وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر

دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمشەو ئانگرێت کرامپ، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش بکەن.

کوردپرێس:

شەوی چوارشەمە 21ی ئابی 2019 ئانگرێت کرامپ، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و له‌لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا. ئەوەش پاش ئەوەی لە بەغدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و چەند ئەندامێکی کابینەکەی و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆ بوویەوە.

ئەڵمانیا وەک یەکێک لە وڵاتە ئەندامەکانی نێو هاوپەیمانی دژی داعش لە سەرەتای هاتنی چەکدارانی داعش و هێرشکردنەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاری بۆ پێشمەرگەی کرد و بەردەوامیشە لە راهێنان و مەشقپێکردنی پێشمەرگە.

پێشکەشکردنی چەک و تەقەمەنی بە هێزەکانی پێشمەرگە یەکێک بوو لە ستراتیژیەتی ئەڵمانیا لە شەڕی دژ بە داعشدا. لەو ماوەیەدا، ئەڵمانیا زیاتر لە دوو هەزار تۆن چەک و تەقەمەنی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە کرد، کە بەبڕی زیاتر لە 95 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

یەکێک لە چەکە گرنگەکان، چەکی میلانە، کە چەکێکی بەهێزە و رۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە تێکشکاندنی هێرشە خۆکوژییەکانی داعش، کە بە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان ئەنجامیاندەدا.

هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا زیاتر لە 150 راوێژکاری سەربازی پلە یەکی وڵاتەکەی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و مەشق و راهێنانیان بە نزیکەی پێنج هەزار پێشمەرگە کردووە.

پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان ئاسۆیێکی فراوان، بە داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت و دەرفەتێك دەداتە بواری ئابووری و سیاسی و سەربازیی کوردستان، چوونکە ئەڵمانیا لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان و کاریگەریی لەسەر هاوکێشە نیودەوڵەتییەکان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

ئانگرێت کرامپ، وەزیری نوێی بەرگریی ئەڵمانیا کێیە؟

-لە 9ی ئابی 1962 لە ئەڵمانیای رۆژئاوا لەدایک بووە.

- 1985-1988 سەرۆکی کۆمەڵەی ئافرەتانی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکرات بووە.

- ئاداری 1998 تاوەکو تشرینی یەکەمی 1998 ئەندامی پەرلەمان بووە.

- 1999-2018 ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی سارلاند بووە.

- 2011-2018 سەرۆکی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکرات بووە لە هەرێمی سارلاند.

- 2011-2018 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی سارلاند بووە.

- شوباتی 2018 کانوونی یەکەمی 2018 سکرتێری گشتی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکرات بووە.

- لە 7ی کانوونی یەکەمی 2018ەوە بووە سەرۆکی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکرات.

- لە 17ی تەممووزی 2019 بووە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا.

News Code 85821

Your Comment

You are replying to: .
captcha