تا ئێستا ملیارێک و 100 ملیۆن دینارم رادەستی کۆمەڵ کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لەماوەی دەست بەکار بوونەمەوە تائێستا ملیارێک و 100 ملیۆن دینارم رادەستی کۆمەڵ کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووکی خۆی له‌ پۆستێکدا نووسیویه‌تی: "لەماوەی ئەندام ئەنجومەنیم و تا ئێستاش کە پەرلەمانتارم ئەو شایستە داراییەی کە کۆمەڵ لەسەری داناوم بەبێ دواکەوتن جێبەجێم کردووە و تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار و ۱٠٠ ملیۆن دینارم وەک پشکی کۆمەڵ ڕادەستی بەشی دارایی کردووە لە ساڵی ۲٠۱۱ هەتا ئێستا".

ناوبراو ده‌شڵێت: "بەردەوام شایستەی دارایی مانگانە ١٢ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار دینار ڕادەستی دارایی دەکەم و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە بۆ خەرجی پاسەوانەکانم و سەیارە و هاتوچۆ بەتەیارە و خەرجی ئەو ماوەی کە لەبەغدا دەمێنمەوە لەگەڵ ئەو بڕەی کەدانراوە بۆ خۆم خانەوادەکەم".

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "ئەو متمانەیەی کە جەنابی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی مامۆستا علی پاپیر پێی بەخشیوین وەک ئەندام و وەک فراکسیۆن کە هیچ هێزێکی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو متمانەی پێ نەدراوە بۆ کارکردن و دەست کراوەیی لەکارکردندا، من بۆ خۆم هیچ کارێکم ئەنجام نەداوە بەبێ ڕاوێژی جەنابی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و قەناعەتیشم نییە هیچ ئەندام پەرلەمانیکی هێزەکانی دیکە هەبێت بەئەندازەی من پەیوەندی بتەو بێت لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکەی.

ناوبراو درێژە دەدات: بەنموونە لەماوەی یەک هەفتە لە بەغدا بمێنم ئەگەر هەموو ڕۆژ پەیوەندی بەجەنابی ئەمیرەوە نەکەم لانی کەم سێ جار پەیوەندیی پێوە دەکەم بۆ ڕاوێژ کردن بەتایبەت ئەگەر جووڵەی سیاسی هەبێت.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئه‌وه‌شی نووسیوه‌، جا با هەندێک لایەن ئەوەندە فاڵ نەگرنەوە لەبارەی پەیوەندی من و جەنابی ئەمیری کۆمەڵ و سەرکردایەتیەکەم.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 761

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha