بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەواڵدەریی فەرمیی عێراق بڵاوی کردەوە، فۆئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی ئەمنیی سنوورەکان بەشێک بووە لە دانوستانەکانی نێوانیان و عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ ئێران.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند، بەپێی دەستووری عێراق، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ قەدەغەیە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی، مافەکانی ئێران سەبارەت بە فرۆشتنی گاز بە عێراق تاوتوێ کراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پرسی مافەکانی ئێران بەشێکە لە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ واشنتۆن.
وەزیری دەورەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد که لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا بۆ عێراق زۆر گرنگه و ئاماژەی بەوەش دا که "هیوادارین ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران بگەنە ڕێککەوتن".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێمە لە گفتوگۆکەماندا جەختمان لەسەر خێراکردنی لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەی تیرۆری فەرماندەکانمان لە عێراق کرد.
ناوبراو ئاماژەشی دا بەوەی کە تاران پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ دەکات، جەختی کردەوە کە: هێز و پێشکەوتنی عێراق بەشێکە لە هێز و ئاسایشی ئێران.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران پشتگیریی تارانی بۆ حکوومەتی عێراق دووپات کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو میللەتی عێراق و ئێران خاڵی هاوبەش زۆریان هەیە و لە ڕاستیدا "ئێمە یەک نەتەوەین لە دوو جوگرافیای سەربەخۆدا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران هەمیشە ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرێت و پاڵپشتی عێراق دەکات لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیدا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەش کرد، پێمان وایە حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات وڵاتەکەی نەبێتە شوێنێک بۆ هەڕەشەکردن لەسەر وڵاتانی دراوسێ لەوان ئێران.
Your Comment