێمە توانای خۆیانیان سەلماندووە. هاوکاریی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی دژەداعش پاش 2014 دەستی پێکرد و ئەوەش ئەو کاتە بوو کە هێزەکانی هاوپەیمانان پاش سەرف کردنی چەندین ملیار دۆلار بۆ هێزەکانی دیکە نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت بۆیە کوردی هەڵبژارد.
پۆڵات جان یارمەتییەکانی هاوپەیمانان بۆ کوردی سووریا لە شەڕی دژبەداعش بە ئیجابی وەسف دەکات و دەڵێت ئەمریکییەکان هاوکاریی باشی هێزەکانی ئێمەیان کرد لە شەڕی داعشدا و ئەو هاوکارییان زیادیش دەکەن.
نوێنەری یەپەگە لە هاوپەیمانیی دژەداعش لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیاشەوە ئەوەی بۆ هەواڵنێری کوردپرێس ئاشکرا کرد کە بە هیچ شێوەیێک ڕێگە نادەن تورکیا بچێتە ناو خاکی سووریاوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: ئەگەر بڕیار بێت ناوچەی ئارام دابمەزرێت پێویستە ئەو ناوچە ئارامە هەموو سنووری سووریا بگرێتەوە و هەلومەرجی ئێمەش ڕچاو بکرێت و تورکیا واز لە هەڕەشەکانی بۆ هێرش کردن و هاتنە نێو خاکی سووریا بهێنێت.
Your Comment