بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگهیاند: "بەداخەوە لەدوای مام جەلال، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تا هاتووە ئاڵۆزیی تێکەوتووە و سەرچاوەی کێشەکانیش بەدوو خاڵ دەبینم، یەکەمیان ئەوەیە پارتی بە سیاسەتی حاکمییەت و دووهمیش یەکێتیه كه بە سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ پارتى دهكات، ئەمەش هەردووکیان هەڵەن".
بهوتهى مەلا بەختیار، "یەکێتی و پارتی لە قۆناغ و هەلومەرجێکی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیداین، بەتایبەت لە شەڕی ئۆکرانیا بەدواوە، بۆیە یەکێتی و پارتی ناتوانن بە ڕێککەوتن و پەیوەندییەکانی ڕابردوو، ئەرکە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتوو ڕاپەڕێنن. بەڵکوو دەبێت فۆڕمێکی نوێ و ئامانجی نوێ، لەئاست هەلومەرجی ئەم قۆناغ و سەردەمە، بدۆزنەوە بۆ رێککەوتن".
مەلا بەختیار ئهوهشى باس كردووه، "تائێستا عێراق ستراتیژێکی دارایی ڕوونی نییە، نە بۆ بازاڕ، نە بۆ بوودجە، نە بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و دەوروبەر، بەڵکوو عێراق ئاگای لە دارایی خۆیشی نییە، بەڕادەیەک لەدوای ڕووخانی سەدامهوه تائێستا، 300 ملیار دۆلار دزراوە و تازە بەتازە لە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی بەشێک لە پارەکان، هەر بۆیە ئەم سیاسەتەی ئابووری عێراق، لەسەر پەسەندکردنی بوودجە و هەم لە پهیوەندی ئابووری کوردستان و عێراقیش ڕەنگی داوەتەوە، ڕاستە لە کوردستانیش هەڵەمان هەیە و یەکێکیش لە هەڵەکان گومرگە، کە بەپێی دەستوور سەر بە عێراقە و لەگەڵ حکوومەتی مەرکەز ڕێکمان نەخستووە".
بهرپرسهكهى یهكێتى ئهوهشى ڕوون كردۆتهوه، "یەکێکی تر مەسەلەی نەوت و غازە کە تائێستا عێراق دڵنیانییە، نە لە نرخی فرۆشتنەکەی و نە لە چۆنێتی خەرج کردنی پارەکەی، هەربۆیە کۆی بودجە هەم لە عێراق و ههمیش له کوردستان بەکێشەوە تێدەپەڕێت".
سهبارهت بهڕێكهوتنى نێوان ههولێر و بهغداش مهلا بهختیار دهڵێت: "ئهوهى دهوترێت بەو شێوهیەى داهاتی نەوت و گازی کوردستان بچێتەسەر داهاتی ناوەندی عێراق و لەوێوە بەشی پەسەندکراوی کوردستانی لێبدرێت، باوەڕم وایە حکوومەتی کوردستان دەرسی لە هەڵەکانی خۆی وەرگرتووە و ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە دەڕوات، بەڵام بێگومان ئەگەر کێشە سیاسی، ئیداریی و داراییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر نەکرێ، ئەوا بەنێگەتیڤی لەسەر کۆی پرسەکان دەشکێتەوە".
Your Comment