به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی به‌ڕێز عه‌بادى ده‌كات بۆ دابین كردنی شایسته‌ی داراییی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كه ژماره‌یان ده‌كاته (1.249.481) مووچه‌خۆر و مانگانه‌ش ده‌كاته بڕی (897 ملیار و 500 ملیۆن دینار) له‌سه‌ر بنه‌مای تۆماری فیعلیی بایۆمه‌تری بۆ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ک له خواره‌وه ڕوون كراوه‌ته‌وه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییی خۆیشی ده‌رده‌بڕێت بۆ به‌رده‌ست خستنی ورده‌كاریی ئه‌و زانیارییانه:
108 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 244.656 خانه‌نشین.
38.5 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 96.053 خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفال‌كراوان.
30 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 159.000 كه‌مئه‌ندامان و سوودمه‌ندانى چاودێریى كۆمه‌ڵایه‌تی.
455 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 483.307 فه‌رمانبه‌ران (به پۆلیسیشه‌وه).
266 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 266.465 پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایش.
له هه‌مان كاتدا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان داوا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقى فیدراڵ ده‌كات كه ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 په‌سه‌ند نه‌كات كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه به‌بێ به‌شداری پێكردنی هه‌رێمی كوردستان ئاماده كراوه، له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1. بۆ یه‌كه‌م جار له دوای ساڵی 2003ه‌وه، له ڕه‌شنووسی یاساكه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی ده‌ستووریی (هه‌رێمی كوردستان- عێراق) لا براوه و له بری ئه‌وه ده‌سته‌واژه‌ی (پارێزگاكانی سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان) به كار هێنراوه، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییێكی دیاری بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره كه دانی به هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا ناوه وه‌ک هه‌رێمێكی فیدراڵی و مافی پیاده كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری به هه‌رێمی كوردستان داوه، نه‌ک وه‌ک پارێزگا.
2. که‌م كردنه‌وه‌ی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار له دوای ساڵی 2005ه‌وه له ڕێژه‌ی (17%) بۆ ڕێژه‌ی (12.6%)، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه له بڕگه‌ی (سێیه‌م) له مادده‌ی (121)ی ده‌ستوور كه پێویسته له‌سه‌ر حكوومه‌تی فیدراڵ پشكێكی دادپه‌روه‌رانه له داهاته فیدراڵییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات به ڕه‌چاوكردنی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تا ئێستا له عێراق سه‌رژمێری سه‌رتاسه‌ری نه‌كراوه، به ڕێككه‌وتنى هه‌ر دوو لا ڕێژه‌ى دانیشتووانی هه‌رێم به %17ى دانیشتووانى عێراق دیارى كراوه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ساڵانه ئه‌م ڕێژه‌یه له یاساكانى بودجه‌ى عێراقدا جێگیر كراوه، هه‌رچه‌نده هیچ ساڵێک هه‌رێمى كوردستان به فیعلى ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى وه‌رنه‌گرتووه، به‌هۆی زیادبوونی به‌رچاوی ساڵانه‌ی خه‌رجییه‌كانی سیادی به بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ڕۆڵی له ده‌ستنیشان كردنی ئه‌و خه‌رجییانه‌دا هه‌بێت، یان پشكی وه‌رگرتبێت. بۆیه كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان هیچ بنه‌مایێكی ده‌ستووری نییه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه هاوبه‌شه ئه‌نجام دراوه.
3. به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆ به پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له یاساى بودجه‌ى فیدراڵیدا و مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ک پارێزگا نه‌ک وه‌ک هه‌رێم، پێچه‌وانه‌ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره و مامه‌ڵه كردنی هه‌رێمی كوردستانه وه‌ک هه‌ر پارێزگایه‌كی‌تری عێراق نه‌ک وه‌ک هه‌رێمێكی فیدراڵیی دانپێدانراو به‌پێی ده‌ستووری عێراق، سه‌رپێچییه له ده‌ستوور.
4. بڕگه‌ی (چواره‌م) له مادده‌ی (126) له ده‌ستوور، ڕێگه نادات ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كانه‌وه، كه‌م بكرێنه‌وه یان سنووردار بكرێن، ته‌نانه‌ت ده‌ستوور ڕێگریشی كردووه له هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستووری كه ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
5. وێڕاى دووباره بوونه‌وه‌ى كه‌موكورتییه‌كانى ساڵانى پێشوو له ڕه‌شنووسى یاساى بودجه‌ى فیداڵى ساڵى 2018، ئێستا ئه‌م خاڵه جه‌وهه‌رییه ناده‌ستووریانه‌ى سه‌ره‌وه‌ش زیادیان كردووه.
له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه‌ی سه‌ره‌وه، به تایبه‌تییش به‌ڕێز عه‌بادی به به‌رده‌وامی له وته‌كانیدا ئاماژه به سه‌روه‌ریی ده‌ستووری عێراق و زیان نه‌گه‌یاندن به هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، داوا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ین بواری دانووستان بڕه‌خسێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی داڕشتنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و دابینكردنى پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ى هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رچاوه: سبه‌ی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment