بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کۆ بووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی: "بۆ ساڵیادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە سەرەخۆشی لە گەلەکەمان دەکەین و دوێنێش وەک هەوڵێک بۆ ساڕێژ کردنی زامی شارەکە، بڕیاری بە پارێزگا کردنی هەڵەبجەمان پەسەند کرد".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەولێر و بەغدا پێداگرن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، لەو چوارچێوەیەشدا لە چوار مانگی تەمەنی ئەم حکوومەتەدا هەردوولا لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە و تەرخان کردنی بوودجە بۆ کاراکردنەوەی ماددەی 140 رێککەوتوون و گفتوگۆکانیش بۆ نووسینی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بەردەوامییان هەیە.
لای خۆیەوەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، دەستخۆشی لە بڕیاری حکوومەتی عێراق دەکات بۆ بە پارێزگا کردنی هەڵەبجە و پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای بوودجە، هیواداریشە پەرلەمان هەردوو پڕۆژەکە پەسەند بکات.
لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغداش لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وتی: گفتوگۆکان پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و کاری هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتیش بەردەوامە، لەم کاتەشدا خواستی ئەوەیان هەیە هەردوولا بتوانن میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی یاسای بوودجە وەک ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، جێبەجێ بکرێت.
Your Comment