دکتۆر جوزێڤ داهێر، پسپۆڕی پرسەکانی سووریا و مامۆستای کۆلێجی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ئەورووپا لە نوێترین لێدوانیدا بۆ ئازانسی هەواڵی کوردپرێس وەڵامی چەندین پرسیاری لەبارەی دۆخی سووریا پاش بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە داییەوە. ناوبراو ئاماژەی دا بەوەی کە بوومەلەرزەکەی ئەمدواییەی تورکیا ڕێگر نەبووە لەبەردەم هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا، هەروەها چەکدارانی داعشیش ئەم دۆخەیان بۆ زیاتر کردنی هێرشەکانیان بۆسەر کوردەکان قۆستۆتەوە.
بۆچی داعش لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات؟
دکتۆر جوزێڤ داهێر سەبارەت بە هۆکارەکانی بەردەوام بوونی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا بە کوردپرێسی وت: سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێزە کوردەکان و هاوپەیمانان دژی ئەم گرووپە تیرۆریستییە: توانای داعش بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان چەند هۆکارێکی هەیە، کە بریتین لە:
1- هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان بەردەوام هەڕەشەی تورکیا و سەربزیوانی سەر بە ئەو وڵاتەیان لەسەرە بۆیە هێزە کوردییەکان لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر شەڕی داعش بێت، هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشانە ئەئەن.
2- هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا و باڵەکانی هەوڵی دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری کوردی دەدەن. دروستکردنی ناسەقامگیری لەلایەن ئەم هێزانەوە لەم ناوچەیەدا سوودی بۆ چەکدارانی داعش هەیە.
3- دۆخی ئابووری-کۆمەڵایەتی لەم ناوچانە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کاولکاریی زیاتریان بەرکەوتووە هێشتا خراپە. داعش ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و عەشیرەتە عەرەبەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەندامگیری و زیاتر کردنی مووچەی ئەندامەکانی.
4- لەم ڕووەوە داعش توانیویەتی تۆڕەکانی خۆی لەو ناوچانەدا ڕێکبخاتەوە و وەک هەڕەشەیەک لەو ناوچانە دەربکەوێت. ئەم هۆکارانە دەتوانن پێش بە هەوڵێکی کاریگەر لە دژی داعش بگرن. بەرەنگار بوونەوەی داعش تەنها لە ڕێگەی سەربازییەوە مومکین نییە، بەڵکوو پێویستی بە چەند هەنگاوی دیکە هەیە، لەوانەش چارەسەری سیاسیی بابەتەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: جگە لەمانە دەتوانین ئاماژە بە کێشەی تریش بکەین لەوان بوونی نزیکەی 60 هەزار زیندانی داعش و خێزانەکانیان لە زیندان و کەمپەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کوردیدا، کە تا ئێستا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. نزیکەی 37 هەزار هاووڵاتی بیانی لە دوو کەمپی ڕۆژ و هۆل زیندانی کراون، کە ژن و کەسوکار و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە. نزیکەی 27 هەزار ئەندامی بیانی دانیشتووی ئەو کەمپانە عێراقین. 10 هەزاری دیکەشیان هاوڵاتی 60 وڵاتی دیکەی جیهانن. نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتیی دیکەی بیانی لە نێویاندا سەدان منداڵ لە زیندان و ناوەندەکانی چاکسازی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان بەخێو دەکرێن.
بوومەلەرزەی سووریا دەرفەتێکی نوێیە بۆ داعش
مامۆستایە زانکۆی ئەورووپا سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی کە ڕەنگە بوومەلەرزەکەی سووریا ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ چڕکردنەوەی چالاکیەکانی داعش، وتی: دوابەدوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەم دواییە کە لە باکووری سووریا و باشووری تورکیا لە شوباتی 2023 ڕوویدا، لانیکەم 20 بەندکراوی داعش لە زیندانێکی باکووری ڕۆژئاوای سووریا هەڵاتن. ناسەقامگیری هەڵێکی گونجاو بۆ داعش فەراهەم دەکات بۆئەوە باڵەکانی ڕێکبخاتەوە ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەنجام بدات. بۆیە لەم ڕووەوە بوومەلەرزە دەتوانێت دەرفەتێکی باش بۆ داعش بڕەخسێنێت.
بوومەلەرزە چ کاریگەریەکی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا هەبوو
دکتۆر داهێر سەبارەت بە کاریگەریی بوومەلەرزەکەی تورکیا لەسەر هێرشەکانی ئەنقەرە بۆ سەر کوردەکانی سووریا و ئەگەری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان، زیادی کرد: لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا دواخراوە. بەڵام ڕێگری له هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکان نەکردووە. بۆ نموونە لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا شاری ئێزیدینشینی شنگالی لە عێراق کردە ئامانج و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش لەم هێرشە ئاسمانییەدا هێزەکانی بەرخۆدانی شنگالیان کردە ئامانج کە لە ئەنجامدا چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن لە تورکیا و بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ ڕاکشانی دەنگی شۆڤێنیزم و ناسیۆنالیستەکانی تورکیا، هێرشەکان بۆ سەر کورد چڕتر ببنەوە.
دکتۆر داهێر جەختی لەوە کردەوە کە هێرشە سەربازییە نوێیەکەی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات بووەتە هۆی سەرلێشێواوییان و مۆڵەتی نەداوە ئەم هێزانە سەرنجیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بێت و بە ناچاریان ڕووبەڕووی هێزەکانی تورکیا دەبنەوە.
کاریگەریی بوومەلەرزە لەسەر دۆخی سووریا و بەتایبەتی کوردەکان
مامۆستای زانکۆی ئەورووپا سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسی لە سووریا دوای بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە ڕایگەیاند: بوومەلەرزەکە خۆی نابێتە هۆی گۆڕانکاری جددی لە دۆخی ئیدارەی خۆسەری کورد، ئەمریکا یان تورکیا لە سووریا. فاکتەرێکی دیکە کە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی جددی لە دۆخەکەدا، خێراکردنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
ناوبراو درێژەی دا: بەڵام بەئاوڕدانەوە لەوەی کە ژمارەی ئەو وڵاتانەی هەنگاویان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا هەڵگرتووە هێشتا ئەم پرۆسەیه خاوە و پرسەکه زیاتر سنوورداره به دابین کردنی هاوکاریی فریاگوزاری بۆ لێقەوماوان.
دکتۆر جوزێڤ داهێر لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: جگە لەوەش ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی ئەورووپی لەوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا خواستێکی جددییان بۆ ئەو مەبەستە نیشان نەداوە و سعوودیەش خواستێکی جددی لەو بارەوە نەبووە. گۆڕینی تێڕوانینی ڕیاز بەرامبەر دیمەشق لەم ڕووەوە یەکلاکەرەوە دەبێت و دەرگای کرانەوەی سیاسی زیاتر بەڕووی حکوومەتی سووریادا دەکاتەوە.
Your Comment