شاندێکی باڵای پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات و لەسەر بابەتە کێشەلەسەرەکان بەتایبەت دۆخی ئەمنیی ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق گفتوگۆ بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەدایە، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراق بكات و ئەجێندای سەردانی شاندی پێشمەرگەش، پرسی بوودجە و مووچەی پێشمەرگە و بریندارەكانی شەڕی داعشە، ھەروەھا یەكێكی دیكە لە تەوەری دانووستانەكان، جووڵەی چەكدارانی داعشە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "لە ھەندێ ناوچەی ھێڵی تەماسی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەداخەوە دەستی داعشی پێگەیشتووە و دەمانەوێ ھەماھەنگی ھەبێت بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی ھەواڵگری لەبارەی چالاكییەكانی داعشەوە".

لیوا بابەكر ئاماژەشی دا: "شاندی وەزارەتی پێشمەرگە دوای كۆتایی ھاتنی پشووی جەژن بڕیارە سەردانەكە ئەنجام بدات، ھەرچەندە كاتەكە دیاری نەكراوە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین لە هەفتەی داھاتوودا سەردانەكە ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستێكی باڵای وەزارەت ھەر لە سەرۆكایەتیی ئەركانەوە بگرە تا ئەو ئاستەی پێویستە، بەشدار دەبن".

پەیوەست بە خەرج كردنی مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە و گلدانەوەی حەوت مووچەی پێشمەرگە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد روونی كردەوە: "یەكێک لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەی ھەردوو وەزارەت، پرسی مووچەی پێشمەرگەیە، چوونكە تا ئێستا خەرج نەكراوە و پێویستە دیراسەتی ئەو بابەتە بكرێت و ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بەپێی یاسا خەرج بكرێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75767

Your Comment

You are replying to: .
captcha