چوار حزبی ئێزیدی ده‌بنه‌ هاوپه‌یمان و ئیداره‌یێکی نوێ بۆ شنگال پێکده‌هێنن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- چوار حزبی سیاسی له‌ قه‌زای شنگال هاوپه‌یمانێتییێكیان ڕاگه‌یاند و له‌ پێشه‌نگی كاره‌كانیاندا هه‌وڵی پێكهێنانی ئیداره‌یێكی نوێ و هێزی یه‌كگرتووی سه‌ربازی ده‌ده‌ن و دواتریش لیستی هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو دروست ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 8ی ئابی 2019 چوار حزبی ئێزدی بریتی له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئێزیدی له‌پێناو چاكسازی و پێشكه‌وتن به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌جی كندور سه‌مۆ، پارتی ئێزیدی دیموكراتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر شه‌شۆ، پارتی پێشكه‌وتنی ئێزیدی به ‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌عید بتوش، پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عومه‌ر ساڵح ئیبراهیم دوای چه‌ندین مانگ گفتوگۆ و دانووستان هاوپه‌یمانێتییێكیان له‌ شنگال به‌ ناوی "هاوپه‌یمانیی ئێزیدی" ڕاگه‌یاند دوای واژۆی ڕێككه‌وتنێكی چه‌ند خاڵی.

حه‌یده‌ر شه‌شۆ سه‌رۆكی پارتی ئێزیدی دیموكراتی و یه‌کێک له‌و حزبانه‌ی به‌شداری له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ (كه‌ركووک ناو)ی وت: "ماوه‌یێكی زۆره‌ سه‌رقاڵی دروست كردنی هاوپه‌یمانییێکی به‌هێزین و هه‌موومان هیوامان ده‌خواست ڕۆژێک بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن... ئه‌مڕۆ چوار حزبی سه‌ره‌كی له‌شنگال هاوپه‌یمانیی ئێزیدیمان ڕاگه‌یاند که‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ له‌ سێ خاڵدا كار ده‌كات، یه‌كه‌میان دروست كردنی ئیداره‌یێكی نوێیه‌ بۆ قه‌زای شنگال و ناحیه‌ی قه‌حتانییه‌."

حه‌یده‌ر شه‌شۆ باسی له‌وه‌ کرد که‌ خاڵێكی‌تری هاوپه‌یمانیی ئه‌و چوار حزبه پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازییه‌ كه‌ سه‌دا 50ی له‌و سه‌ربازانه‌ پێكدێت و ئێستا به‌رگری له‌ شنگال ده‌كه‌ن و نیوه‌ی دیكه‌ی هێزه‌كه‌ش بۆ هاووڵاتییانی‌تری قه‌زاكه‌یه‌.

سه‌رۆكی پارتی ئێزیدی دیموكراتی ده‌ڵێت: خاڵی كۆتاییی ڕێككه‌وتنی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ دروست كردنی لیستێكی هاوبه‌شه‌ بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق که‌‌ بڕیاره‌ 1ی نیسانی 2020 ئه‌نجام بدرێت و چه‌ند مانگێكه‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ست پێكردووه‌.

حه‌یده‌ر شه‌شۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان به‌ گرنگ بۆ چاره‌نووسی شنگال ده‌زانێت و پێی وایه‌ ده‌بێته‌ هه‌نگاوێک به‌ره‌و ئاوه‌دانیی ناوچه‌كه‌ و ئیداره‌یێكی به‌هێز و وتیشی: "بارودۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ زۆر خراپه‌. به ‌پێویستمان زانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ڕابگه‌یێنین تا ببێته‌ فشارێكی به‌هێز له‌سه‌ر حكوومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێم تا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

جگه‌ له‌ كێشه‌ ئه‌منی و ئیدارییه‌كان نێوخۆی پێكهاته‌ی ئایینی ئێزیدییش ناكۆكی تێكه‌وتووه‌ له‌سه‌ر پۆستی میر و له‌ ئێستادا دوو میر دانراون که‌ یه‌كێكیان له‌ لالش ڕێوره‌سمی بۆ ئه‌نجام درا و ئه‌ویتر له‌ ناوه‌ندی شنگال و به‌ره‌ی سێیه‌مش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ هیچ یه‌کێک له‌و دوو میره‌ی قبووڵ نییه‌ و داوای میرێكی بێلایه‌ن ده‌كات.

قه‌زای شنگال نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ دوو ئیداره‌ی هه‌یه‌، یه‌كێكیان له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌دایه‌ و دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا پێكهێنراوه‌ و ئه‌ویتریان كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2013وه‌ له‌كاردایه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری قه‌زاكه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن.

فه‌هد حامد قایمقامی قه‌زای شنگال (ئیداره‌ی ناوبراو له ‌نێو شاره‌كه‌دا له‌ ئه‌ركدان) به‌ (كه‌ركووک ناو)ی گوت: "ڕۆژێكی مێژوویی بوو بۆ خه‌ڵكی شنگال كاتێک ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ڕاگه‌یێنرا، ئێمه‌ به ‌هه‌موو شێوه‌یێک پشتگیرییان ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی له ‌تواناماندا بێت بۆ ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین".

شایانی باسه‌؛ ژماره‌ی ئێزیدیه‌کان له‌ عێراق 550 هه‌زار كه‌س بووه‌، 360 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ ئاواره‌ بوون ‌و زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌سیش كۆچیان كردووه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چاره‌نووسی نزیكه‌ی سێ‌ هه‌زار كه‌سیان دوای ڕفاندیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دیار نییه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری ئێزیدی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

قه‌زای شه‌نگال به ‌دووری 120 كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای مووسڵ و له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ تشرینی دووه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵ كرایه‌وه‌. دوابه‌دوای ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و ناكۆكیی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75618

Your Comment

You are replying to: .
captcha