بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کۆی ئەو پارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەرگیراوە لە ٨ کێڵگە لە کۆی ١٠ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوتی هەڕێم کە لەلایەن ١١ کۆمپانیاوە وەرگیراوە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بریتی بووە لە ٣ملیار و ١١٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار.
شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە:
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO ASA
ناوچەی گرێبەستی تاوکی کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور و بەعشیقە
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا بڕی ٨٥٨.٧ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە، لەمبڕە ٦٢٥.٣ ملیۆن دۆلار شایستەی نەوتی فرۆشراوی ٣مانگی کۆتای ٢٠٢١ و ٧ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢، هەروەها ٨٢.٦ ملیۆنی بریتیبووە لە داهاتی ٣٪ ی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی قەرزی پێش ٢٠١٧ و ١٥٠.٨ ملیۆن دۆلاریش شایستەی دواخراوی کۆمپانیاکە بووە قەرز.
تەنها لە چارەکی چوارەمی ٢٠٢٢ دا بڕی ١٦٧.٣ ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە لەم بڕە ١٤٧ ملیۆنی بۆ شایستەی فرۆشی نەوتی خاوی کۆمپانیاکە بووە لە هەریەکە لە تاوکی و بەعشیقە بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەمووز . ئەوەی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٠.٣ ملیۆن دۆلار بریتیبووە لە داهاتی ٣٪ی کۆی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی بە پێی ڕیکەوتنێک لە مانگی ئابی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧,٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧ ١ .
پێشتر حکوومەتی هەرێم و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە مانگانە بڕێک پارەی قەرزی کۆمپانیاکەی وەکوو شایستەی دواخراوەی مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شواباتی ٢٠٢٠ دەدایەوە کە پشکی دی ئێن ئۆ لەو ماوەیەدا بریتی بوو لە ٢٤٠ ملیۆن دۆلار و لە چارەکی سێی ٢٠٢٢ دا تەواوی ئەوپارەیە دراوەتەوە٢.
کۆی بەرهەمی ئەو دوو ناوچەی گرێبەستە بەیەکەوە لە چارەکی چوارەمدا تێکڕا ١٠٧ هەزار و ٨٢٢ بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە لەم بڕە پشکی دی ئێن ئۆ ٢٥ هەزار و ٦١٨ بەرمیل بووە.
بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٢دا لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی فیشخاپور و تاوکی ١٠٨،٩٤٨ بەرمل بووکە کە فیشخاپور ٦٢.٠٠٣ بەرمیل و تاوکی ٤٦،٤٧٨ بەرمیل بووە لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠١٥ دا تەنها بەرهەمی کێڵگەی تاوکی بەبێ فیشخاپور ١٤٥،٢٠٠ بەرمیلی رۆژانەبووە واتە لەماوەی ئەم ٧ساڵەدا رۆژانە ٩٨،٧٢٢ بەرمیل تەنها لەبەرهەمی ئەم کێڵگەیە کەمی کردوووە و بەرهەمی بەعشیقەش بەتێکرا لە چارەکی سێهەمدا ٦٠٠ بەرمیلی رۆژانەبووە بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ.
کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی پشکی ٧٥٪ و ئەوی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٥٪ پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکییە لەناوچەی گرێبەستی تاوکی. هەروەها لە بەعشیقە کۆمپانیاکە ٦٤٪ پشکی هەیە و کۆمپانیای تی ئی سی TEC کۆمپانیای وزەت تورکی ١٦٪ و هەرێمی کوردستان ٢٠٪ی پشکەکانیان هەیە٣.
پرۆژەی گازی فیشخاپور- تاوکی کە بە بری ١١٠ ملیۆن دۆلار لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٢٠ دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بڕی ٧.٦ ملیار پێ سێجا گازی گلداوەتەوە لە فیشخاپور و بە هێڵێک گواستویەتییەوە بۆ کێڵگەی تاوکی و داخڵی حەشارگەکەی کردووەتەوە کە بەرانبەرە بە ٤٦١،٥٠٠ تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن CO2 کە پێشتر ئەو گازە لە کێڵگەکە دەسوتێنرا.
تێچووی بەرهەمهێنان٤ لە تاوکی بریتییە لە ٣،٤ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە کاتێکدا لە دەریای باکور تێچووی بەرمیلێک بۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە نێوان ١٧.٥ بۆ ٢١.٩ دۆلاردایە کە ٥ بۆ ٦ هێندەی کوردستانە.
کۆمپانیای گنێڵ ئەنێرجی
ئەم کۆمپانیایە لەچەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنانی هەیە لە گەڵ کۆمپانیایی دی ئێن ئۆ یەکێکن لە کۆنترین کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان دەکەن. گەنێل لە هەریەک لە کێڵگەکانی تەق تەق، تاوکی فیشخاپور و سەرتە نەوت بەرهەم دەهێنێت.
گەنێڵ ئەنێرجی لەساڵی ٢٠٢٢ دا کۆی ٤٧٣ ملیۆن دۆلاری لە هەرێم وەرگرتووە لە کاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا بڕی ٢٨١ ملیۆنی لەهەرێم وەرگرتووە کە ١٩٢ ملیۆن دۆلار بەراورد بەساڵی پێشوو داهاتی زیادی کردووە کە رێژەی زیادەکە نزیەکی ٦٨٪ ی ساڵی ٢٠٢١ دەبێت. کە هۆکارەکە بۆ بەرزی نرخی نەوت دەگەرێتەوە . هەروەها لەو ماوەیەدا کۆمپانیاکە بڕی ١٢٤ ملیۆن دۆلاری وەکو داهاتی ٤.٥٪ی کۆی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧ بەهەمان شێوەی دی ئێن ئۆ وەرگرتووە. وە بڕی ٩٤ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی دواخراوی مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شواباتی ٢٠٢٠. بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازاری٢٠٢١ەوە پەیڕەوی دەکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە ٢٠٪ بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت بدرێتەوە. پێشتر لەدوو مانگی سەرەتای ٢٠٢١دا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بووە.
کۆمپانیاکە بری ١٤٠ ملیۆن دۆلار سەرمایە گوزاری کردووە لەهەرێم کە کەمترە لەوەی کە دانرابوو ئەویش بە هۆی ئەوەی سەرمایەگوزاری بۆ لێدانی بیر لە کێڵگەی تەق تەق دواخراوە. لە تاوکی گەنێل ٤٧ ملیۆن دۆلار و لە سەرتە بڕی ٤٧ ملیۆن دۆلار سەرمایە گوزاری کردووە.
شایستەی گەنێڵ لە تاوکی:
کۆی ئەو پارانەی گەنێڵ بۆ تاوکی وەری گرتووە بریتی بووە لە ٤١١.٦ ملیۆن دۆلار لەم برە ٢٠٠ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار وەکو شایستەی فرۆشی نەوت، ١٢٤.١ ملیۆن دۆلار کۆی ٤،٥٪ ی داهاتی ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەبری قەرزی پێش ساڵی ٢٠١٧ هەروەها بڕی نزیکەی ٨٧ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی مانگاکانی تشرینی دوومی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ وەرگرتووە.
شایستەی تەق تەق گەنێڵ ئەنێرجی و ئاداکس پەترۆلیۆم
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا کۆی ٣١.١ ملیۆن دۆلاری وەکو پشکی خۆی بۆ ئەم کێڵگەیە وەرگرتووە کە بڕی ٢٣،٦ ملیۆن دۆلاری شایستەی فرۆشی نەوت بووە و بڕی ٧.٥ ملیۆن دۆلاریش وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکانەقەرز وەلە سەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکان و بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم ئەوا کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم کە هاوبەشی دووەمە نزیکەی ٢٥.٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە کە بڕی ١٩.٣ ملیۆن شایستەی فرۆشی نەوتی ئەو ١٠ مانگەیە لەساڵی ٢٠٢٢ دا وەرگیراوە و بڕی ٦.١٣ ملیۆن دۆلار شایستەی ئەومانگانەیە کە دواخراوە قەرز. واتە کۆی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان لەساڵی ٢٠٢٢ دا وەریان گرتووە لە کێڵگەی تەق تەق بریتی بووە لە ٥٦.٥٣ ملیۆن دۆلار.
کێڵگەی تەق تەق یەکێک بوو لە کێڵگەگەورەکانی هەرێم کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٤٤% پشکی کێڵگەکەیەو هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە و هەرێمیش ٢٠٪ . گەنێڵ ئەنێرجی لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە گرێبەستی لەم کێڵگەیە هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێـم. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەم گەشتە ١٤٨،٢٠٠ بەرمیل لەرۆژێکدا پاشان لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەمی کەمبویەوە بۆ ١٢٨،٩٠٠ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لە و کاتە بەدواوە بەردەوام ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەکەم بووندایە تا وەکو ئێستا ئاستی بەرهەمی ٣،٩٧٠ بەرمیلە ، هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو Coning بۆ ناو حەشارگەکە دەگەڕێنرێتەوە,شارەزایان هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ زۆر فشارکردنە لە بیرەکان و زیاتر لەو برەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێت دەگێرنەوە.
شایستەی سەرتەگەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن
لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بڕی ٣٠.٣ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. هەروەها بەپێی پشکەکان کۆمپانیای شیڤرۆن بڕی ٥٠.٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە.. لەم کێڵگەیەدا شایستەی دواخراو نییە چوونکە ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا.
یەکەم جار کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شێڤرۆن شایستەی دارایی ئەم کێڵگەیان وەرگرت لە مانگی کانونی یەکەمی٢٠٢٠دا بوو..
سەبارەت بە کەمبونەوەی بەرچاوی بەرهەمی کێڵگەی سەرتە و ئایا هەمان سەرئەنجامی تەق تەق` چاوەڕێی سەرتەش دەکات، لە کەم بوونەوەی بەرهەم؟ کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پێی ڕاگەیندین " سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە ئێستا بەرهەم قازنج بکات، پاشان هەر وەبەرهێنانێکی سەرمایە ی زیادە پەیوەستە بە هەریەک لە قازانجی ناوچەی گرێبەستەکە و ئاستی متمانە بەوەی کە وەبەرهێنانێکی لەوجۆرە چەندە داهات زیاد دەکات". سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەم دەڵێت" رێنماییەکانی بەرهەم هێنانمان لەسەرتە هیچ باشترکردنی بەرهەم لەخۆناگرێت".
بەرهەمی کێڵگەکە سەرەتا ٥٠٠٠ بەرمیل بوو پاشان بۆ زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرزبوویەوە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لە نیوەی دووەمی ٢٠٢٢ ە وە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە ٣،٩٦٠ بەرمیلی رۆژانەدایە. لەم کێڵگەیەش دیسان کێشەی راکێشانی ئاو هەیە بۆ بیرەکە ،Water coningبەهۆی هاتنی ئاو بۆ ناوبیرەنەوتییەکان بەرهەم کەمی کردوو .
کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.
کێڵگەی قەرەداغ گەنێڵ ئێنێرجی و شیڤرۆن
گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSAی قەرەداغ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ کۆتای هاتووە. لەوەڵامی پرسیاری ڕوونبیندا سەبارەت بە ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ گەنێڵ ئێنێرجی بە ڕوونبینی ڕاگەیاند" ئێستا گرێبەستی PSA ی قەرەداغ بەسەرچووە و لەدەستی حکومەتی هەرێمدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گفتووگۆ سەبارەت بە ئایندەی ناوچەی گرێبەستەکە لە ئارادایە" . گەنێڵ لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند لەمساڵدا هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام نازانرێت دوای چەند ساڵ کارکردن چەندیان خەرج کردووە. وەسەبارەت خەرجی کۆمپانیاکان لە وکێڵگەیە وتەبێژی گەنێڵ بەروونبینی ووت" کۆی گشتی خەرجی ناوچەی گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە". لە ئێستاشدا بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و بەدواداچوونەکانمان کۆمپانیای گەنێڵ هەموو ستافەکەی و نوسینگەکەی سلێمانیشی کشاندووەتەوە هەموو ئاماژەکان بەوئاراستەیەن کە کێڵگەکە رادەست بکاتەوە و سودی ئابووری نەبێت بۆ کۆمپانیاکە. هەروەها کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە پێگەی فەرمی خۆی کێڵگەی قەرەداغی لابردووە کە تا پێش چەند هەفتەیەک وەکو کێڵگەیەک کە لە قۆناغی پێش بەرهەمهێناندایە pre-production دانراوو.
کێڵگەی نەوتی قەرەداغ کەوتووەتە ناوچەی قەرەداغی سلێمانییەوە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پشکی ٤٠٪ ی پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای شیڤرۆنێش ٤٠٪ و هەرێمی کوردستانیش ٢٠٪.
قەرەداغ بەپێی ڕاپۆرتەکانی شیڤرۆن و گەنێڵ ئەنێرجی ناوچەیەکی جیۆلۆجی ئاڵۆزە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کرینەوەی بەشێک لە پشکەکانی شیڤرۆن و لەو کاتەوە وەکو کۆمپانیای سەرکار گەڕان و پشکنین دەکات و خەریکی هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بوو و چەندین جار کێشەی بۆ دروست بوو کاری هەڵکەندن هەڵدەسەپێردراو ڕادەگیرا و جارێکی تر دەستی پێدەکردەوە تاوەکو ئەوەبوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیا رایگەیاند کە سەرکەوتوو نەبوون و جارێکی تر لە گەل هاو کارەکانیاندا هەڵسەنگاندنی بۆدەکەنەوە. شیڤرۆن یەکێکە لەکۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری گاز و نەوت و سەبارەت بەهەرێمی کوردستان دەڵێت " شێڤرۆن تەکنۆلۆجیای زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت لەهەرێمی کوردستان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا" بەڵام وادیارەمەترسی و ئاڵۆزییە جیۆلۆجییەکان نائومێدی کردوون. بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSA گەر کۆمپانیا لەماوەی گەڕان و پشکنیندا نەگەشت بە بەرهەمی بازرگانی مافی وەرگرتنەوەی هیچ خەرجییەکی نییە. بۆیە ئەگەری هەیە حکومەتی هەرێمیش گرێبەستەکە بۆ کۆمپانیاکە درێژنەکاتەوە گەر ئەوە بکات ئەوا لە ماوی کەمتر لە ساڵێکدا ٣ کێڵگە لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەردەگیرێتەوە.
کێڵگەی میران و بنەباوی:
کێڵگەی بنەباوێ و میران دوو کێڵگەی گازین و ١٠٠٪ ی پشکەکانی ئەم دوکێڵگەیە هی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بووە.
دوای ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە بەرواری ٢٠ ی ئابی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێ کۆتایی بهێنێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم لە کێڵگەی بنە باوی ومیران کۆمپانیاکە لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ رایگەیاند بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کۆتایی پێ دێنێت.
دوای ئەوەی هەرێم گرێبەستی گەنێڵ ئێنێرجی لە هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندەوە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە رایگەیاند “گەشتینە ئەو دەرەنجامەی هیچ بژاردەیەکی کردەیمان لە بەردەم دا نییە جگە لە رازی بوون بە کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم وە کو دەرەنجامێک بۆ کۆتایی پێکهێنانی گرێبەستەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، وە داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم بکات”.
بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست روونبیندایە دادگای ناوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration مانگی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاری کردووە وەکو وادەی دادبینیکردنی بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی. لە داواکەدا کۆمپانیاکە داوای قەرەبووکردنەوەی زۆر دەکات، بۆ ئەوزیانە گەورەیەی لێی کەوتووە لە ئەنجامی کۆتای هێنان بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم بۆ هەردوو کێڵگەی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گەنێڵ وادەڵێت.
لە بەرانبەردا وەزارەتی سامانە سرشتییەکان دەڵێت“حکومەت نیگەرانە لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنەباوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا”. هەروەها دەڵێت"حکومەت توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت. حکومەت بە توندی بەرگری لە هەر داوایەک دەکات کە لەلایەن گەنێلەوە دژی کراوە، وە بەنیازە دژەداوی هەبێت بۆ قەرەبوکدنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە".
کێڵگەی بنەباوێ ٣٠٠ کم لەسنووری تورکیاوە دورە وە ٦٠ کم لە هەولێرە وە . یەکەم گرێبەست لەساڵی ٢٠٠٦ کراوە. یەدەگی نەوتی بنەباوێ مەزەندەکراوە بە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری زۆر سوک API 45 و هەروەها یەدەگی گازیش بە ٨٫٢ ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندەکراوە.و لەساڵی دا ٢٠٠٧ یەکەم بیر لێدراوە و تا ساڵی ٢٠١٤ شەش بیر لێدراوە و تەواو بووە ، هەر لەو ساڵەدا ڕاگەیەنرا کە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە کەمە بەڵام گازێکی زۆری هەیە. چاوەڕێ دەکرا بەرهەمی گازی بنەباوێ بەدوو قۆناغ لە ٣٥٠بۆ ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بێت. یەکەم ماوەی بنیات نان و دووەمیش ماوەی سەقامگیری بەرهەم کە پێدەوترێ Plateau period. پاشتر بەپێی گرێبەستی کرین Lifting Agreement کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ دا ئیمزاکراوە، حکومەتی هەرێم گازی بنەباوێ دەکرێت بەنرخی ١,٢$ بۆ هەر هەزار پێ سێ جایەک. بەپێی رێکەوتنەکە پەرەپێدان بە دوقۆناغ دەکرا، قۆناغی بنیاتنان کە دوساڵە و قۆناغی دوەم ١٠ ساڵ دەبێت.
کێڵگەی گازی میران دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ڕووبەری گرێبەستی میران 293 میل چوارگۆشەیە و یەدەگی گازی سروشتی مەزەندە دەکرێت بە ٦.٨ بۆ ٩.١ تریلیۆن پێ سێجا نزیکەی لە نێوان ١٩٢ بۆ ٢٥٧ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی و 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.
گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL
کێڵگەی شێخان
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ئێم ئۆ ئێڵ ی هەنگاری پێکەوە وەبەرهێنان دەکەن.
لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا هەریەک کۆمپانیاکانیتری نەوتی هەرێم گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ بە ١١ گوژمە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.
کۆی ئە پارەیەی گۆڵف کیستۆن لەو ماوەیەدا وەری گرتووە بریتیی بووە لە ٤٥٠.٩ ملیۆن دۆلار بووە، لە فرۆشی نەوت ٤١٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و قەرزیش ٤٠.٩ ملیۆن دۆلار. قەرزەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ وتا شوباتی ٢٠٢٠، پە پێی ڕاگەیاندنی گۆڵف کیستۆن لە گەڵ ئەو گوژمەیەی لە مانگی ئایاردا بۆ شایستەکانی شوباتی ٢٠٢٢ وەرگیراوە کۆتایی هاتووە و کۆمپانیا هەموو قەرزەکانی وەرگرتووەتەوە.
هەروەها کۆمپانیای ئۆ ئێم ئێڵ OML بڕی ١٢٥.١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە لەم بڕە ١١٣.٧ ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیە بووە و ١١.٤ ملیۆن دۆلاریش بۆ قەرزەکان و ئێستا هەردوو کۆمپانیاکە تەواوی قەرزەکانیان وەرگرتووەتەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە ٤٦،٨٠٠بەرملی رۆژانەبووە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی ئاستی بەرهەمی شێخان بریتی بووە لە ٤٠٠ ,٤٤ بەرمیل نەوت ئەویش بۆ هەندێ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێتەوە بەدیاریکراوی شۆرتی کارەبا لە یەکێک لە بیرەکاندا.
کۆمپانیاکە پێشتر لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند بڕیارە لە لە چارەکی چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەتی ڕۆژانە بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەم هەمان ئاستی ٢ساڵ پێش ئێستایە. تێچووی بەرمیلێک نەت لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە.
کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ئێم ئۆ ئێڵ پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا.
ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا. قەرزەکانی گۆڵف کیستۆن ٧٣ ملیۆن دۆلار و ئێم ئۆ ئێڵ ٢١ ملیۆن دۆلار بووە بۆ ئەو ماوەیە.
کێڵگەی شێخان ١٧ بیری تێدا هەڵکەنراوەو ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 . کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوەبە بۆری بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە.
تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە نزیکە ١١٥ ملیۆن بەرمیل دەبێت.
یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە:
• یەدەگی سەلمێنراو 1P reserves: 224 MMstb
• یەدەگی ئەگەری 2P Probable: 2P reserves: 489 MMstb
جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا بەداشکاندنی ٢١.٢ دۆلار فرۆشراوە.
شاماران ShaMaran
کۆمپانیای شاماران لە دوو کێڵگەی نەوتی گرێبەستی هەیە و نەوت بەرهەم دەهێنێت.ئەوانیش کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگە.
کێڵگەی ئەتروش شاماران و تاقە
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش لە٢٠٢٢ دا وەریانگرتووە بریتی بووە لە ٤٥٣.٧٦ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٦٧،٤٤ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی ٢٨٦.٣٢ ملیۆنی وەرگرتووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی ئەتروش لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە ١١ بیری بەرهەم هێنەوە بریتی بووە لە ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تا ٣١/١٢/٢٠٢٢ کۆی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە ٦٧ ملیۆن بەرمیل. کۆمپانیای شاماران لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات.
کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە لە گەڵ وەرگرتنی شایستەی دارایی مانگی ئازاردا دوا گوژمەی قەرزەکانی دوو مانگی کۆتایی ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠ یان وەرگرتووەتەوە.
کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی ئەتروش.
سەرسەنگ شاماران و ئێچ کەی ئێن
شاماران لەم کێڵگەیە نوێ یە پێشتر کۆمپانیا تۆتاڵی فەرەنسی وەبەرهێنانی تێدا دەکرد بۆیە لەسەر بنەمای پشکەکان داهاتی شاماران و توتاڵ دیاری دەکەین، لە بەرئەوەی پێشتر تۆتاڵ زانیاری لەسەر داهاتەکانی لەهەرێم و بڕی شایستەکانی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر بنەمای پشکەکان بەنزیککراوەیی داهاتی کۆمپانیاکە دەردەکەین.
لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN ئەمەریکی خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی ١٨٪ ی پشکەکان کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشکاکانی تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN لەماوەی ئەوساڵەدا ١١ گوژمە پارەی وەرگرتووە بە کۆی بڕی ٤٠٧ ملیۆن دۆلار ی لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە ولەم بڕە ٣٦٧ ملیۆن دۆلار وەکو داهاتی فرۆشی نەوتی کێڵگەکە یە و ٤٠ ملیۆن دۆلاریش قەرزی وەگرتووەتەوە. هەروەها تۆتاڵ و پاشان شامران پێکەوە ١٢٥،٣ ملیۆن دۆلارینا وەرگرتووە لەم بڕەش ١١٣.١٣ ملیۆن دۆلار وەکو فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیە و ١١.٥٧ ملیۆن دۆلاریش قەرزی وەرگرتووەتەوە. لەمانگی شوباتی ٢٠٢٢ دا هەموو قەرزی ئەو چوارمانگە دواخراوەی ساڵی ٢٠١٩ و٢٠٢٠ وەرگرتووەتەوە.
کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢٢ بریتی بووە لە ٥٤.٣ملیۆن بەرمیل نەوت.
. پشکی شاماران لە بەرهەمهێنان لەساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ٦٠٪ زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ئەوەش بەهۆی کرینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ لە کێڵگەی سەرسەنگ کە ١٨٪ ی پشکی کێڵگەکەیە. کۆی بەرهەمی هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ تا کۆتا رۆژی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ١٢١ ملیۆن بەرمیل نەوت.
کۆی ئەو شایستە دارایینەی کۆمپانیاکە بۆ مانگی ئاب تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ناردویەتی بۆ حکومەت و هێشتا وەری نەگرتووە وەکو لە خشتەکی خوارەوەدا دیارە ٢١٦ ملیۆن و ٦٧ هەزار دۆلارە، لەم بڕەش ١٦٧ ملیۆن و ٤٥٢ هەزار دۆلاری پشکی ئێچ کەی ئێنە و شامارانیش ٤٨ ملیۆن و ٦١٥ ملیۆن دۆلار. بڕیارە لە پاش ٩٠ رۆژ کۆمپانیاکان شایستەیان وەربگرن بۆ هەرمانگێک
نەوتی سەرسەنگ کوالیتی بەرزە و API لە نێوان ٣٧- ٣٩ یە وە پێشتر نرخی بەرمیلێک نەوتی بە داشکاندنی ٧ دۆلار لەژێر نرخی رۆژی برێنتەوە دیاری دەکرا،و کۆمپانیاکانی نەوت لە ناویانیشیانا ئێچ کەی ئێن HKN دەڵێن دڵنیا نین و نازانن نرخەکان بەم پێوەرە نوێیە چۆن کاریگەردەبێت لەسەریان.
ئەوەی جێی سەرنجە نرخی بەرمیلێک نەوتی ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە واتە لەوئەوبەروارەی کە کە پێوەری KTB بلێندی کوردستان لەبری برێنت بۆ دیاری کردنی نرخ دەستنیشان دەکرێت لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە.
ئایا ئەم داشکاندنە زۆرە بۆ ؟ ئەگەر هەیە هەرێم کێشەی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بۆ درووست بووبێت ئەم هەنگاوەی بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیارانی نەوتبێت. پێدەچێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ و ئەو رێوشووێنانەی حکومەتی فیدراڵ دژی سەکتەری نەوت گرتویەتییەبەر سەرئێشە و کێشەی بۆ هەرێم دروستکردبێت لە فرۆشی نەوتەکەی. لە ڕاگەیاندنی کۆمپانیاکانی نەوتدا هاتووە هەرێم ئەم هەنگاوەی کە ناوێتی لە دیاریکردنی نرخی نەوت لەسەر بنەمای KTB نەک برێنت بۆ وەڵامدانەوانەی ئەوڕێوشوێنانەیە کە لە بەندەری جەیهان گیراوەتەبەر و پێداویستی بازاڕە ئەوا دەکرێت تا ئەوکاتەی رونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت بە گەڕانەوەیە بۆ دواوە لێکبدرێتەوە.
لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس دژی تورکیا ئەوکات گورزێکی گەورە تر بەر هەرێم دەکەوێت و سەرئێشەکانی زیاتر دەبێت.
هەروەها کشانەوە کۆمپانیا ترافیگورای بازرگانی نەوت کە گرێبەستی لەگەڵ هەرێم هەبوو بۆ بەبازاڕکرنی بەشێک لەنەوتی هەرێم،گورزێکی ترە لە توانای بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم دکەوێت. کشانەوەکەشی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی هەرێمەوە هەرێم ئامادە نەبووە دانوستانی لەگەڵ بکات.
کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و تێکڕا ئاستی بەرهەمی لە ٢٠٢٢ دا رۆژانە بریتی بووە لە ٣٣٫٠٠٠ بەرمیل نەوت.
کۆمپانیای فۆرزا
لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە، لە ئێستادا شایستەکانی ٩مانگی یەکەمی ٢٠٢٢ ی راگەیاندووە و بڕی ٢٦٦.٣ دۆلاری وەرگرتووە بۆ ٢،٦٢٩،٣٠٠ بەرمیل نەوت.
لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دا بڕی ٨٢.٤ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیای فۆرزاوە، لە ناویدا بڕی ٦٩ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی نەوتی فرۆشراوی فۆرزا بووە لە وچارەکەدا کە بڕی ٨٥١،٠٠٠ بەرمیل نەوت بەنرخی ٨١.٠٧ دۆلار بۆ هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە. داهاتی چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ بە بڕی ٤٦.٦ ملیۆم دۆلار زیادی کردووە بە بەراورد بەهەمان ماوەی ٢٠٢١. زیادکردنی داهات ٨٢٪ی بۆ بەرزی نرخی نەوت و ٢٦٪ ی بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەم دەگەرێتەوە. ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لە چارەکی یەکەمدا ١٤٫٦٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بەڵام لە مانگی نیساندا بۆ ١٠٠،١٥ بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە واتە رێژەی ١٠٪ی بەرهەم زیادی کردووە .
لەچارەکی دووەم دا داهاتی کۆمپانیاکە ٩٨.٨ ملیۆن دۆلار بووە لەم بڕەش ١٦ ملیۆنی خەرجی بووە. و نرخی نەوتی کێڵگەکە بە ٨٢.٠٧ دۆلار بووە بۆ بەرمیلێک و کۆی ٨٧٧،٥٠٠ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە وەک پشکی فۆرزا.
لە چارەکی سییەمدا داهاتی کۆمپانیاکە ٨٥.١ ملیۆن دۆلار بووە لەم بڕاش ١٣.٨ ملیۆن دۆلاری خەرجی بووە. نرخی نەوت لەم چیکرارەکەدا ٧٩.١١$ دۆلار بووە و پشکی کۆمپانیاکە لەنەوتی بەرهەم هاتووی کێڵگەکە ٩٠٠.٨٠٠ بەرمیل بووە. تێکڕای بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە لە چارەکی دووەم و سێیەمدا بریتی بووە لە ١٥هەزار و ١٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا لە ژێر ناوی Orex Petroleum دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت.
ئەو کۆمپانیانەی شایستە و زانیاریان لەسەر کێڵگە نوتییەکان بڵاو ناکەنەوە
کـــار گروپ خورمەڵە
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە لە ئێستادا بە١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە. ڕوونبین تا ئێستا هیچ هۆکارێکی پەیوەندی کردنی دەستنەکەوتووە بۆ پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای کارەوە بۆ دەستخستنی زانیاری و کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی.
ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم.
کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت.
هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە ڵام دیسان دیار نییە ئێستا بەچ نرخێک نەوت دەپاڵیوێت، بەڵام لە ڕابوردوودا بەپێی ئەو پارانەی لەحکومەت وەریانگرتووە بۆ پاڵاوتن بە دوو هێندەی ئەو نرخە مەزەندە دەکرێت کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت!
گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس
کێڵگەی گەرمیان
ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە.
ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ١٤ هەزر بەرمیل دابەزیوە. هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە دەگەرێتەوەو ڕاکێشانی ئاو لەگەڵ نەوتەکەدا بەرێژەیەکی زۆرە کە جیاکردنەوەی قورسە هەندێک جار، هەروەک لە تەو تەو و سەرتە و پێشتریش لە تاوکی ڕویدا.
جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI یەکەی لە ٤٥ دایە.
بیرە نەوتییەکانی گەرمیان کە لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیری نەوتە .
بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین.
بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جرێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.
تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکوو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە.
پوختەی ئەوپاراناەی ١١ کۆمپانیای نەوتی لە ٨ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم وەریان گرتووە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا کە بەسەریەکەوە ٣ ملیار و ١١٥ ملییۆن دۆلاریان وەرگرتووە کە بەیەکەوە رێژەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دێنن.
سەرچاوە: درەو میدیا
Your Comment