بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ڕایگەیاند: ئێستا حکوومەتی فیدراڵیی عێراق پابەندە بە راگرتنی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
مەسروور بارزانی لەو بارەوە گوتی: "ئەوەی لەسەری رێککەوتووین ئەوەیە کە هەموو ئەو گوشارانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەن ئێستا رادەگیرێن. چاوەڕێ دەکەین تاوەکوو یاسای تایبەت بە نەوت و گازمان دەبێت".
سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و چەند کاتی پێویستە، مەسروور بارزانی دەڵێت، لەماوەی چەند مانگێکدا دەبێت و دەشڵێت: "کاتێکی دیاریکراومان هەیە کە ئەویش ماوەی شەش مانگە، نازانم کە ئەوە واقیعییە، بەڵام هیوادارم کە بەزووترین کات ئەو کارە بکرێت و جێبەجێ بکرێت".
بارزانی لەبارەی پێدانی حەقدەستی کۆمپانیایا بیانیەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، رایگەیاند: "هەوڵمانداوە سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکان و بازرگانانی بواری نەوت بزانن بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پێدانی پارەکەیان و پێدانەوەی سەرجەم ئەو قەرزانەی لامانە".
مەسروور بارزانی گوتیشی، "هەر کاتێک لەگەڵ بەغدا گەیشتنە رێککەوتن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی پێدانی پارەکە خێراتر دەکات".
Your Comment