که‌شی‌ ئه‌رێنيی ئه‌م دواييەی نێوان‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا  يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بريکارى سکرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و یەکێتی و پارتیی تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سایتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە نێچيرڤان بارزانى، پێشوازیی له‌ ڕۆزمارى ديکارلۆ، بريکارى سکرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروبارى سياسى و بنياتنانى ئاشتى و شاندێکى ياوه‌رى کرد که‌ له‌ جينين پلاسخارت نوێنه‌رى سکرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق و چه‌ند به‌رپرسێکى ديکه‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کان پێکهاتبوو".

له‌ کۆبوونه‌وه‌کەدا دۆخى هه‌رێمى کوردستان و هه‌وڵه‌کان بۆ ڕێککه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌کان له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن، کۆمسيۆنى هه‌ڵبژاردن و بۆچوونى پێکهاته‌کان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕى دژى تيرۆر، دۆخى ئێزدييه‌کان و ناوچه‌ى‌ شه‌نگال، تاوتوێ کران.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ که‌ش و زه‌مينه‌يه‌کى له‌بار بۆ کۆبوونه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌کان به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌کێتى و گفتوگۆى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانيان هه‌يه که‌ ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و پرسه‌کانى تايبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنيشان کردنى ڕۆژێک بۆ ده‌نگدان.‌

سەرۆکی هەرێم ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ئه‌و که‌شه‌ ئه‌رێنييه‌ى ئه‌م دواييه‌ بۆ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ره‌کردنى کێشه‌کانى نێوان هاتووه‌تە ئاراوه‌، به‌‌تايبه‌تى ده‌رباره‌ى ياساى بوودجه‌ى عێراق و ياساکانى نه‌وت و گاز و دابه‌ش کردنى داهاته‌کان، يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى جێبه‌جێ کردنى ڕێککه‌وتنى پێکهێنانى حکوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و کارنامه‌که‌ى، هه‌روه‌ها پێويستيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاوکاريى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فيدراڵيى عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌کانى ماده‌ى 140، جه‌ختيشيان له‌ گرنگيى جێبه‌جێکردنى ڕێککه‌وتنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ئاسايي کردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال کرده‌وه‌.

په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌که‌ و چه‌ند پرسێکى ديکه‌ى جێى بايه‌خى هابه‌ش، ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

News Code 7612

Your Comment

You are replying to: .
captcha