شاندێکی حکوومەتی ھەرێم، سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و بەغدا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی دووشەممەیدا بڕیاری داوە شاندێک رەوانەی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر چارەسەریی کێشەکان و پێش ئەوەش لەگەڵ لایەنەکانی ھەرێم کۆ دەبنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێم رای گەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا شاندێک سەردانی بەغدا بکات، پێکھاتەی شاندەکە دیاری نەکراوە، بەڵام باس لەوە کرا کە شاندێک سەردانی بەغدا بکات".

عەبدولستار مەجید وتیشی، سەردانی شاندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بۆ لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بڕیارە سەردانەکان لە رۆژی چوارشەممەوە دەست پێبکات.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رای دەگەیێنێت، جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە لە چارەسەر کردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و داوای ھەموارکردنەوەی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە دەکات.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت ڕەشنووسی ‌پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨، چەندین ماددە و بڕگەی نادەستووری لە خۆی دەگرێت و بە ڕوونی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە مەبەست لێی فەرامۆش کردنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستانە کە لە دەستووری عێراقدا وەک ھەرێمێکی فیدراڵ دانی پێدا نراوە".

ھەروەھا، جەخت لەوە کراوەتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیالۆگ لە سەر بنەمای دەستووری عێراق بە تاکە ڕیگەی چارەسەر کردنی کێشەکان دەزانێت، ئامادەییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەر کردنی "ھەموو کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە سەر بنەمای دەستوور دووپات کراوەتەوە.

ئەوەش ھاتووە، مێژووش سەلماندوویەتی کە بە بەکارھێنانی ھێز و ڕێکاری سەربازی، ناتوانن ھیچ کێشەیێک چارەسەر بکەن.

سەرچاوە: خەندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8343

Your Comment

You are replying to: .
captcha