بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتی شەھیدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "دوای کارکردنێکی زۆر توانیومانە شوێنی دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد لە بیابانی عێراق دەستنیشان بکەین و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داھاتوودا دەست بە هەڵدانەوەی یەکێک لەو گۆڕانە بکرێت و لە لایەن تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە کار بۆ ئەوە دەکرێت بە شێوازێکی زانستیانە ھەڵبدرێنەوە".
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوتیشی: "ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵە ھی قوربانیانی کوردە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوودا، بەڵام تا پڕۆسەی هەڵدانەوەی دەستی پێ نەکرێت ناتوانین بڵێین ھی خەڵکی کام ناوچەن و پێویستە لە لایەن تیمی تایبەت و پشکنینی زانستییەوە ڕوفاتی نێو گۆڕەکان دیاری بکرێن".
پەیوەست بە ڕوفاتی ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەی مانگی ڕابردوو ھەڵدرانەوە، سیروان سیروان جەلال ڕوونی کردەوە: لەنێو ھەردوو گۆڕەکەدا ڕوفاتی ١٧١ کەس ھەبوو، ئێستا ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون بۆ دەستنیشان کردنی ناسنامەی ئەو قوربانیانە، چوونکە پکشنینی ئێسکیان بۆ دەکرێت و دواتر سامپلی خوێن لە کەسوکاریان وەردەگیرێت بۆ بەرواردکردنیان.
ناوبراو ئاشکرای کرد: "دوای دیارکردنی ناسنامەی ئەو ١٧١ ڕوفاتە بە ڕێوڕەسمی فەرمی دەگوازرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێن، ئەم جارە کۆدی ھەر ڕوفاتێکیش لەسەر گۆڕی شەھیدەکە دەنووسرێت بۆ ئەوەی ھەر خێزانێک گۆڕی شەھیدەکەی دیار بێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment