کوردپرێس:
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه 16-1-2021، لاهوور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆ بووه‌وه.
له دیدارێكدا كه هه‌ریه‌ك له ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و هه‌رێم كه‌مال ئاغا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی دوا پێشهات و گۆڕانكارییه سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌كان و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عیراقدا.
لاهوور شێخ جه‌نگی پشتیوانیی یهكێیتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپات كرده‌وه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بڕگه یاسایه‌ی كه تایبه‌ته به پشكی كورد و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021 له پێناو چاره‌سه‌ركردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم.
هاوكات داواشیكرد كه پشكی جوتیارانی هه‌رێم له‌به‌رچاو بگیرێت و وه‌ك به‌ڵێنیان پێ‌درابوو كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت.
له ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا ده‌رباره‌ی پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق له‌و باره‌یه‌وه لاهور شێخ جه‌نگی جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو به هه‌وڵی هه‌موو لایه‌نه‌كان و ڕایگه‌یاند: هه‌ر بڕیارێك له‌لایه‌ن حكومه‌ت و كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه بدرێت وه‌ك یه‌كێتیی پشتیوانی ده‌كه‌ین بۆ ته‌واوكردنی ئاماده‌سازییه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه.
داواشی كرد سه‌رۆكوه‌زیران ڕۆڵی هه‌بێت له دابینكردنی ئاسایش و پاراستنی ئارامیی زیاتر له ناوچه دابڕێندراوه‌كان.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی كه هاوكار و پشتیوان بێت و هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له پێناو سه‌قامگیری عیراق و پاراستنی مافی هاووڵاتییان له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عیراق.
Your Comment