ڕاپرسیی ڕۆژنامەی ئەلسەباح و قەیرانەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاپرسیی "ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟" بابەتێکی ڕۆژنامەی ئەلسەباح بوو کە تووڕەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش هەندێک لایەنی سیاسی هەرێمی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد عەبدولحوسەین، لە ڕۆژنامەی ئەلسەباح لەسەر کاردانەوەکەی حکوومەتی هەرێم دەنووسێت: "بە قووڵی تێدەگەین لەو هەستکردن بە بێزارییە لەگەڵ کردنەوەی ئاوەها دۆسێیەکدا، بەڵام لەوبڕوایەشداین ئەوانەی خۆیان تووڕە کردووە گەر ئەرکیان بکێشابایە و بابەتەکەیان بخوێندایەتەوە نەک هەر ناونیشانەکەی کە تەنها بریتییە لە پرسیارێک، ئەوا دەیانزانی ڕاپۆرتەکە ڕای جیاوازی تیادایە لەوانەی دژن و ئەوانەیش کە پشتیوانن وەک لە ڕا وەرگتنەکەی نێوەندەکەدا هاتووە."

موحەمەد حەکیم، لە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت: "ڕۆژنامەی ئەلسەباح پشتی بە ڕاپرسییەک بەستووە کە لە سەدا 58ی ئەوانەی ڕایان وەرگیراوە لە زۆنی زەردن و لە سەدا 42ی ئەوانەی ڕایان وەرگیراوە دانیشتووی زۆنی سەوزن."

سەبارەت بە کاردانەوەی حکوومەتی هەرێم و هەندێک لە لایەنەکانی هەرێم، حەکیم دەڵێت "پێموایە وەک وەڵامێک بۆ ڕۆژنامەیەک، ئەو شێوازەی کاردانەوەی حکومەت لەجێی خۆیدا نەبووە."

شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات "هیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراق نییە، دەستوری عێراق مافی هەرێمی بە تەواوەتی داوە، ئەو کەسەی لە ڕۆژنامەی ئەلسەباح ئەو بابەتەی بڵاوکردۆتەوە کەسێکی شۆڤینی و دژ بە هەرێمی کوردستانە."

دووبەردانی دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق و لایەنەکانیش بە فەرمی ئەو جۆرە بۆچوونانە ڕەت دەکەنەوە، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییە بە مافێکی تەواوەوە و هیچ لایەکیش ناتوانێت ئەو مافە لە هەرێم یان لە کورد وەربگرێتەوە."

ئەنجومەنی کارگێڕیی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق لە نوسراوێکدا داوا لە سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەیەکی بە پەلە بکرێت لەسەر ئەو بابەتەی لە ڕۆژنامەی ئەلسەباحدا بڵاوکراوەتەوە و وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە "ئەو بابەتە پێچەوانەی بەندەکانی دەستور و گوتاری فەرمی دەوڵەتی عێراقە."

موحەمەد حەکیم دەڵێت: "سەردێڕی بابەتەکە، خزمەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق ناکات." بەڵام دەشڵێت کە ئێستا ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بکەوێتە لێکۆڵینەوە کردن لەوەی بۆچی هاووڵاتیانی هەرێم چوونەوە سەر عێراقیان پێباشتر بێت وەک لەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە.

حەکیم دەڵێت: "بێگومان هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە خراپەی هاووڵاتیان تیایدا دەژین لە ڕووی داراییەوە و خۆی بەراورد دەکات بەو ئیمتیازاتانەی هاوڵاتیانی تر لە عێراقدا هەیانە. ئەو جیاوازیانەی لە موچە و دابەشکردنی موچەدا هەن دۆخێکیان دروستکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک هەلومەرجی تری کە ئێستا هەرێم تیایدایە وەک دواخستنی هەڵبژاردنەکان، کێشەکانی نێوان هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار، تۆخبوونەوەی دوو ئیدارەیی، هەبوونی دوو هێزی پێشمەرگە کێشەکانی تریش، لەوانە درێژکردنەوەی ماوەی دامەزراوەکان، پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمانە دۆخێکی وەهایان لای هاووڵاتیان دروستکردووە کە خۆزگە بە نەمانی هەرێم و چوونە سەر بەغدا دەخوازن."

حەکیم ئاماژەش بەوە دەکات وەک دەڵێت "ئەمە شتێکی خراپە و هەربۆیەشە دەبێت حکومەت کاری خۆی بکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەم هۆکارانە و بنبڕیشیان بکات کە خەڵک بە پاساوی دەگرن تا بخرێنەوە سەر بەغدا."

دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی سیاسی دەڵێت هیچ گومانێک نییە لەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەستورییە و لە سەر ئاستی جیهانییش دانیپێدانراوە و پشتیوانیش کراوە.

دکتۆر کاروان دەڵێت "بەڵام لە ماوەی 32 ساڵی فەرمانڕەوایەتی خۆماندا، خودی خۆمان بووینەتە هەڕەشە لەسەر خۆمان و ململانێکانن بوونەتە هەڕەشە و بوونەتە ئاڵنگارییەکیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانمانن."

دکتۆر کاروان ئاماژە بە پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانیش دەکات لەناو هەرێمی کوردستاندا و هەروەهاش شەڕی ڕوسیا لە ئۆکراین و دەڵێت "مەخابن نەمانتوانیوە ئەو ڕەوشە نوێیانەش وەربچەرخێنین بۆ دەرفەت بۆ خۆمان."

دکتۆر سیڤان سەعید، نوسەر و لێکۆڵەری سیاسی، هەر سەبارەت بەم بابەتەی مەترسییەکان لەسەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دەڵێت "ئەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا لە بندەستی عێراقدایە بەڵام لە پراکتیکدا لەبندەستی تورکیا و ئێراندایە، خۆ ئەگەر ئەم قەوارەیە هەڵبوەشێندرێتەوە و پارێزگاکانی هەرێم بکرێنە بەشێک لە باکوری عێراق، ئەوا پرسیارە سەرەکییەکە دەبێتە ئەوەی، ئایا کوردایەتی و کورد بوون چییان بەسەردێت؟ ئایا کوردبوون دەکەوێتە بەر مەترسی یان ئەو کوردایەتییەی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تری لە پشتیانەوە بوون دەکەوێتە بەر مەترسی؟ مەخابن ئەوانە کارێکیان کردووە کە ئێستا خەڵک لە بەغدا قسە لەسەر بوونی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان دەکەن."

دکتۆر سیڤان دەڵێت ئێستا قسە و باسەکان دوای ئەو بابەتەی ڕۆژنامەی ئەلسەباح زۆر گەرموگوڕن لەسەر قەوارەی هەرێم، بەڵام دەشڵێت نابێت ئەم بابەتە وەها بکات چاو لە ناوخۆی هەرێم بپۆشین و دەڵێت "حکومەت و قەوارەی هەرێمیش لەناوەوە داوەشاوە، هەربۆیە ئەگەر لە دەرەوەشەوە هەڵبوەشێندرێتەوە شتێکی نامۆ نییە، چونکە ئەو شکستخواردنە گەورانە و دڵ ئێشانە گەورانەی لەناو زۆرینەی هاوڵاتیانی کورددا هەن هۆکارن. وەک گەندەڵییەکانەوە. بەڵام لە ئێستادا مەترسییەکی گەورەی ئەوتۆ نییە لەدەرەوەی هەرێم بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارە یاساییەکەی، هەرچەندە ئێران و تورکیا دەتوانن هەرچ شتێکی بیانەوێت بە حکوومەتی نێوەندی بکەن دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە بیریشمان نەچێت هاوکات بەغدا هەرگیز بەهەمان ئەو چاوەی بەسرە و کەربەلا دەبینێت، هەرگیز بە هەمان چاو هەولێر و سلێمانی نابینێت."

دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، دەڵێت ئەو ململانێ قورسانەی نێوان پارتی و یەکێتی لەناو هەرێمدا "گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر خراپ و لە پێشبڕکێی سیاسی تێپەڕی کردووە، وهایکردووە بڵێم بەڵێ ئێمە خۆمان هەڕەشەین لەسەر خۆمان و ئامادەش نیین لەبەردانەواندنێکیش بکەین تەنانەت لەسەر شتە بچوکەکان لەپێناو دۆسێ گەورەکانی نیشتماندا تا قەوارەی هەرێمیش زیانی بەرنەکەوێت."

دەسەڵاتی سیاسی کوردی لە هەرێمی کوردستان دەیان جار ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لایەنی شیعەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا دژ و نەیاری خواستەکانی کوردن وەک دەوڵەتی یاسای نوری ئەلمالیکی یان عەسائیب ئەهلولحەقی قەیس خزعەلی و چەندان لایەنی تریش.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕێککەوتن مۆر دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی موحەمەد شییاع ئەلسودانی.

دکۆر کاروان لەوبڕوایەدایە، پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمایەکی کۆنکریتی نەبووە و وەک کابینەکانی تری حکومەت کە پێکهێنراون بەڵام موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕدراوە، تەنانەت هێرشی سەربازی و زۆر شتی تریش کراوە و دەڵێت "ڕاستە لە سیاسەتدا هیچ دڵنیاییەک نییە، ئەوە خۆمانین کە دەبێت لەناوخۆماندا دڵنیایی بدەین و یەکگرتوو بین تا بتوانین ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە. پرسی کورد لە بەغدا هەر تەنها پەیوەندی نییە بە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، پرسەکە بەشێکی بریتییە لە قۆزتنەوەی ئەو خاڵە لاوازانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن."

دکتۆر کاروان دەشڵێت ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا کراوە ڕوون نییە و ناشزانرێت لەسەر چ بنەمایەک کراوە و دەشڵێت "ئەم وروژاندنەی دۆسێی قەوارەی هەرێم، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کە دەبێت بە ڕژدی وەریبگرن و بزانن ڕێککەوتنی سیاسی ئەوە نییە بتوانیت لە سەدا سەد لایەنی بەرامبەر پابەند بکەیت؛ هیوادارم لایەنە سیاسییەکانی کورد درک بە مەترسییەکان بکەن و بایی ئەوەندە خەمیان هەبێت ئەگەر خۆیشیان کۆتاییان پێبێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێنەیەت."

دکتۆر سیڤان سەعید وەک ئاماژەی پێدەکات لایەنە شیعە و سوننەکانی عێراق بە باڵە جیاوازەکانیانەوە، هیچیان دیموکراتی نین و هیچیشیان ئامادە نین بە ڕەزامەندی خۆیان ماف بە هیچ گەلێک بدەن، وەک دەڵێت "سەریان بۆ ئەو جۆرە لە دەسەڵات دەخورێت کە دەسەڵاتێکی نێوەندی و ڕەهەندێکی تاک لایەنە بێت، دۆسێی فێدراڵیزم بەلایانەوە هیچ گرنگییەکی نییە و ئەزموونەکانی حەڤدە یان هەژدە ساڵی ڕابردوو پێمان دەڵێن هیچ تێگەیشتنێک نییە بۆ مافی نەتەوەی دووهەم و هەروەها کەمایەتییەکانی تریش؛ هەربۆیە هەر هەلێکیان دەستبکەوێت، هیچ دوو دڵ نابن بۆ ڕوخاندنی قەوارەی هەرێم؛ ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات بەرەنجامی لاوازییەکانی پارتی و یەکێتییە، بەرەنجامی ئەو هەڵە ستراتیژیانەیانە کە بوونە مایەی لەدەستدانی ئەو هێز و پێگەیەی کورد لە 2007 تا 2011ش هەیبووە لە بەغدا و حکوومەتی نێوەندی چاوەڕوانی کورد دەبوو، وەلێ مەخابن ئێستا پێچەوانە بۆتەوە."

موحەمەد حەکیم دەڵێت "کەس لەگەڵ ئەوە نییە کۆتاییبهێنرێت بە قەوارەی هەرێم بەڵام ئەوانەی هەرێم بەڕێوەدەبەن بە خراپی بەڕێوەی دەبەن، هەرێمی کوردستان بەر و ڕەنجی خوێنی سەدان هەزار هاووڵاتی کوردە".

News Code 7762

Your Comment

You are replying to: .
captcha