عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئامادەم کێشەکان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەم

بەشی تورکیا- عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە لە پەیامێكیدا رایگەیاند: "بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئامادەم، بەڵام پێویستە رێكاری پێویست بۆ پڕۆسەكە بگیرێتەبەر".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس: نووسینگەی پارێزەرانی سەدە، ڕۆژی پێنجشەممە، ناوەڕۆكی پەیامێكی نوێی ئۆجەلان-یان بڵاوكردەوە كە لەمیانی سەردانەكەی دوێنێی پارێزەراندا بۆ دورگەی ئیمرالی ناردویەتی؛ لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان جەخت دەکاتەوە: دەتوانێت لە ماوەی یە‌ک هەفتەدا شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا رابگرێت ئەگەر توركیاش ئامادەبێت و ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.

لە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلاندا هاتووە: "نیگەرانم لەو پێشهاتانەی كە بەهۆی سووربوون بەدرێژەدانی سیاسەتی جەنگ و دروست كردنی كەشوهەوای پێكدادان سەری هەڵداوە و سەرهەڵ دەدات. چل ساڵە زیانێكی زۆری مرۆیی، ئابووری و سیاسی لە ناوچەكەدا روویداوە و درێژەدان بەهەمان سیاسەت و پێداگری لێی باجی زۆر قورسی لێدەكەوێتەوە".

ئۆجەلان روونی دەكاتەوە، پاشماوەی شۆڤینیزمەكان مێژووی پڕ چەواشەكاری و دوور لە راستییان لەبارەی پەیوەندیی نێوان تورک و كورد بڵاودەكردەوە، بەڵام ئێستا هەوڵێک هەیە مێژووی راستەقینەی پەیوەندیی برایەتی و دۆستایەتی تورک و كورد لە دژی هەوڵی شۆڤینیزمەكان دەربخەن. ئەو هەوڵە كاردەكات بۆئەوەی بەشێوەیێكی گونجاو پێگەی كورد بپارێزێت و كرانەوەیەكی گونجاویان لە بەردەمدا بكاتەوە، بەوەش كورد پێویستی بە پاڵپشتیی هیچ وڵاتێكی دیكە نابێت. بەڵام ئایا كورد مافی دەبێت؟ لەكاتێكدا 40 ساڵە كورد هەوڵدەدات ژیانێكی ئازاد، شایستە و كۆمەڵگەیەكی ئازاد پێكبهێنێت".

سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، ئاماژە بەوەش دەكات: "ماوەی بیست ساڵە هەوڵی بێ وەچان دەدەم بۆ ئاشتی و چارەسەریی دیموكراسی پرسی كورد. سەرباری گۆشەگیرییەكانیش بەردەوامیش دەبم لە هەوڵەكانم. كار دەكەم بۆ ئەوەی كورد پێگەی خۆی هەبێت. وەرن پێكەوە كێشەی كورد چارەسەر بكەین. با هەفتەیێک پێكدادان و ئۆپەراسیۆنەكان رابگیرێت. تەنانەت بیركردنەوە لە پێكدادانیش وەلابنێن. من چارەی دەكەم. باوەڕ و متمانەم بەخۆم هەیە، ئامادەم بۆ چارەسەریی. بەڵام دەبێت دەوڵەت و هزری دەوڵەتیش رێكارەكان بگرێتەبەر".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75608

Your Comment

You are replying to: .
captcha