به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ڵگورد حیکمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕاگه‌یاندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان به ده‌نگی ئه‌مریکای وتووه: کۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و لایه‌نی عێراقی ئه‌نجام درا و ده‌ستکه‌وتی نه‌بوو و هێزی عێراقی که پێشتر جه‌ختیان ده‌کرده‌وه تا سنووره‌کانی پێش ساڵی 2014 پێشڕه‌وی ده‌که‌ن و ناچنه نێو خاکی هه‌رێمه‌وه ئێستا به‌نیازن سنووره‌کانی هه‌رێم ببه‌زێنن و بێنه ناو هه‌رێمی کوردستانه‌وه.
حیکمه‌ت زیادیشی کرد: ئێستاکه هێزی عێراقی سنووره‌کانی ساڵی 2003شی به‌زاندووه و جه‌خت ده‌که‌نه‌وه هێزی پێشمه‌رگه له نێو خاکی هه‌رێمدا ده‌بێت له‌ژێر چاودێریی ئه‌واندا له قه‌باره‌ی فه‌وجی بچووک بچووک و به بێ چه‌کی قورس و ته‌نها به چه‌کی سووک وه‌کوو کلاشنیکۆف چالاک بن و ته‌نها له‌و جێگایانه‌ی هێزی عێراقی دیاریی ده‌کات جێگیر بن.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه: شێوازی مامه‌ڵه و هه‌ڵسوکه‌وتی حکوومه‌تی به‌غدا له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه سووکایه‌تییه به‌و هێزه و شکاندنی شکۆ و که‌رامه‌تی پێشمه‌رگه و هه‌رێمی کوردستانه و به‌و شێوازه ده‌ستکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌کانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژ به داعشدا بێ‌نرخ پیشان ده‌درێت و ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه هه‌رگیز قبووڵ ناکرێت.
هه‌ڵگورد حیکمه‌ت گوتیشی: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پێشنیاری کردووه سنووری ئیبراهیم خه‌لیل و دیکه‌ی ئه‌و ناوچانه حکوومه‌تی عێراق به‌نیازه کۆنتڕۆڵیان بکات به شێوازی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن به‌غدا و هه‌ولێره‌وه ئیداره بکرێت به‌ڵام لایه‌نی عێراقی ئه‌و پێشنیاره‌شی قبووڵ نه‌کردووه و ته‌نانه‌ت هێزی سنوورهڤانی ناوچه‌که‌ش قبووڵ ناکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردن.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته ڕوو ئامانجی حکوومه‌تی به‌غدا له‌و پێشنیارانه‌ی خۆی ئه‌وه‌یه هێزی پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و ئه‌و پێشنیارانه‌ش هیچ عه‌قڵییه‌تێکی تێدا نییه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment