لە رابردوودا كورد بە ناواقیعی مامەڵەی لەگەڵ بەغدا دەكرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەلیم کۆیی ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیێنێت: "لە رابردوودا كورد بە ناواقیعی مامەڵەی لەگەڵ بەغدا دەكرد، بەڵام بۆ لەمەودوا دەبێت بە شێوەیێكی واقیعی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆیی لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە: "بەغدا رێككەوتن لەوەدا دەبینێتەوە كە بڕیارەكانی جێبەجێ‌ بكرێت، ئەگەر بەو شێوەیە بێت هەرێم زۆر بچووک دەبێتەوە، ئەوان بودجەی هەرێمیان كردووە بە %12، هەرێمیش دەبێت بەپێی ئەوە خۆی بگونجێنێت، هەرێمیش ناڵێت جێبەجێی ناكەم، بەڵام لەگەڵ ئەو بڕیارانەدا قسەی هەیە."

وەک ئەو ئەندامی سەرکردایەتییە ئاماژەی پێداوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراقە و بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی پشتیوانی دەكات، ئەگەر وابێت هەرێم زۆر زۆر بچووک دەبێتەوە، هەرێمیش لەوانە تێگەیشتووە و دەیەوێت لە ئێستادا خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بڕیارەكان.

کۆیی وتوویەتی: "لە رابردوودا كورد بە ناواقیعی مامەڵەی لەگەڵ بەغدا دەكرد، بەڵام بۆ لەمەودوا دەبێت بە شێوەیێکی واقیعی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت پێگەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی نێودەوڵەتی یەكبخاتەوە. لە رابردوودا لە شەڕی ئێران و عێراق ئێمە پێچەوانەی وڵاتانی نێودەوڵەتی كارمان دەكرد، لە ئێستاشدا كە عێراق بەهێزە و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، ناكرێت پێچەوانەی وڵاتانی نێودەوڵەتی كار بكەین".

کۆیی ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە هەرێمی كوردستان لە بەردەم دوو ئەگەردایە، یان وەک ئێستا دەمێنێتەوە، یاخود بەغدا وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ دەكات كە هەردووكیان لە بەرژەوەندیی كورد نین.

سەلیم کۆیی لە بارەی یەکڕیزی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە وتوویەتی: چۆن یەكڕیزی دروست دەبێت كە حزبێک هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت و هەیمەنەی حزب زاڵ بێت، وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوودا باسی كرد "نابێت چیدی كار بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی بكەین" هەرچەندە ئەو قسەیە بە مانای ئەوە دێت كە لەوە پێشتر كار بۆ شەخسی و حزبی كراوە."

بە بڕوای کۆیی "حكوومەتی رزگاری نیشتمانیش بۆ هەرێمی كوردستان ناگونجێت، ئەگەر لە ئێستادا شكستی هێناوە تۆ ناتوانیت ئەو شكستە پڕ بكەیتەوە چوونكە سەرتاپای شكست و ئاڵۆزییە، تەنانەت حكوومەتی عێراقیش ئێستا سەر لە حكوومەتی هەرێم دەرناكات.

سه‌لیم کۆیی پێی وایە بەپێی ئەو كارانەی لە رابردوو كردوویانە، دڵنیان لەوەی دەنگەكانی کۆمەڵی ئیسلامی زیاد دەكات بەڵام بە پێویستی دەزانێت بەر لە هەڵبژاردنەکان هاووڵاتییان ئاشت بكرێنەوە و متمانە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بچنەوە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

سەرچاوە: میللەت پرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8457

Your Comment

You are replying to: .
captcha