نه‌ بۆ کۆڵبه‌ر کوشتن! نه‌ بۆ هێرش بۆ سەر فه‌رمانداری!/ جه‌لال جه‌لالی زاده‌

به‌شی یادداشت- جه‌لال جه‌لالی زاده‌ چالاکی سیاسیی پارێزگای کوردستان و نوێنه‌ری کوردستان له‌ چه‌ند خولی پێشوودا له‌ یادداشتێکدا به‌ بۆنه‌ی کوژرانی دوو کۆڵبه‌ری بانه‌ییه‌وه‌ باسی له‌ دیارده‌ی کۆڵبه‌ری کردووه‌.

کوردپرێس- ده‌قی یادداشته‌که‌ به‌م شێوازه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

دڵنیام ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ کۆڵبه‌ره‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کان کردووه‌ له‌ ماڵێکی ڕازاوه‌ی سه‌رمایه‌داریدا له‌دایک نه‌بوون و هه‌رگیز ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئاواتی کوشتنی تاکێکی زه‌حمه‌تکێشیان له‌ دڵدا نه‌بووه‌. له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ دایک و باوکی کۆڵبه‌ره‌کانیش کاتی هاوسه‌رگیری هه‌رگیز ئاواتی هه‌بوونی منداڵێکیان نه‌بووه‌ که‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو کاره‌دا ناچار بێت کۆڵبه‌ری بکات. تێکۆشان و به‌ زه‌حمه‌ت نان ده‌رهێنان بۆ مرۆڤ جێگای شانازییه‌ به‌تایبه‌ت له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا که‌ ده‌کرێت به‌ بێ ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌ له‌ ڕێگای جۆربه‌جۆره‌وه‌ سکی خۆ تێر بکه‌یت. کۆڵبه‌ری نه‌ کاره‌ و نه‌ جێگای شانازییه‌. ئه‌و زه‌حمه‌تکێشه‌ چاره‌ڕه‌شانه‌ له‌ ڕووی نه‌هامه‌تییه‌وه‌ په‌نایان به‌و کاره‌ هێناوه‌ و به‌رکه‌وته‌ی ئه‌سته‌م و دووچاوه‌کین له‌ ناوچه‌که‌دا. ئه‌گه‌ر له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌کانیاندا وه‌زیر، نوێنه‌ر، باڵوێز، به‌ڕێوه‌به‌ر، سه‌ردار، شاره‌وان، پارێزگار یان ته‌نانه‌ت فه‌رماندار هه‌بوایا بێ گومان تووشی ئه‌و چاره‌نووسه‌ نه‌ده‌هاتن.

کێشه‌ی ئێمه‌ هێزی سه‌ربازی و ئینتیزامی و شێوازی ڕه‌فتاری ئه‌و هێزانه‌ یان دیارده‌ی کۆڵبه‌ری نییه‌، کێشه‌ی ئێمه‌ یاسا و ئه‌و یاسادانه‌رانه‌ن که‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵگایان هه‌ست پێ نه‌کردووه‌ و له‌ گوشاری ژیان له‌ ناوچه‌کانی سه‌رسنوور نه‌گه‌شتوون.

لێره‌دا کێشمه‌کێشمێک له‌ نێوان ڕه‌نجی کۆڵبه‌ری و یاسای وشکی یاسادانه‌ران هه‌یه‌ که‌ پاشهاته‌ نێگریسه‌کانی پێشبینی نه‌کراوه‌.

دیارده‌ی کۆڵبه‌ری خه‌سارێکی هه‌ره‌گه‌وره‌یه‌ بۆ کۆمه‌ڵگا، بۆ سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ر و بۆ نوێنه‌ران و بۆ به‌رپرسان و سه‌رمایه‌دانه‌رانی ناوچه‌که‌ که‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی چه‌ندین ساڵ ئێستاش ئه‌و کێشه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و ده‌یبینین و له‌ پێناو چاره‌سه‌رکردنیشی هیچ ناکه‌ن و که‌مته‌رخه‌من. پرسیاره‌که‌ ئه‌مه‌یه‌ ئایا کاڵای قاچاخ ته‌نها له‌ سنووری ناوچه‌ کوردنشینه‌کانه‌وه‌ دێته‌ نێو وڵات؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و زۆر لایه‌نی­تریش به‌ ئێهمال و چاوپۆشییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هاورده‌کردنی کاڵا. بۆچی ده‌بێ هه‌ندێ جار ڕژانی به‌ناحه‌قی خوێنی ئه‌و زه‌حمه‌تکێشانه‌ ببینین که‌ ده‌بێته‌هۆی ڕه‌شبینی هاووڵاتییان و سه‌رهه‌ڵدانی که‌شی ئه‌منی له‌ ناوچه‌که‌دا.

به‌ڕای من پێویسته‌ جارێکی دیکه‌ پڕۆژه‌یاسای ناو‎چه‌ی ئازادی بازرگانی و پیشه‌یی بانه‌ و مه‌ریوان بچێته‌وه‌ په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی په‌رله‌مانیش وه‌کوو ئه‌رکێکی نیشتمانی و ئینسانی په‌سه‌ندی بکه‌ن و ئاوێک به‌ سه‌ر ئاگری ژێر خوڵه‌مێشدا بکه‌ن تا وه‌کوو زیاتر له‌وه‌ش ئه‌و دیارده‌یه‌ نه‌بێته‌ هۆی هاندان و بزواندنی هه‌ستی هاووڵاتییان و به‌تایبه‌ت گه‌نجان و کاردانه‌وه‌ی خه‌سارباری لێنه‌که‌وێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8049

Your Comment

You are replying to: .
captcha