٥ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ١٠:٣٩
بەغدا پارێزگایێكی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەڕێگەی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بووجەی 2018ەوە، پارێزگای هەڵەبجە هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند: لە ڕەشنووسی بووجەی ساڵی 2018، كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادە كراوە، هەرێمی كوردستان تەنها بە سێ ناوی هاتووە، كە ئەوانیش پارێزگاكانیی سلێمانی و هەولێر و دهۆكە، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە ناوی نەهاتووە، ئەوەش دەری دەخات كە بەغدا ڕازی نییە وەک پارێزگا هەڵسوكەوت لەگەڵ هەڵەبجەدا بكات.

عەبدولقادر محەمەد وتیشی: " لەپرۆژەیاسای بووجەی ئەمساڵ، هەڵەبجە وەک پارێزگا پشكی هەبووە، بەڵام بۆ ساڵی 2018 ناوی لە ریزی پارێزگاكاندا لابراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوای ئەوەی لە لایەن حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵەبجە بەفەرمی وەک پارێزگا ناسێندرا، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەنگی لە سەر درا.

لەوبارەیەشەوە، عەبدولقادر محەمەد دەڵێت: راستە هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە وەک پارێزگا قبووڵ كرا، بەڵام حكوومەت لە دادگای فیدراڵی، تانەی لێگرت و بڕیارەكەش هەڵوەشایەوە".

ئەو پەرلەمانتارە، لە پەیامێكدا بۆ حكوومەتی هەرێم، داوای لێكردن لە كاتی ئەنجام دانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، پێداگری لە سەر ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگایێكی سەربەخۆ لە بووجەی ساڵی داهاتوو بكەن و ئەو بابەتەش بكەنە ئەمری واقیع.

سەبارەت بەزیاد كردنی پشكی هەرێم لە زیاد كردنی هەڵەبجە، عەبدولقادر محەمەد وتی: " ئەو ڕێژەی 12. 67%ی دیاریكراوە لە سەر بنەمای پارێزگا دیاری نەكراوە تا زیاد بكات یان كەم، بەڵكوو لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان دیاری كراوە.

سەرچاوە: SNN

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8260

Your Comment

You are replying to: .
captcha