بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووە: "لە دەستووری عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو سەرچاوەکانی نەوت پێویستە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵدا بێت".
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت وتیشی: "کۆنتڕۆڵ کردنی سامانی نەوت لەلایەن حکوومەتەوە بە مانای ئەوە نایێت کە لایەنێکی دیاریکراو دەست بە سەر ئەو سێکتەرەدا دەگرێت بەڵکوو هەموو سەرچاوەکانی نەوت بە شێوەیێکی دادپەروەرانە بە سەر خەڵكدا دابەش دەکرێت".
عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەش کرد: "کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و هاڤانا لە کەرکووک لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوەدەبرێن کە نزیکە لە دەسەڵاتی فیدڕاڵییەوە و لە ژێر چاودێریی وەزارەتی نەوتی عێراقدایە. هیچ کۆمپانیایێکی دیکەش ڕێگەی پێنادرێت بە بێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدڕاڵ لەو کێڵگە نەوتانەدا کار بکات".
عاسم جیهاد لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هۆشداری دا: "هەناردە کردنی نەوت بە بێ ئاگادار بوونی وەزارەتی نەوتی عێراق بە بەقاچاخ بردنی نەوت دادەنرێت و بە پێێ یاسا سزا دەدرێت".
ناوبراو جهختیشی کرد: کۆنتڕۆڵ کردنی نەوتی کەرکووک بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمدا بابەتێکە کە دەبێت لەلایەن حکوومەتی فیدراڵهوه بڕیاری لهسهر بدرێت نەک وەزارەتی نەوت چوونکە وەزارەتی نەوت تەنها لایەنی جێبەجێکارە.
عاسم جیهاد وتیشی: وەزارەتی نەوت چاوەڕوانی بڕیاری حکوومەت و سیاسەتمەدارانە لە سەر ئەو بابەتە.
لەلایێکی دیکەوە مەجیدە ئەلتەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە: "هەر ڕێککەوتنێک کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدات یاخود بە بێ ئاگادار بوونی حکوومەتی فیدراڵ ئەنجام بدرێت نایاسایییە".
ئەلتەمیمی وتیشی: حکوومەتی فیدراڵ قورسایی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتە ئەستۆی خۆی.
ئەو ئەندامەی لیژنەی داراییی پەرلەمان سەبارەت بە گۆڕینی ناوی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی باکوور لە بودجەی ٢٠١٨ی عێراقدا وتی : "حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەیەوێت زۆرترین ئیمتیاز لە حکوومەتی هەرێم بسێنێتەوە و لە نێویشیاندا هەناردە کردنی نەوت".
سەرچاوە: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment