هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیمان لەگەڵ په‌كه‌كه‌ نییە و تۆمەتەکانی تورکیا ڕەت دەکەینەوە

بەشی سووریا- فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ رایگەیاند کە ئەنقەرە نابێت سزای کوردەکانی سووریا بدات بەهۆی شکستی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر رایگه‌یاندووه‌: "ئێمە هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین، پێشبینی دەکەین لە مانگی شوباتدا هێرش بکرێتە سەر کۆبانێ كه‌ مانایه‌كی گرنگی هه‌یه‌ بۆ كورد لە سەرانسەری جیهان، تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستی کۆ بکاتەوە و پێدەچێت پێیوابێت کە جارێکی دیکە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤا دەتوانێت خزمەت بەم مەبەستە بکات".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "تورکیا لە ڕابردوودا هەر بیانووی مه‌ترسی بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌ی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە، یەکەم، ئێمە هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لە دژی تورکیا و گەلەکەی و سنوورەکانی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە دروست ناکەین، من چەندین جار رامگەیاندووە، لەوانە لە چاوپێکەوتنەکانی پێشوم لەگەڵ ئێوەدا، کە ئێمەی کوردی سووریا و ئیدارەی خۆسەر دەمانەوێت پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت، ئێمە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی مەدەنی لە سووریا هەرگیز لە ناوخۆی سنوورەکانمانەوە هێرشمان نەکردوه‌تە سەر تورکیا و تەنها لەکاتی هێرشکردنە سەرمان له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ به‌رگری ره‌وامان كردووه‌، هیچ نیازێکی دوژمنکارانەمان نییە بەرامبەر تورکیا، چ ئێستا و چ لە داهاتوودا".

مەزڵوم کۆبانێ دەشڵێت: "لە ئاستی سەربازی و دیپلۆماسیدا کۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵ تورکیا هەبوو، بەڵام کاتێک تورکیا بڕیاری دا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) کۆتایی پێبهێنێت لە ساڵی 2015دا شه‌ڕی له‌ دژی پەکەکە دەستپێكرده‌وه‌، دوژمنایەتی بەرامبەر ئێمە گەورە کرد و دەستیکرد بە دەستپێکردن هێرشی زەمینی لە جەرابلوس، پاشان عەفرین و لە سەرێکانیی و گرێ سپییه‌وه‌، ئێمە په‌كه‌كه‌ نین، ئێمە هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیمان لەگەڵ په‌كه‌كه‌دا نییە، ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە".

کۆبانێ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "نزیکەی 12 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سوریادا تێپەڕیوە، ئێمە ماوەیەکە لە هەوڵی بنیاتنانی سیستەمێکی فرەیی دیموکراتیی حوکمڕانین لێرە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ عەرەب، مەسیحی، گروپە نەتەوەیی و دانپێدانەرە جیاوازەکان بە ئامانجی دامەزراندنی مۆدێلێک بۆ وڵاتەکەمان، بۆ سووریا، من کوردێکی سووریام، داهاتووی من لێرە لەم وڵاتەیە، پەکەکە بەڕاستی یارمەتیدەر بوو لە شەڕی دژی داعش بە دڵنیاییەوە، بەڵام ئەمڕۆ په‌كه‌كه‌ هیچ ڕۆڵێکی لە ئیدارەی ئێمەدا نییە، ئێمە وەک تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، لقێکی پەکەکە نین، ئێمە جیاین".

مەزڵوم کۆبانێ وتیشی، "بەڵێ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردەی پەکەکە بۆ ئێمە لە ڕۆژئاڤا و بۆ کورد لە شوێنەکانی دیکە هێمایە، به‌ڵام ئێمە لە خەمی سووریا و داهاتووی هەموو گەلانی سووریاداین، ئێمە نامانەوێت تێکەڵاو بین".

په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌باره‌ی هێرشی توركیا، مەزڵوم کۆبانێ ده‌ڵێت، "ئیدارەی ئەمریکا بە ڕوونی نیشانیدا کە دژی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیایە لە سوریا، بەڵام وەک دەبینرێت توركیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی دژی ئێمە، ئەمەش لە بەرامبەردا ئەوە دەردەخات کە هەوڵەکانی ئەمریکا لە كه‌مبونه‌وه‌دان، بۆیە پێویستە هه‌وڵه‌كان زیاتر بکرێن".

روونیشی كرده‌وه‌، "پێویستە هەمو لایەنەکان تێبینی بکەن، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر ئێمە بە هەمو هێزمانەوە شەڕ دەکەین، ئێمە بڕیارمانداوە تا کۆتایی بەرەنگاری ببینەوە، ئەمە وەک جارەکانی تر نابێت، وەک عەفرین، وەک سه‌رێ کانی نابێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی دەوڵەتی ئیسلامی ڕادەگیرێت".

په‌یوه‌ست به‌ هه‌وڵه‌كانی ڕووسیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سووریا، فه‌رمانده‌ی گشتی شه‌ڕڤانان ده‌ڵێت: "ڕووسیا هەوڵ دەدات کێشەکانی ئێستا لە سووریا چارەسەر بکات بە هێنانی تورکیا و ڕژێمی سووریا و كۆبوونه‌وه‌یان لە دەوری یەک مێز، بەڵام باوەڕم بەوە نییە کە ئەم جۆرە هەوڵانە سەرکەوتوو بن، ڕژێمی سووریا هەرگیز سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە تورکیا هەموو سەربازەکانی لە خاکی سووریا بکشێنێتەوە و تورکیا پشتیوانی خۆی لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە بکشێنێتەوە، بە هەمان شێوە باوەڕم بەوە نییە کە ڕژێمی سووریا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا بێت بۆ چەسپاندنی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵات، نە ئامڕازی ئەوەی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، نە بارودۆخەکان لەبارن بۆ هیچ پلانێکی لەو جۆرە".

News Code 7582

Your Comment

You are replying to: .
captcha