ئایا ئه‌مریکا پشت له‌ کورد ده‌کات؟

به‌شی جیهان- مامۆستایێکی زانستگای قادرهاس ده‌ڵێت: تورکیا هیوای به‌ پچڕینی پاڵپشتیی ئه‌مریکا له‌ کورده‌کانی سووریا هه‌یه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتۆی سه‌ده‌ی 21 پێی وایه‌ کورده‌کان مۆره‌یێکی به‌بایه‌خ بۆ ئه‌مریکا له‌ سووریا دێنه‌ ئه‌ژمار بۆیه‌ ئه‌وان به‌جێناهێڵن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ندێ له‌ ڕێبه‌رانی کوردی عێراق له‌وان مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێن: چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد ئه‌مریکا هه‌مبه‌ر هه‌وڵی عێراق بۆ گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان کورده‌کان به‌جێبێڵێت. ئێستاش به‌ نزیکبوونه‌وه‌ به‌ کۆتایی هاتنی داعش له‌ سووریاش ئاوه‌ها بابه‌تێک سه‌باره‌ت به‌ پچڕینی پاڵپشتی کردنی ئه‌مریکا له‌ کورده‌کانی سووریا له‌ ئارا دایه‌.

سۆلی ئۆزل له‌ زانستگای قادر هاوس بۆ VOAی وت: هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ کورده‌کانی عێراق له‌ ململانێ کردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی تورکه‌کان بۆ ئه‌و وڵاته‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورده‌کان بگۆڕدرێت.

ناوبراو زیادی کرد: کاتێک له‌ تورکیادا باسی بابه‌تی ڕیفراندۆم ده‌کرا له‌سه‌دا 200 دڵنیا بوو که‌ ئه‌مریکا له‌ پشتی ئه‌و بابه‌ته‌ دایه‌. به‌ڵام ڕیفراندۆم به‌ڕێوه‌ چوو و ئه‌مریکا کورده‌کانی فرۆشت. ڕوون بوو ئه‌مریکا لانی که‌م له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌یه‌ویست ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی دابمه‌زرێت.

ئه‌و کارناسه‌ی پرسه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئاماژه‌ ده‌داته‌ هیوای تورکیا به‌ پچڕینی پاڵپشتیی ئه‌مریکا له‌ کورده‌کانی سووریا و ده‌ڵێت: تورکیا هیوای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مێژووی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ له‌ کوردستانی عێراق بۆ کورده‌کانی سووریاش دووپات بکرێته‌وه‌.

ناوبراو زیادی کرد: ئایا ڕووداوه‌کانی کوردستانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ کورده‌کانی سووریاش دووپات ده‌کرێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ پرسیارێکی زۆر به‌بایه‌خه‌. من هه‌میشه‌ ئه‌و ڕه‌سته‌ نامرۆڤانه‌ی هێنڕی کیسینجێر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاته‌ی ئه‌مریکا که یارمه‌تیدان به‌ کورده‌کانی عێراق له‌ ده‌یه‌ی 1970ی پچڕی دێرمه‌وه‌ بیر. کیسینجێر ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌ ڕێکخراوی خێرخوازانه‌ نییه‌." ئایا ئه‌مریکا هه‌ر ئه‌و کاره‌ش به‌ کورده‌کانی سووریا ده‌کات که‌ به‌ کورده‌کانی عێراقی کرد؟ تورکیا هیوداره‌ که‌ وا بکرێت.

به‌ڵام هاڵدۆن سوڵماز تورک به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتۆی سه‌ده‌ی 21 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وتی: دۆخی ژئۆپۆلتیکی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کورده‌کانی سووریایه‌.

ناوبراو زیادی کرد: عێراق و سووریا بوونه‌ته‌ گرینگترین مه‌یدانی شه‌ڕی ئه‌مریکا و ڕووسیا. گۆڕه‌پانه‌که‌ وه‌کوو یاریی شه‌ته‌ره‌نج وایه‌ و کورده‌کان مۆره‌یێکی به‌بایه‌خ بۆ ئه‌و دوو وڵاته‌ن. بۆیه‌ هه‌ر دوو وڵات ده‌یانه‌وێت له‌ پێگه‌یێکی دۆستانه‌ له‌ به‌رانبه‌ریدا بوه‌ستێن. به‌م بۆنه‌وه‌ نه‌ ئه‌مریکا و نه‌ ڕووسیا کورده‌کان به‌جێ ناهێڵن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8381

Your Comment

You are replying to: .
captcha