بەپێی هەواڵی کوردپرێس فازڵ میرانی، لەمیانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەتی کردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق دەستی بەسەر خاڵە سنوورییەکانی ئیبراھیم خەلیل و فیشخاپووردا گرتبێت و دەڵێت''تا ئەم ساتەی من قسە دەکەم، حکوومەتی ھەرێم خاڵە سنوورییەکانی ئیبراھیم خەلیل و فیشخاپور بەڕێوە دەبات.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتە ڕوو،''بەپێی دەستووری عێراق خاڵە سنوورییەکان لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندیی عێراق، بە ھاوبەشی بەڕێوە دەبرێن و دەستووری عێراق نەیوتوە ئەو خاڵە سنوورییانە بەتەنھا عێراق، یان ھەرێم بەڕێوەیان دەبات، ھەر دوو لا بەھاوبەشی بەڕێوەی دەبەن و ئێمە کە دەڵێین، با بەپێی دەستووری عێراق کێشەکان چارەسەربکرێن، کەواتە بێگومان ڕازیین بەھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق خاڵە سنوورییەکان بەڕێوە ببەین.''
میرانی ئاماژەی بەوەش کردووە''ئێستا دوو مەترسیی ھەن لەسەر کوردستان یەکەم، لێکترازانی ھێزە ناوخۆییەکانی کوردستان، دووەمیش بێدەنگیی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو کارانەی عێراق دەیکات بەرامبەر ھەرێمی کوردستان.''
سەبارەت بەھەڵوێستی پارتی لەسەر داواکاری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و پێکھێنانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتيمانی، میرانی دەڵێت''حکوومەتی ڕزگاریی نیشتيمانی بەھۆکاری یاسایی دەکرێت و ئێستا ھیچ ھۆکارێکی یاسایی نییە، مەگەر ئەوەی لە ڕێگای کوودەتاوە ئەو حکوومەتە پێک بھێنن، بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی کەمینەیە، لەگەڵ ڕێزمدا بۆیان، بەڵام لە دنیادا نەبووە کەمینە خۆی بسەپنێت، بەسەر زۆرینەدا و بیەوێت داواکارییەکانی بە زۆرینە بچەسپێنێت.''
لە وەڵامی ئەوەی گرەنتی چییە بۆ ھاتنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ناو حکوومەت، جارێکی تر دەر نەکرێنەوە، وتوویەتی''گرەنتی ھەیە لە چەند مانگی پێشوو ئێمە داوامان لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناو حکوومەت و پەرلەمان، ھەموو مەرجەکانیان ھاتنە دی بۆ گەڕانەوەی پەرلەمان، بەس نەگەڕانەوە ناو حکوومەت.''
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment