رێگە نادرێت هەرێمی کوردستان هاوکاریی کوردستانی سووریا بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە هاوشێوەی کوردستانی تورکیا تیمی فریاگوزاری و کۆمەک رەوانەی کوردستانی سووریا بکات، بەڵام رێگەی پێنادرێت.  

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "ئەو ناوچەیەی لە کوردستانی سووریا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانمەند بووە ناوچەیەکە لەڕووی ئەمنی و حکومڕانییەوە فرە دەسەڵاتە و تائێستا رێگەیان نەداوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیمی فریاگوزاری و کۆمەک و هاوکاری رەوانە بکات، ئەگەرنا ئامادەین هاوشێوەی هاوکارییەکان بۆ کوردستانی تورکیا، هاوکاریی کوردستانی سووریاش بکەین و بەهانای لێقەوماوانەوە بچین".

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە تاوەکوو رێگەیەک بدۆزێتەوە و بە هانای لێقەوماوانی کوردستانی سووریا و سووریاوە بچێت.

هاوکات ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی سڤیل لە عەفرین گوتی، "هیچ هاوکارییەکی دەرەکی بە کوردستانی سووریا نەگەیشتووە و هیچ تیمێکی بیانیش بەهانای هاونیشتمانییانەوە نەهاتووە."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سڤیل لە عەفرین گوتیشی، "دۆخێکی مرۆیی زۆر خراپ لە کوردستانی سووریا هەیە و هاونیشتمانییان بەم سەرمایە لە دەرەوە لەسەر زەوی و شەقامەکان ماونەتەوە."

ئێستا تیمێکی 250 کەسیی هەرێمی کوردستان لە کوردستانی تورکیان و جگە لە گەیاندنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی، چەند تیمێکیان سەرقاڵی رزگارکردنی ئەوانەن کە هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماون.

News Code 7691

Your Comment

You are replying to: .
captcha