به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له میانی پێشوازی كردنی له فرانک به‌یكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و وه‌فدێكی یاوه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ھه‌ر دوو ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراھیم خه‌لیل و فیشخابوور له ده‌ست حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستاندایه.
فازڵ میرانی وتوویه‌تی: "ده‌بێ حکوومه‌تی عێراق شه‌ڕی دژی ھه‌رێمی کوردستان رابگرێت و ده‌ست به گفتوگۆ بکات بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کان و ده‌وڵه‌تی عێراق بگه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه که ھه‌موو گه‌لانی عێراق تێیدا به‌شدار بن."
ناوبراو جه‌ختیشی كردۆته‌وه که حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامه‌کانی ریفراندۆمی سڕ کردووه و که‌س بۆی نییه ئه‌نجامه‌کانی ھه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و وتووشیه‌تی: "پێویسته ھه‌موان نه‌رم بین تا بگه‌ینه ئه‌نجامی باش بۆ ھه‌ر دوو لا له دانووستاندنه‌کاندا."
فازڵ میرانی ته‌ئکیدیشی کردۆته‌وه که ھه‌ر دوو خاڵی سنووریی ئیبراھیم خه‌لیل و فیشخابوور به ده‌ستی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ن و سه‌ردانی سوپاسالاری عێراق سه‌ردانێکی ئاسایی بوو بۆ ده‌روازه‌کان و ئه‌کادیمیای سه‌ربازیی زاخۆ.
لای خۆیشییه‌وه باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ده‌بێ ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ھه‌رێم و به‌غدا کۆتایی پێ بێت و دانووستاندنه‌کان سه‌رکه‌وتوو بن و ھاووڵاتیی عێراق ھه‌ست به ھاووڵاتی بوونی خۆی بکات و ماف و ئه‌رکه‌کانی پارێزراو بن.
سه‌رچاوه: ئاوێنه
Your Comment