کوردپرێس: بەمەبەستی پیرۆزبایی و پەرەدان بەپەیوەندییەکانیان سهعات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمرۆ ٧/٨/٢٠١٩، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی كرد لە نهسڕوڵا زارع رەشنودی کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و وهفدی یاوەری.
لە دیدارێکدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێرای بەخێرهێنان و دهربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بهسهردانهكهى بۆ پهرلهمانی كوردستان، جەختی لەسهر پتهوتركردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
لای خۆیەوە کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر پیرۆزبایی لە رێواز فایق کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆکی نوێی پەرلەمانی کوردستان و جەختی لەسهر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە لەسەر ئاستی ئابووری و کلتووری و فەرهەنگییەوە.
نهسڕوڵا زارع رەشنودی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند هەروەک لە رابردوو کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بووە و لە رۆژە ناخۆشەکاندا پشت و پەنای خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە، لەئێستا و داهاتووشدا هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ دەبن.
کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات ئامادەیی ئێرانیشی دەربڕی بۆ هاوكاری كردنی ههرێمی كوردستان بۆ دووبارە ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون و زەمینەسازیشیان کردووە بۆ ئەو خوێندکارانەی كه دەخوازن لە وڵاتی ئێران درێژە بەخوێندن بدەن.
هەر لەدیدارەکەدا كونسوڵی كۆمارى ئیسلامیی ئێران له ههولێر بانگهێشتنامهیێكی فهرمیی ئاراستهی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران کرد بۆ سەردانیکردنی پەرلەمانی ئێران.
لای خۆیهوه سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانى کرد بۆ ئەو سەردانەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان و بانگهێشتنامهكهیان و رایگەیاند لەدەرفەتێکدا بەخۆشحاڵییەوە ئەو سەردانە ئەنجام دەدەین، هاوکات سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد كهههمیشه لە رۆژە ناخۆشەکاندا پشتیوانى و هاوكاریی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان کردووە و جەختیشی لەسەر پەرهدانى زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
سەرچاوە: میدیای فەرمیی یەکێتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment