بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆ بووەوە، فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد، ئەم فراكسیۆنانە پێشتر بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، بایكۆت یاخود كشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان راگەیاندووە.
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ درەو سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا هەموو لایەنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەموار بكرێتەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش كارا بكرێتەوە و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، واتە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی:" بەپێی ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردووە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان شێوازی هەڵبژاردن بە چوار بازنە دەبێت و بایۆمەتری هەڵبژاردنی 2021ی عێراقیش وەكوو بنەمای تۆماری دەنگدەران وەردەگیرێت.
Your Comment