ڕکابەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بەهێزتر دەبن

بەشی جیهان- بەگوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری ئەمریکی واشنتۆن ئیگزامینێر، کۆمپانیا نەوتییەکانی چین و ڕووسیا توانیویانە شوێنی چۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان پڕ بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری سیاسی واشنتن ئیگزامینێر ڕایدەگەیەنێت کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە پشتیوانی کردن لە پارت سیاسەتوانانی گەندەڵ، ئەمەش سوودی کورتخایەنی بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا هەیە بەڵام لە درێژخایەندا سوودی گەیاندووە بە ڕکابەرەکانی ئەمریکا.

ئەم گۆڤارە هەروەها حکوومەتی ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پارت و سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان سوود لە سامانە سرووشتییەکان وەرنەگرن و ئەمەش کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکانی ناچارکردووە هەرێم بەجێبهێڵن.

ئەم گۆڤارە پێی وایە، سیاسەتمەداران و حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەبوونی سیاسەت و یاسای ڕوون، کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکانیان فریو داوە و لە کۆتاییدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان ناچار بوون هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.

گۆڤاری واشنتۆن ئیگزامینێر ئیدیعای ئەوەی کردووە کە سیاسەتی لەمپەڕنانەوە لەبەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا بۆ بڕینی دەستی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان لە بەرژەوەندی پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بووە و دواجار سوودی بە ڕووسیا و چین گەیاندوو چوونکە ئەم دوو وڵات توانیویانە جێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان بگرنەوە.

هەڵبەت ئەم گۆڤارە دانی بەوەدا ناوە کە ئەمریکا لە ساڵانی ٢٠٠٠دا ڕێگەی نەدا کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا و چین لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.

News Code 7819

Your Comment

You are replying to: .
captcha