سارتەر دەڵێت مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی، ئازادییش ئاسان بەدەست نایەت، پێویستی بە ئاگایی و شعووری بەرز و ڕوانینی تاکخوازانە و مرۆڤگەرایانە هەیە، بەرانبەر نەبوونی یەکسانی و ئازادی، دادپەروەری و ستەمکاری، پێویستە بێدەنگ نەبیت و بەردەوام بە دەنگی بەرز هاوار بکەی تا بەرگری لە مافی خۆت و هاوچەشنەکانت بکەی. عەلی ئەشرەف دەروێشیان لەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بوو بە مانا سارتەرییەکەی، سەر بەو قوتابخانەیە بوو کە هەرگیز نەیتوانی بەرانبەر نادادی و ستەمکاریی کۆمەڵگەکەی بێدەنگ بێت. دەروێشیان لە خێزانێکی هەژار و کرێکاری کۆڵانی عەلاقەبەندان"ی گەڕەکی "ئابشووران"ی کرماشانی ڕۆژهەڵانی کوردستان لەدایک بووە. ئابشووران لە هەژارنشینترین گەڕەکەکانی کرماشان بوو کە دواتر دەبێتە سەرچاوەی نووسینی زۆربەی چیرۆکەکانی و ناهێڵێت خەڵکی ئێران و جیهان لە هەر جوگرافیایێکی دیکە، بێبەش بن لە زانینی ئەو ڕاستییانەی کە کەسانی تر لە جێگای تری ئەم جیهانەدا چۆن ستەمیان لێ دەکرێ، چەند بە دژواری دەژین و گرفتی پەیداکردنی نانی شەویان هەیە، منداڵەکانیان چۆن لەبەر هەژاری واز لە قوتابخانە دێنن، ئەوانەشی دەخوێنن چۆن لەبەر لاوازی و کاری زۆر و نەبوونی وزە لە پۆلدا بەلادا دێن و بێهۆش دەبن، وەک لە چیرۆکی "نیەتی"دا دەیبینین. منداڵی و مێرمنداڵیی دەروێشیان لە هەژارترین کۆڵانەکانی کرماشان لە کۆچ و هەڵهاتنی بەردەوام لە تاو خاوەن قەرز و گۆڕینی بەردەوامی قوتابخانەدا تێدەپەڕێت. منداڵیی دەروێشیان پڕە لە تەنیایی و هەمیشە بێ هاوڕێیە. لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵی [گۆڤاری تەجرەبە، فارسی، ژمارە31 هاوینی 2014] دەربارەی ئەزموونی تاڵ و ناخۆشیی منداڵی دەڵێ:ٚ "یەکێ لە خاوەن قەرزە هەلپەرستەکان بە باوکمی گوت: تۆ بێکاری و پارەیەکی زۆریش قەرزداری، وەرە با بڕێ تلیاکت بدەمێ بیبە بۆ تاران! باوکم تریاکەکەی برد بۆ تاران، تا لەوێوە بیبات بۆ ڕەشت، پۆلیس تلیاکەکەیان گرت و باوکمیان خستە زیندان، ئەو کابرا بێویژدانە خاوەن قەرزە هات بۆ ماڵمان و بە دایکمی گوت: "ئێستا مادام هاوسەرەکەت لە زیندانە، دەبێ کوڕەکەت درێژە بە کارەکە بدات." کوڕە گەورەی ماڵ بووم و دوانزە ساڵان بووم، ئەوە یەکەم سەفەری من بوو بۆ تاران. تلیاکەکەیان لەنێو تڕۆمبێلەکە شاردەوە و من و کەسێکی تر بەڕێکەوتین بۆ تاران، لە ڕێگە لەتاو ترس نەمتوانی بنووم، لەوە دەترسام پۆلیس بێت و تریاکەکە بدۆزێتەوە و ئێمەش بگیرێین. بیرم لەوە دەکردەوە گەر من بگیرێم کێ لەبری من کار دەکات و خەرجیی ماڵ دەردێنێ!".
منداڵێک لە دۆخێکی ئاوادا دەژی و گەورە دەبێ و تا سەر ئێسک هەژاری و نایەکسانی و دڵڕەقی دەچێژێت! شەوان لەتاو هاواری ئەشکەنجەدانی ئەو زیندانییانەی زیندانی تەنیشت ماڵیان ناتوانێ بخەوێ، کوودەتای ساڵی 1953 و دوورخستنەوەی موسەدەق دەبینێ، پەنجاکانی سەدەی ڕابردووی ئێران و ئەو بێهیواییەی وا باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، داخستنی چەندین بڵاوکراوە و قەدەغەکردنی هەموو چەشنە چالاکییێکی مەدەنی و سیاسی، کێش کردنی لاوە خوێنگەرم و چالاکەکان بۆ نێو بەندیخانەکان، گەنجێکی بەرپرسیار و هۆشیار و جەسوور و ئاگادار لە خەمی هاووڵاتیان و ئەو ستەمەی لێیان دەکرێ، دێنێتە وجوود. عەلی ئەشرەف دەروێشیان ئەو گەنجەی هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ چوونە بەر خوێندن خراوەتە بەر کاری قورس و تاقەتپڕووکێن، شاگردی و تەنەکەچێتی و بەقاڵی و دەستفرۆشی و دەیان کاری دیکە ئەزموون دەکات، تا ئەوکاتەی دەبێتە مامۆستا، لە پەنای وانەگوتنەوەدا کرێکاریی کردووە و یارمەتیی خێزانەکەیانی داوە و نانهێنەری ماڵ بووە. دەروێشیان درێژەپێدەری ڕێبازی نووسەری گەورەی ئێران سەمەد بێهرەنگی دەبێت و تا کۆتایی بەرانبەر بەو ڕێبازە وەفادار دەبێت.
دەروێشیان و بێهرەنگی:
سەمەد بێهرەنگیش وەکوو عەلی ئەشرەف دەرویشیان لە خێزانێکی کرێکار لەدایک بووە، هەرلە منداڵییەوە بە هەژاری و نەداری ئاشنا بوو، لە یەک زانکۆدا خوێندیان و کەڵکیان لە ناسینی هەردوو نووسەر و ڕۆشنبیری دیاری ئێران سیمین دانیشوەر و جەلال ئال ئەحمەد وەرگرت، کە مامۆستا و هاوڕێ و ڕێنیشاندەری ئەو دوو قوتابییە تازە پێگەیشتووە بوون و پردێک بوون بۆ ئاشنابوون بە زۆر نووسەر و ڕۆشنبیری دیاری ئەو ڕۆژگارە و کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی دەروێشیان و بێهرەنگی دانا. لێکچوونی ژینگەی ژیان، خەم و ئازارەکانی خۆیان و هاوزمانەکانیان، پەراوێزبوونی هاوشارییەکانیان، نغرۆبوونیان لەناو بێکاری و هەژاری و نادادپەروەری و نایەکسانیدا، کاریگەری لەسەر تێڕوانینیان بۆ ئەدەبیات و سیاسەت و پرسە گرنگەکان دانا و بووە هۆی ئەوەی بیروباوەڕیان زۆر لەیەکەوە نزیک بێت و پاش خنکانی سەمەد بەشێوەیەکی گوماناوی لە ئاوی ئاراسدا، دەروێشیان یەکەم کتێبی لەساڵیادی کۆچی ناوادەی هاوڕێکەیدا بە ناونیشانی "سەمەد بە نەمری گەیشت" بڵاودەکاتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا و بە تیراژی بیست هەزار دانە چەندین جار چاپ دەکرێتەوە و ناوبانگێکی زۆر بۆ دەروێشیان بەدەست دەهێنێت، هەر ئەو کتێبەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەروێشیان لەسەرەتای نووسینییەوە بکەوێتە ژێر چاودێریی ساواکەوە و مەمنوع قەڵەم بێت (بڵاوکردنەوەی لێ یاساغ دەکرێت). دەروێشیان پاش مەرگی سەمەد درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازەکەی دەبێت و ئەو چەشنە لە ئەدەبیات دەنووسێت کە جیاوازە و پەردە لەسەر نەوتراوەوکان لادەدات، ئەوەی میدیاکان باسی ناکەن و سانسۆر دەیشارێتەوە و نیشان نادرێت، دەبێتە چەقی کارکردنی چیرۆک و ڕۆمانەکانی دەروێشیان و ئەو نەهامەتی و کارەساتەی دەیان ساڵە دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان بەسەر هاووڵاتییەکانی وڵاتەکەیدا هێناویانە، لە چوارچێوەی ڕیالیستی ڕەخنەگرانەدا و بە زمانێکی پڕ لە هەست و ڕەوان و کاریگەر بڵاودەکاتەوە. لەبەرئەوەی زۆر زوو دەکەوێتە بەندیخانەوە، یەکەم چیرۆکەکانی لە بەندیخانەدا لەناو دەچن و ناگەنە بەردەست و دیدەی خوێنەران.
گەڕانەوە بۆ گوندەکانی کوردستان
پاش خوێندن لە زانکۆی تاران و ناسینی زۆر نووسەری گەورە و چەندین بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەشداریکردن لە چەندین میتینگدا، کاتێک جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکانی کوردستان بۆ وانە گوتنەوە، ژیان و نەهامەتی و بێکاری و نەداریی هاوزمانەکانی دەبێتە بابەتی سەرەکیی ڕۆمان و چیرۆکەکانی و تا کۆتایی ژیانیشی ئەو کاریگەرییە بەسەرکۆی نووسینەکانییەوە دەبینرێت.
پاش چەندین ساڵ، یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی لەساڵی 1974 دا بڵاودەبێتەوە و لە سەرتاسەری ئێراندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت و مژدەی هاتنی نووسەرێکی سەرکەوتووی سەر بە ڕێبازی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە دەدات. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە ماوەیەکی کەمدا هەژدە جار چاپ دەکرێتەوە و دواتر قەدەغە دەکرێت. بە تۆمەتی ئەوەی ناڕاستەوخۆ سووکایەتی بە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، دەخرێتە بەندیخانەوە. لەبەر سانسۆر و قەدەغە لەسەر بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی، کۆمەڵە چیرۆکی دووەمی بە ناونیشانی ئابشووران، بەناوی خوازراوی لەتیف تەڵخستانییەوە بڵاودەکاتەوە، بە هەمان شێوەی کتێبی یەکەمی پێشوازییەکی زۆری لێ دەکرێت، بەهۆی ساواک و چاودێریکردنی بەردەوامی، ناچار دەبێت بە چەند ناوی دیکەی وەک عەلی کرماشانی، بێهروز نیکگۆ و چەندین ناوی خوازراوی دیکەوە بەرهەمەکانی بڵاوبکاتەوە، لەسەر نووسینەکانی دەستگیر دەکرێت و دوایین جار سزای یانزە ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەدرێت، لەپاش حەوت ساڵ بەندکردن، لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران و شکاندنی زیندانەکاندا ئازاد دەبێت. ئەزموونی بەندیخانە یەکێکی دیکە لە تێما سەرەکییەکانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی دەروێشیانە و یەکێکە لەو دیارترین نووسەرانەی ئێران کە زۆر بەجوانی کەشی پڕلە ترس و دڵڕەقیی ناو بەندیخانەکانی ئێران و جەلادەکانی ناو زیندانی نیشان داوە.
دەروێشیان پاش شۆڕشی گەلانی ئێران:
دەروێشیان پاش شۆڕشی گەلانی ئێران درێژەی بە ڕێبازەکەی دا، هەمیشە بە نووسین و کاروچالاکییەکانی لە ناوەندی نووسەرانی ئێراندا دژی سانسۆر و نادادپەروەری و نەبوونی ئازادی خەباتی کرد و لەو پێناوەشدا باجی زۆری دا، بۆ هەمیشە لە پیشەی مامۆستایەتی دوورخرایەوە کە پیشەی دڵخواز و خۆشەویستی ژیانی بوو. لە کاریگەرترین ئەندامانی ناوەندی نووسەرانی ئێران بوو، چەند ساڵێکیش بەرپرسی گشتیی ئەو ناوەندە بووە. ئەو باوەڕی وابوو سەرلەبەری سیستەمی پەروەردەی ئێران نادروست و نامرۆییە و دەبێت هەڵوەشێتەوە و پەروەردەیێکی مرۆیی و ئاشتیخوازانە جێگای بگرێتەوە، تا بتوانێت لە خزمەت سەرجەم نەتەوەکانی ئێراندا بێت، باوەڕی وابوو بۆ گۆڕانکاریی بونیادی لە کۆمەڵگەدا، دەبێت لە پەروەردەی منداڵانەوە دەست پێ بکرێت و ئەو توێژە کاریگەرە لە ماف و ئازادی و ئارەزووەکانیان ئاگادار بکرێنەوە و خاوەن پەروەردەیێکی تەندروست بن. لەبەر قەدەغەبوونی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا و لە هەموو سەردەمەکاندا، ئەو و چەندین هاوزمانی تری بە ناچار بە زمانی فارسی دەیان­خوێند و دەیان­نووسی، بەڵام هیچ کات ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی عەلی محەممەد ئەفغانی، لاری کرماشانی، مەنسوور یاقوتی و چەندین نووسەری تری کورد و لەسەروو هەموویانەوە دەروێشیان، بەدەر نەبوون لە غەمەکانی مرۆڤی کورد و نەهامەتییەکانی. سەرتاسەری چیرۆک و ڕۆمانەکانی دەروێشیان پڕن لە پەند و گوتە و داستان و فۆلکلۆری کوردی و گەنجینەی دەوڵەمەندی کولتووری نەتەوەکەی و زۆر بە وردی کاری لەسەر کردووە و کاریگەریی زمانی دایکی و تایبەتمەندییەکانی ناسنامەی کوردی زۆر باش نیشان داوە.
دەروێشیان و ناوەندی نووسەرانی ئێران:
دەروێشیان پاش شۆڕشی گەلانی ئێران شێلگیرانەترلە پێش شۆڕش خەباتی کرد لەپێناوی ئازادیی بیروڕا دەربڕین و مافەکانی و مرۆڤ و جگە لە نووسینی زۆر لە بڵاوکراوەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات و بەستنی چەندین سیمینارو کۆڕو کۆبوونەوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، بەشێکی زۆر لەکاتی خۆی تەرخان دەکات بۆ ناوەندی نووسەرانی ئێران و بەرگریکردن لە مافی ژنان و منداڵان و بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە مەدەنییەکان تا هاوینی دووهەزارو شەش و ئەو کاتەی تووشی جەڵدەی مێشک دەبێت. دەرویشیان سەرەڕای دۆخی نالەباری ژیانی و لە دەست دانی شاعیری بەرجەستە موحەمەد موختاری، ئامادە نییە ئێران بەجێبهێڵێت و باوەڕی بەوە هەیە لە ناوەوەی وڵات درێژە بە خەبات بدات. دەروێشیان، سەرەڕای نەخۆشیی درێژخایەن و باری ئابووریی زۆر خراپی، بەردەوام بوو لە کار و چالاکییەکانی و سەفەری بەردەوام بۆ شارەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات.
دەروێشیان و کوردبوون
لە ماوەی بیست ساڵ ناسین و هاوڕێیەتیی نزیک و هاتوچۆی بەردەواممدا بۆ ماڵەکەی و سەفەری زۆرم لەگەڵی، دەروێشیان هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە کردووە و عشق و ئینتیمایێکی زۆرم تێدا بەدی دەکرد بۆ کورد. غەمگین دەبوو بە ناخۆشییەکانی نەتەوەکەی و شاد دەبوو بە شادییەکانی. ساڵی 2006 بۆ یەکەم جار هاتە باشووری کوردستان، سلێمانی و هەولێری بینی و بەشداریی فێستیڤاڵی دەیەمی گەلاوێژی کرد و دڵخۆش بوو بەو ئازادیەی لەم بەشەی کوردستاندا هەبوو. لە کاتێکدا باری تەندروستی زۆر خراپ بوو، ساڵی 2014 جارێکی دیکە بەشداریی فێستیڤاڵی گەلاوێژی کردەوە و ئەمجارەشیان هەفتەیەک لە سلێمانی مایەوە و خەڵاتی زێڕینی ئەحمەد هەردی و خەڵاتی گەورەی کوردستانی پێشکەش کرا. دەروێشیان لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵی گوتی کە سلێمانی شاری خەونەکانی منە و خەڵاتی گەورەی زۆرم لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا وەرگرتووە، بەڵام ئەم خەڵاتەی کوردستانی ئازادم لە هەموو خەڵاتەکانی دیکە لەلا خۆشەویستتر و گرنگترە.
دەروێشیان بە نەمری گەیشت
دەروێشیان یەکەم کتێبی بەناونیشانی سەمەد بە نەمری گەیشت، 48 ساڵ لەمەوبەر دەربارەی هاوڕێ نزیکەکەی خۆی سەمەد بێهرەنگی بڵاودەکاتەوە و بەو کتێبە وەکوو نووسەر و ڕەخنەگر دەردەکەوێت. پاش 48 ساڵ، خۆی بە نەمری دەگات، لە ماوە ی نزیک بە نیو سەدە نووسین و خەباتی مەدەنی و سیاسی، توانیی کاریگەری لەسەر چەند نەوەیێک دابنێت و مەرگیشی جارێکی دیکە دەبێتەوە بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتداران و دوو رۆژ بەسەر مردنیدا تێدەپەڕێت و دەسەڵاتدارانی ئێران ناهێڵن لەو گۆڕستانەی خۆی ویستبووی لەپەنای هاوڕێ ئازادیخوازەکانی: ئەحمەد شاملو، محەممەد موختاری، محەممەد جەعفەر پویندە، ئەحمەد مەحموود، هۆشەنگ گوڵشیری-دا بەخاک بسپێردرێت و ناچارن لە گۆڕستانێکی دووری نێوان کەرەج و قەزویندا بەخاکی بسپێرن. دەروێشیان لە ژیانی پڕ کارو بەرهەمیدا زیاتر لە بیست کتێبی نووسی و بیست بەرگ ئەفسانەی ئێرانی کۆ کردەوە و یەکێک بوو لە دیارترین نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان و لێکۆڵەری بواری ئەفسانە و فۆلکلۆر. بەرهەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ بیست زمان، خاوەنی خەڵاتی هلمت _همت. خەڵاتی میهرەگان، خەڵاتی هۆشەنگی گوڵشیری و خەڵاتی هەردی و چەندین خەڵاتی ترە و پاش دە ساڵ نەخۆشی و مانەوە لەسەر (عەرەبانە) بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە، رۆژی پێنجشەممە 28/ 10 / 2017 لە تەمەنی 76 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
Your Comment