بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتە روو: وەک لە بەشێکی لێدوانەکانی رۆژی 14/11/2017ی عەبادیدا دەبیندرێت زمانی ھەرەشە و ھەنگاوی یەکلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ھێشتنەوەی دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێککەوتنە ھاوبەشەکانە.
پەرلەمانی کوردستان، ھۆشداری ئەوەشی داوە: لە مڕووەوە پەرلەمانی کوردستان ھۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەکان و ئەو شێوازی ھەڕەشانەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەکە و پابەندبوون بە دەستوور ناکات.
دەقی راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان:
ھەروەک ئاشکرایە رۆژی 14/11/2017 ، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا کۆمەڵێک بابەتی ورووژاند کە مایەی ھەڵوەستە لە سەرکردنە، پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات بە پێویستی دەزانێت بۆ دوور کەوتنەوە لە زمانی ھەرەشە و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو لە نێوان ھەردوولا ھەرچی زووە دەرفەتی دانووستاندنی راشکاوانە بڕەخسێندرێت و حکوومەتی فیدڕاڵی دووربکەوێتەوە لە راگەیێندراوی میدیایی و راڤەکردنی تاکلایەنانەی ماددە دەستوورییەکان بەبێ وەرگرتنی را و سەرنجی لایەنی ھەرێمی کوردستان.
لە بەر رۆشنایی سەرجەم ئەو بڕیار و راگەیێندراو و لێدوانە فەڕمییانەی کە لە ماوەی رابردوو لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاو کراونەتەوە جەخت لە سەر یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکان کراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەمەش ئامادەییێکی روون و ئاشکرای ھەرێمی کوردستانە و پەرلەمانی کوردستانیش لە راگەیەندراوی رۆژی 13/11/2017 ، ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستاندنەکان دووپات کردۆتەوە و بە ھەموو شێوەیێک پاڵپشتی لە ھەر ھەنگاو و رێکارێک دەکات کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بە گونجاوی دەزانێت و سەر پشکی کردووە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستان و کۆتایی ھێنان بە ناکۆکییەکان.
بەڵام وەک لە بەشێکی لێدوانەکانی رۆژی 14/11/2017ی عەبادیدا دەبیندرێت زمانی ھەرەشە و ھەنگاوی یەکلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ھێشتنەوەی دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێککەوتنە ھاوبەشەکانە.
لەم ڕووەوە پەرلەمانی کوردستان ھۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەکان و ئەو شێوازی ھەڕەشانەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن ل ەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەکە و پابەندبوون بە دەستوور ناکات.
بنەمای لێکگەیشتنی ھاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا تەنھا دانووستاندنە بەشێوازێکی دۆستانە و راشکاوانە لەگەڵ یەکتری نەوەک تاکلایەنانە بڕیاردان.
بۆیە پێویست بوو حکوومەتی فیدڕاڵی لە بەرامبەر وەڵامی ئەرێنیی و دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 14/11/2017، بەڕوونی و نووسراوی فەڕمی لە راگەیێندراوی خۆیدا بڵاوکردەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی کرد ھەڵوێستێکی ئەرێنیی تریان ھەبوایە و دەرگا بۆ دانووستاندنەکان واڵا بکرابایە کە ئەمەش خزمەت بە سەرەوەریی یاسا و پاراستنی دەستوور دەکات.
لە کۆتاییدا..
پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە مافەکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووری عێراقدا ھاتوون روون و رەوایە و داکۆکییان لێدەکەین و پێویستە پارێزراوبن.
ھەموو رێککەوتنەکانیش کە لە رابردوودا ئەنجام دراون لە نێوان ھەردوولادا بەگشتی ببنە بنەمای دانووستاندنێکی بەرھەمدار، بە پێچەوانەوە ھەروەک لە راگەیێندراوی ھاوبەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە لە رۆژی 13/11/2017 ، بژاردەی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کراوەیە و پەرلەمانی کوردستان دەستەبەری کۆدەنگیی بۆ دەکات ئەگەر حکوومەتی عێراق دەرفەتی دانووستاندن و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.
سەرچاوە: باس نیووز
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment