په‌رله‌مان و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان پیرۆزباییی جه‌ژنی قوربان ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان له‌ چه‌ندین په‌یامدا پیرۆزباییی جه‌ژنی قوربانیان له‌ موسڵمانان کرد.

کوردپرێس:

سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان و به‌رپرسانی هه‌رێم له‌وان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکرات، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌ت په‌یامگه‌لێکی پیرۆزبایییان به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربان بڵاو کرده‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان به ‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانان كرد و ڕای‌گه‌یاند: "به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ موسڵمانانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی عێراق و جیهان به‌گشتی ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ حاجیانی كوردستان ده‌كه‌ین و له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین عیباده‌ت و ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌جی ئه‌مساڵیان قبووڵ بكات. به ‌ئومێدی ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته ‌مایه‌ی خێر و خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ هه‌موو لایێک و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ پێشكه‌وتن و ئارامی و خۆشگوزه‌رانی به‌رده‌وام بێت.

له‌ په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستاندا هاتووه‌: "هه‌رێمه‌كه‌مان ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و برایه‌تی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی هه‌یه‌ و هیوادارین جه‌ژن ببێته‌ فاكته‌رێک بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ پیرۆزه‌. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزباییێكی گه‌رم له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس و ته‌واوی كارمه‌ندانی ناوخۆ و ته‌ندروستی و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ڕۆژانی جه‌ژندا دوور له‌ خانه‌واده ‌و كه‌س و كاریان له‌ خزمه‌ت ئاسووده‌یی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییاندان."

هه‌روه‌ها مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵکی کوردستان و عێراق و موسڵمانانی جیهان کرد و ڕای‌گه‌یاند: "پیرۆزبایی له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌كه‌م كه‌ به‌ خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاته‌كه‌مان پارێزراوه‌. پیرۆزبایی له‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشیش له‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس ده‌كه‌م كه‌ ماندوونه‌ناسانه‌ ئه‌ركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیانیان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. جه‌ژنتان پیرۆز و هیوای شادی و به‌خته‌وه‌ریتان بۆ ده‌خوازم."

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به ‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانان كرد و گوتی: "به‌بۆنه‌ى هاتنى جه‌ژنى پیرۆزى قوربانه‌وه ‌پیرۆزباییێكى گه‌رم له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان‌، له‌ حاجییان و زیاره‌تكارانى ماڵى خوا و ته‌واوى موسڵمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م و هیوادارم جه‌ژن بۆ ھه‌موو لایێک مایه‌ی خێر و خۆشی بێت."

له‌ په‌یامه‌که‌ی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه‌: "گه‌لى كوردستان له‌ هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وییه‌كان، هه‌میشه‌ جه‌ژن و یاده‌كانیان كردووه‌ته بۆنه‌یێک بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیان، لێبورده‌یى، ته‌بایى و نیشاندانى تابلۆى جوانى ئه‌و كولتوور و به‌ها به‌رزانه‌ى كوردستان. هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ و جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتووش ببنه‌ مایه‌ى قووڵكردنه‌وه و پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ و به‌ها مرۆییه‌كان و هانده‌رێک بۆ پته‌وكردنى زیاترى یه‌كڕیزى و پێكه‌وه‌كاركردن له‌پێناو داهاتوویێكى باشتردا بۆ هه‌مووان. داواکارم ھه‌مووان ھاوکار بن له‌ پێڕه‌وکردنی ڕێنماییه‌کانی ھاتوچۆ و پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تیی ھاووڵاتییان و گه‌شتیارانی میوان و ژینگه‌ و سروشتی کوردستان. ھیوای جه‌ژنێکی خۆش و پشوویێی ئارام بۆ ھه‌مووان ده‌خوازم."

مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی جێژنی قوربانه‌وه‌ په‌یامێکی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و گوتی: "به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌ پیرۆزباییێکی گه‌رم له‌ موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان ده‌که‌م به‌تایبه‌تیش جه‌ژنی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان پیرۆز ده‌که‌م. له‌م ساته‌ پیرۆزانه‌دا ئومێده‌وارین هه‌موو گرژی و ئاڵۆزییه‌کان له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌ رێگه‌ی گفتوگۆ و به‌ شێوه‌یێی ئاشتییانه‌ کۆتایی پێ بێن و ئاشتی و ئارامی سه‌قامگیر ببێت. هیوادارین به‌ یه‌کریزی و ته‌بایی، هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ بتوانین ھاوکار بین له‌پێناو خزمه‌تکردنی زیاتری گه‌ل و گه‌شه‌سه‌ندنی وڵات.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "پیرۆزبایی جه‌ژنی قوربان له‌ هه‌موو لایێک ده‌كه‌م، به‌ هیوام حاجیان به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی خۆشی و شادییه‌كانی جه‌ژن به‌ سه‌ر هه‌مووانه‌وه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت به‌ تایبه‌ت گه‌لی كوردستان و ئه‌م جه‌ژنه‌ی بۆ ببێته‌ ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ له‌ ئارامی و چاكسازی و ئاشته‌وایی."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75642

Your Comment

You are replying to: .
captcha