ڕاگه‌یاندنی پاڵپشتیی ئیسرائیل له‌ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵه‌ بوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- توێژه‌رێکی ئیسرائیلیی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی مووشه‌دایان ڕای‌گه‌یاندووه‌ پاڵپشتیی ئیسرائیل له‌ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵه‌ بوو و پشت به‌ستنی کورده‌کان به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ندی به‌ کاره‌سات ده‌زانێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عوفره‌ بینجۆ پڕۆفیسۆر و توێژه‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی مووشه‌دایان و پسپۆڕی پرسی کورده‌کان له‌ ئیسرائیل به‌ ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌ی وتووه‌: ڕاگه‌یاندنی پاڵپشتیی ئیسرائیل له‌ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان کارێکی هه‌ڵه‌ بوو و ئه‌و ڕژێمه‌ نه‌یتوانی له‌ کاتی خۆیدا یارمه‌تیی کورد بدات و ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی بێ ئۆمیدیی کورده‌کان.

هه‌روه‌هاش ناوبراو، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌دامی نوێ وه‌سف ده‌کات و جه‌خت ده‌کاته‌وه‌: نابێت کورده‌کان به‌و ئاسانییه‌ کارتی که‌رکووک به‌فیڕۆ بده‌ن و ده‌بێت لانی‌که‌م وه‌کوو کارتێکی گوشار بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌کاری بهێنێت.

به‌ وته‌ی بینجۆ که‌ له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا پێوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی سیاسیی کوردستانی عێراقدا بووه‌ تاکه‌ شتێک قازانجی کوردی تێدایه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیسرائیل دوژمنی ئێرانه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌توانێت یارمه‌تیی کورده‌کان بدات.

ناوبراو زیادی کرد: ئه‌وه‌ی که‌ وره‌ و هیوای کورده‌کان ئه‌وه‌نده‌ بشکێت که‌ هیوای زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقیان هه‌بێت کاره‌ساته‌ و ئێستاکه‌ش کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌رپرسانی حزبی و حکوومی و بازرگانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا ده‌ستیان به‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ی دارایی و بازرگانیی هه‌رێمدا گرتبوو و سامانێکی فراوانیان له‌ سه‌رچاوه‌ و سامانی هه‌رێم پاشه‌که‌وت کردووه‌ ئێستا ئه‌و دارایییه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌ست هاووڵاتییانی خۆیان چوونکه‌ به‌ برسی هێشتنه‌وه‌ی هاووڵاتییان به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.

عوفره‌ بینجۆ جه‌ختی کردۆته‌وه‌: نابێت سه‌رکرده‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌وه‌ زیاتر ببنه‌ هۆی بێ هیواییی خه‌ڵکی هه‌رێم و نابێت مۆڵه‌ت بده‌ن هاووڵاتییان گوشاریان له‌سه‌ر بێت و پشت به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ندی ببه‌ستن که‌ په‌یتا په‌یتا ناڕاسته‌وخۆ و به‌ به‌ڵێنی پێدانی مووچه‌ و فریوی ئابووری په‌یامی خۆی ده‌گه‌یێنێته خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8385

Your Comment

You are replying to: .
captcha