بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاوی كردەوە، چوار فراكسیۆنی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە خاوەنی ٥٩ كورسین و ژمارەیێک پلە و پۆستی باڵا وەک سەروک كۆمار و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و وەزارەتی رۆشنبیری، هەورەها جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشیان بەدەستەوەیە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ١٧ لەسەدی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق پەسەند بكرێت.
ئاژانسەكە بڵاویشی كردەوە، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری كەم كردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بۆ سەدا 12.67، كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پڕۆژە یاسای بۆ ئامادە كراوە، كشانەوەی خۆیان لە كایەكانی دەسەڵات لە عێراق رادەگەیێنن.
فراكسیۆنی پارتی:
بەشە بودجە كەم بكرێتەوە، ناگەڕێینەوە بەغدا
رێناس جانۆ وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان کە خاوەنی ٢٥ كورسییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئەگەر عێراق ئامادە بێت سەدا ١٧ی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ بنێرێت و ئامادەی گفتوگۆی ئاشتییانە بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوا فراكسیۆنەكەمان بڕیاری گەڕانەوە دەدات، بەڵام ئەگەر حكوومەتی عێراق سوور بێت لە سەر كەم كردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لەسەدا ١٧ بۆ لەسەدا 12.67 كشانەوەی خۆمان لە حكوومەتی عێراق رادەگەیێنین و ناگەڕێینەوە بەغدا".
رێناس جانۆ وتیشی: كشانەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران و كایە سیاسییەكانی عێراق كاریگەری گەورەی دەبێت، چوونكە لە ئێستادا دۆخی پێكهاتەی سوننە لە عێراق وەک پێویست نییە و ئەگەر كوردیش لە پڕۆسەی سیاسی بكشێتەوە، بە دڵنیاییهوە دۆخەكە گۆڕانكارییێکی گەورەی تێدەكەوێت.
فراكسیۆنی یەكێتی:
كەم كردنەوەی پشكی هەرێم، ناحەقییە بەرامبەر بە هاووڵاتییان.
ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کە خاوەنی ٢١ كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، پۆستی سەركۆمار و وەزارەتی رۆشنبیری عێراقیشی بەدەستەوەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی: هەوڵ دەدەین هەڵوێستی هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک بێت، خۆشبەختانە تا ئێستا یەک هەڵوێستین دەمانەوێت پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ لە لەسەدا ١٧ بێت نەک لە لەسەدا 12.67.
ئارێز عەبدوڵڵا وتیشی: "كەم كردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ لەسەدا 12.67 ناحەقییە بەغدا بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەیكات، هەتا سەرژمێری نەكرێت عێراق ناتوانێت پشكی هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە، ئێستاش لە هەوڵ و گفتوگۆداین بۆ ئەوەی پشكی هەرێم كەم نەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەغدا رژد بێت لە سەر كەم كردنەوەی پشكی هەرێم، بێگومان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵوێستێكی دیكەی دەبێت كە رەخنە گرتن دەست پێدەكات تا دەگاتە ئاستی كشانەوه لە پرۆسەی سیاسیی عێراق. بڕیاری كشانەوەشمان بە تەنیا نابێت، بەڵكوو هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە بڕیار دەدەین.
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان:
پشكی هەرێم كەم بكرێتەوە لە پرۆسەی سیاسی دەكشێینەوە.
مەسعوود حەیدەر نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان کە خاوەنی نۆ كورسی و پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، هەروەها وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیشی بەدەستەوەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتی: لە سەر پرسە نەتەوەییەكان پێویستە هەمووان یەک هەڵوێست بین، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە لە لایەن بەغدا كەم نەكرێتەوە، ئەگەر بەغدا سوور بێت لە سەر ئەوەی پشكی هەرێم لە لەسەدا ١٧ بۆ لە لەسەدا 12.67 كەم بكاتەوە، ئێمەش پێكەوە لەگەڵ هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەدەین".
یەكگرتووی ئیسلامی:
حكوومەتی عێراق دەیەوێت سزای هاووڵاتییانی هەرێم بدات.
موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان کە خاوەن چوار كورسییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: هەڵوێستی سیاسی لە كاتی خۆی و لە هەلومەرجدا دیاری دەكرێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین گفتوگۆكان هەتا كۆتا مەودا هەنگاو بنێن. دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیێكمان لەمبارەیەوە ئەنجام دا، هەموومان لە سەر ئەوە كۆک بووین كە ئەگەر بەغدا لە سەر برسی كردن و بێ نان و بێ مووچە كردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، دەبێت كارتی وازهێنان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كشانەوەی پەرلەمانتاران و سەركۆمار و وەزیران بەكار بهێندرێت، بۆ ئەوەی شەرعییەتی نیشتمانی لە حكوومەتی عێراق بسێندرێتەوە.
موسەننا ئەمین دەڵێت "فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی هەمیشە هاوڕا دەبێت لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە و ئامادەیە بۆ بڕیاری كشانەوە لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان نەک تەنها لەسەدا 12.67بە كەم دەزانێت وەک پشكی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو بەو داهاتەی ئێستا عێراق هەیەتی رەنگە لەسەدا ١٧ەش بەشی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نەكات.
لە بارەی كاریگەریی كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، موسەننا ئەمین وتی: كشانەوەی كورد كاریگەریی گەورەی دەبێت، یەكەم شەرعییەت لە حكوومەتی عێراق دەسەنێتەوە، دووەم دەنگدانەوەی نێودەوڵەتیی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، رەوایەتییێكی گەورە دەدات بە گشتپرسیی هەرێمی كوردستان كە هێشتا لە رووی یاسایییەوە ماوە، ئەوەش دەسەلمێنێت كە بۆچی كورد بیری لە ئەنجام دانی گشتپرسی كردووەتەوە، دەیسەلمێنێت كە حكوومەتی عێراق دەیەوێت سزای خەڵک بدات و دەیەوێت قووتی هاووڵاتییان ببڕێت.
كۆمەڵی ئیسلامی:
چاوەڕێ دەكەین پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.
ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەلی ئیسلامیی كوردستان کە خاوەنی سێ كورسییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی: حكوومەتی عێراق ماوەی ٢٤ رۆژە ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی دواخستووە، كۆمەڵی ئیسلامی لە ئێستادا چاوەڕوان دەكات كە ئەو پڕۆژە یاسایە بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئینجا قسەی لە سەر دەكەین و بڕیاری لە سەر دەدەین.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment