ئەگەری دابەزینی بەرچاوی دەنگی ئەردۆغان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لە ئارادایە

بەشی جیهان- دکتۆر مەهمەت ئۆزالپ، مامۆستای زانکۆی چارڵز ستۆرت پێیوایە ئەو ڕەخنانەی لەسەر شێوازی بە هاناوەچوونی حکوومەتی ئەردۆغان بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوە کوردنشینەکان هەیە، ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی دەنگی ئەردۆغان لەو ناوچانەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر مەهمەت ئۆزالپ، مامۆستای زانکۆی چارڵز ستۆرت و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ئیسلامی و شارستانییەتی ئەم زانکۆیە، ڕاگەیاند ئەگەری دابەزینی بەرچاوی دەنگی ئەردۆغان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لە ئارادایە.

ناوبراو لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری سیاسی کۆنڤێرسەیشێن بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەدای حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان بەرامبەر بە ئەو بوومەلەرزە کە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا هەژاند و زیانێکی زۆری مادی و مرۆیی لێکەوتەوە، دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چارەنووسی ئەردۆغان هەبێت.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی دا بەوەی کە کوردەکانی تورکیا 18%ی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن بۆیە ئەگەر حکوومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان گرنگییەکی جددی بە دۆخی کورد نەدات، ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی دۆخێکی شڵەژاو دەبێتەوە.

دکتۆر ئۆزالپ جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی زیادبوونی ڕەخنەکان بەرامبەر بە ئەدای حکوومەتی ئەردۆغان بەتایبەتی لەلایەن لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پارتی دیموکراتیکی گەلانەوە، ڕەنگە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی چارەنووسێکی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بێتەوە.

News Code 7749

Your Comment

You are replying to: .
captcha