عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز و پەسندکردنی ئەو یاسایە خەونە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز و پەسەندکردنی ئەو یاسایە خەونە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی رایگەیاندووە: "هێشتا پڕۆژەیاسای بودجە ئاڕاستەی پەرلەمان نەکراوە، ناشزانین شاندی هەولێر و بەغدا لەسەر چی رێککەوتوون، بەڵام دەگوترێت پشکی کورد بە نزیکەی 14٪ دیاری کراوە"، دەشڵێت ئەگەر کورد بە کەمتر لە 14٪ رازیبێت "کارەساتە"، لەبەرئەوەی بەگوێرەی پسوولەی خۆراک، رێژەی کورد لە عێراق 14٪ـیە.

بەگوتەی جەمال کۆچەر چوار بەربەست لەبەردەم پڕۆژەیاسای بوودجەدا هەن:

- یەکەم: پشکی کورد و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان

- دووەم: پشکی سوننە و کەمی ئەو بڕە پارەیەی بۆ پارێزگاکانیان تەرخان کراوە.

- سێیەم: هەوڵەکانی لابردنی محەممەد حەلبووسی، لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن بەشێک لە لایەنە شیعەکانەوە.

- چوارەم: ئەو شەڕەی کە لایەنەکان دەیکەن بۆ ئەوەی زۆرترین پارەیان لە بودجەدا دەستبکەوێت لە رێگەی ئەو پۆستانەی لە وەزارەتەکان وەریان‌گرتووە.

لەدوای ساڵی 2014 و بەهۆی چوونی داعش بۆ پارێزگا سوننەشینەکان بەتایبەتی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار، ئەو پارێزگایانە زیانی زۆریان پێگەشت، جەمال کۆچەر دەڵێت: "بۆ ئاوەدان‌کردنەوەی هەموو پارێزگا سوننەنشینەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نزیکەی 460 ملیار دینار تەرخانکراوە، بەڵام بۆ پارێزگا شیعەکان زیاتر لە تریلیۆنێک دینار تەرخانکراوە، ئەوەش نیگەرانی سوننەکانی لێکەوتووەتەوە".

بەگوتەی جەمال کۆچەر، بەشێک لە لایەنە شیعەکان هەوڵدەدەن دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، محەممەد حەلبووسی لەسەر کار لادەن، ئەویش "بەهۆی ئەوەی داکۆکی تووند لە مافی سوننەکان دەکات و رێگرە لەوەی لایەنە شیعەکان ستەم لە سوننە بکەن".

رۆژی یەکشەممە 26-02-2023، شاندی هەرێمی کوردستان کە لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و خالید چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

بەگوتەی جەمال کۆچەر، شاندەکەی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکیان بە پەرلەمانتارانی کورد کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نەداوە و نازانن لەسەر چی رێککەوتوون. گوتیشی: "حکوومەتی عێراق داوای ڕادەست کردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەکات و لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستانیش باسی رادەستکردنی نەوت و گازی سرووشتییان کردووە.

جەمال کۆچەر لەو باوەڕەدایە رەنگە هەردوولا لەسەر ڕادەست کردنی بڕێک لە گازی سرووشتی و دۆسیەی نەوت رێکبکەون".

لەبارەی پڕۆژە یاسای نەوت و گازیش ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەوەتەی عێراق هەیە نەوتی هەیە، یاسای نەوتیشی نییە، بۆیە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز خەونە و عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز".

News Code 7772

Your Comment

You are replying to: .
captcha