به‌شی کرماشان- به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردنی کێبه‌رکێی پاراگلایدری وڵاتی له‌ کرماشان وتی: کێبه‌رکێکانی پاراگلایدری وڵاتی له‌ به‌شی مه‌ودای جامی غه‌دیر له کرماشان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئه‌سه‌د سوهرابی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ڕای­گه‌یاند: کێبه‌رکێی پاراگلایدری وڵات له‌ 14 بۆ 18ی مانگی خه‌رمانان له‌ سایتی فڕینی وه‌یسی قه‌ره‌نی له‌ شاری ڕوانسه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تا ئێستا 90 پاراگلایدرسوار بۆ به‌شداری له‌و کێبه‌رکێیه‌دا ئاماده‌ییی خۆیان ده‌ربڕیوه‌.

ناوبراو ئاشکرای کرد: پێشبڕکێی پاراگلایدر له‌ جیهان له‌ دوو به‌شی ئاکروباتیک و دووراییدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به‌شی ئاکروباتیکی له‌ ئێران ئه‌نجام نابێت به‌ڵام تا ئێستا زۆر کێبه‌رکێ له‌ به‌شی دووراییدا به‌ڕێوه‌ چووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ هۆکاری هه‌ڵبژێردرانی شاری ڕوانسه‌ر بۆ ئه‌و کێبه‌رکێیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو و ده‌ڵێت: دۆخی جوگرافیایی و تۆپۆگرافی ناوچه‌که‌ که‌ دارستان و چیا و ده‌شت ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پێشبڕکێیه‌ گونجاوه‌ و به‌رپرسانی پارێزگاکه‌ش به‌رده‌وام پاڵپشتیی خۆیان بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی ئه‌و کێبه‌رکێیه‌ ڕاگه‌یاندووه‌.

سوهرابی ئه‌وه‌شی زیاد کرد: ئێستا 120 فڕۆکه‌وانی پاراگلایدر له‌ پارێزگای کرماشان هه‌ن به‌ڵام له‌م خوله‌ی کێبه‌رکێیه‌که‌دا مه‌رجه‌کان بۆ به‌شداربوون دژوارتر کراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها 8 فڕۆکه‌وان له‌ کرماشانه‌وه‌ به‌شداری کێبه‌رکێیه‌که‌ بوون.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا وه‌بیریشی هێنایه‌وه‌ له‌ میدیاکانی وڵاتدا بانگه‌شه‌ی نه‌رێنی بۆ ئه‌و به‌شه‌ وه‌رزشییه‌ کراوه‌ و پێویسته‌ ئه‌وه‌مان له‌ پێش چاو بێت له‌ مێژه‌وه‌ خولیای فڕین له‌ مێشکی مرۆڤدا بووه‌ و ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ و خاڵه‌کانی بێوه‌یی بپارێزرێن ئه‌وا ئه‌و به‌شه‌ وه‌رزشییه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خۆشترین وه‌رزشه‌کان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8033

Your Comment

You are replying to: .
captcha