بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا، کە عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەى بوو، پارێزگاری هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە.
پاشان گفتوگۆ لە بارەى لێکتێگەیشتنى 16 خاڵیەکەی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاى ئازاربایجانی ڕۆژئاوا کرا و هەردوولا خۆشحالیی خۆیان نیشاندا کە تاوکوو ئێستا زۆر باش و بەبێ کێشە و کەم و کوڕى جێبەجێکراوە و جووڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، بە مەبەستى پتەوکردن و گەشەسەندنى زیاترى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرەپێدان و زیادکردنى قەوارە و چالاکی بازرگانى نێوان هەردوولا لە دەروازە سنوورییەکان، ئاماژە بە سەردانى هەرسێ پارێزگارى ئورمیە، کرماشان، سنە درا، کە بریارە لە کۆتایی ئەم مانگە سەردانى هەولێرى پایتەخت بکەن و لەگەڵ پارێزگارانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵبجە و سەرپەرشتیارانى ئیدارە سەربەخۆکانى، گەرمیان، زاخۆ، سۆران و ڕاپەرین دیدارى و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن و ئامادەکارى بکرێت بۆ واژوو کردنى یاداشتى لێکتێگەیشتن و دووبارە دراشتنەوەى دەرفەتى زیاتر بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە کۆتایدا سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو پێشوازییە و جەختى لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و کونسڵخانە کردەوە.
Your Comment